ئەڵمانیا: هەوڵ دەدەین رێگری لە هێرشی تورکیا بکەین بۆ سەر باکووری سوریا

میکائیل رۆت راوێژکاری وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا لە پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیا لە وەڵامى پارتى چەپ دا رایگەیاند، هەوڵ دەدەن رێگری لە لە هێرشی تورکیا بکەن بۆ سەر باکووری سوریا.

لە دانیشتنى پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیادا بەرێوەبەرانى حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا، بە سەرۆکایەتیى ئەنگێلا مێرکل لەبارەى بابەتە جۆراجۆرەکانەوە وەڵامى پرسیاری پەرلەمانتارەکانیان دایەوە. هایکە هێنزەل پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا بابەتى هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکی لە دژی رۆژئاواى کوردستان و باکووری سوریا کردە رۆژەڤی دانیشتنەکە.

هێنزەل پرسیاری ئەوەیکرد "حکومەتى فیدراڵ بۆ پێشگرتن لە هێرشی تورکیا بۆ سەر سوریا، کە هێرشەکە بە ماناى پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکانە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستپێشخەرییە سیاسییەکاندا چی دەکات؟ میکائیل رۆت راوێژکاری وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا وەڵامى پرسیارەکەى دایەوە.

"تورکیا دەبێت بۆ ئامانجە مرۆییەکان لە سوریادا بێت"

رۆت رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە لە دژی هێرشێکى نوێى سوپاى تورکیاین بۆ سەر باکووری سوریا و بۆ ئەوەش لەگەڵ حکومەتى ئەنقەرە و هاوبەشەکانى تردا لە چاوپێکەوتنداین، چونکە دەبێت تەنها تورکیا بۆ هاوکاریى مرۆیى لە سوریادا بێت".

پەرلەمانتاری چەپ هایک هێنزەل وەڵامەکەى رۆتی بە لاواز لێکدایەوە و جارێکیتر مافی قسەکردنى وەرگرتەوە و رایگەیاند، ئەڵمانیا بۆ ماوەى ٢ ساڵ بووەتە ئەندامى ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرسیاری ئەوەیکرد "بەپێى ئەوە داگیرکەری لە عەفرین لە دژی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە؟".

میخائیل رۆت راوێژکاری وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا وەڵامێکى روونی بەو بەرپرسیارە نەدایەوە و رایگەیاند، لە کاتى داگیرکردنى عەفریندا بەڕێوەبەریى بەرلین راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە دژی ئۆپەراسیۆنى سەربازین".

پەرلەمانتاری هێنزەل پرسیاری ئەوەیکرد "مادام ئێوە لە دژی هێرشێکى نوێن، بۆ فرۆشتنى چەک بۆ تورکیا راناگرن؟"، بەڵام رۆت وەڵامى ئەو پرسیارەى نەدایەوە.

ر.م