ئەڵمانیا دەیەویت ئەرووپا بەرتیلی زیاتربداتە تورکیا

وەزیری کاروباری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست سیهۆفەرکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران لەگەڵ شاندێکی یەکێتی ئەوروپا چووە ئەنکارا، چرای سەوزی هەڵکرد بۆئەوەی هاوکاری مادی زیاتر بدرێتە ئەردۆغان.

ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە تورکیاوە دەچنە یۆنان بەم دواییانە زیاتر بوون، ئەوەش یەکێتی ئەوروپا بە گشتی و ئەڵمانیای بەتایبەتی نیگەران کردووە. لەچوارچێوەی ئەو پەیمانەی لەبارە پەنابەرانی ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ دەسەڵاتی ئەردۆغان کراوە، ئەو پەنابەرانەی داواکارییەکانیان لە یۆنان ڕەت کراوەتەوە، دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا. بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، شاندێک بە پێشەنگایەتی وەزیری کاروباری ناوخۆی ئەڵمانیا سەردانی ئەنقەرە و ئەسینا دەکات.

شاندەکە لە سەردانی بۆئەنکارا لەگەڵ سلێمان سۆیلو، وەزیری کاروباری ناوخۆی تورکیا دانیشتن. دوای کۆبونەوەکەیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەیانکرد. سۆیلو بانگەشەی ئەوەی کر کە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا گەیشتونەتە ڕێککەوتنێک و وتی: "چاوەڕوانی ئەوەین ئەوروپا بە هەمان شێوە هەڵسوکەوت بکات." سۆیلو بە شێوەیەکی ئاشکرا وتی ئەوان بۆ 'ناوچەی ئارام' کە ئەردۆغان کاری لەسەر دەکات و دەیەویت پاکتاوی ئتنیکی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات، داوای هاوکاری دەکەن.

سیهۆفەری وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، بە هیچ شێوەیەک باسی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گوشارەکانی تورکیای نەکرد و بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش پەسنی ڕژێمی ئەردۆغانیشی دا.

سیهۆفەر ڕایگەیاند، دەیانەوێت ئەو پەیمانەی پەیوەست بە پەنابەرانە لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیادا ئامادە کراوە بەهێزی بکەن و وتی: "لە هەر شوێنێک بتوانین بابەتەکە بەهێز بکەین، ئامادەین هاوکاریی بکەین." لێدوانێکی لەو شێوەیەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بەو شێوەیە لێکدرایەوە کە ئەوروپا ئامادەیە یارمەتی مادی بداتە ڕژێمی ئەردۆغان لەبەرانبەر هێشتنەوەی کۆچبەران لە تورکیا.

تورکیا بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا، ٦ ملیار یۆرۆی وەکو هاوکاری لە یەکێتی ئەوروپا وەرگرتووە. ڕژێمی ئەنقەرەش دەیەوێت دوو ملیار یۆرۆی دیکە لە یەکێتی ئەوروپا وەرگرێت. لەبەر ئەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەو پارەیە بەپێی بودجەی وڵاتانی ئەندام دابەش دەکات، زۆربەی بودجەی یەکێتی ئەوروپا لە لایەن ئەڵمانیاوە دابین دەکرێت.

جگە لە هاوکاری بۆ 'ناوچەی ئارام' و هاوکاریی مادی، پێدەچێت بەرپرسانی تورک داوا لە وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بکەن بۆ ئەوەی گوشار بخرێتە سەر کوردانی ئەڵمانیا و ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی کە تورکیا دەیەوێت ڕادەستیان بکرێتەوە. سیهۆفەر و شاندەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی تورک مەولود چاویشئۆغڵوو کۆدەبنەوە و دواتردەچنە ئەسینا.

ک-ش