ئەڵمانیا یەک لە سەر یەک سازش بۆ ڕژێمی ئەردۆغان دەکات

حکومەتی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی ئەنگێلا مێرکل دەیەوێت پەیوەندییەکی نەرم لەگەڵ ڕژێمی ئەردۆغاندا دروست بکات. لەو چوارچێوەیەشدا، هەم هۆشداریی لەسەر گەشت بۆ تورکیا نەرم کرد و هەم دڵنیایى داوەتە کۆمپانیا سەرمایەگوزارەکانى ئەڵمانیا لە تورکیا.

ساڵی ۲۰۱۷ لە نێوان بەرلین و ئەنقەرەدا بە ساڵی 'بەرپەرچدانەوەی یەکتر' چووە ناو مێژووەوە. دەوڵەتی ئەڵمانیا میتینگی ئاکەپەی لە وڵاتەکەی قەدەغە دەکرد و ئەردۆغانیش لە بەرامبەردا هاووڵاتییانی ئەڵمانی لە تورکیا بە بارمتە دەگرت. پاش ئەوەی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و هاولاتی ئەڵمانی پێتەر شتیودنەر دەستگیر کرا، چیتر ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنەی هاووڵاتییانی ئەڵمانی لەلایەن مایەی پەسەندکردن نەبوو.

بەرپرسانی بەرلین، پاش دەستگیرکردنی شتیودنەر لە ٢٠ى تەمووزی ٢٠١٧دا لە دژی ڕژێمی ئەنقەرە زنجیرە بڕیارێکیان دەرکرد. لەسەرەوەی ئەو زنجیرە بڕیارانەدا 'هۆشداریی لەبارەی گەشتکردن بۆ تورکیا' و 'سنووردارکردنی دڵنیایى سەرمایەگوزاریى کۆمپانیا وەبەرهێنەکانى ئەڵمانیا لە تورکیا' هاتبوون.

بەڵام سەیر ئەوەیە هاوکات لەگەڵ رۆژی دووەم ساڵی ئەو بڕیارە ئابوورییانەدا ئەو بڕیارانە هەڵوەشێنرانەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا یەکەم ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی بڵاویکردەوە، کە زۆربەی بڕیارە ئابوورییەکانى سەر تورکیاى هەڵوەشاندووەتەوە.

حکومەتی مێرکل لە تورکیا، ئەوە نابینێت، کە بە هەڵگرتنی باری نائاسایی ڕژێمی یەک دەستیی لە تورکیا دروستبووە و لەبەرامبەردا، بۆ نەرمکردنەوەی پەیوەندییەکانى هۆشداری لەبارەی گەشتکردن بۆ تورکیای بەستووەتەوە بە هەڵگرتنی باری نائاسایی و ئیتر ئەو هۆشدارییەى لابردووە، بەڵام هێشتاش لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا هۆشیاری لە بارەی گەشتەوە دراوە و تێیدا هاتووە "لە تورکیا، هێشتا مەترسیى دەستگیرکردن زۆرە".

وەزارەتی ئابووری ئاماژەی بەوە نەکردووە کە داخۆ بۆچی ئەو بڕیارانەی خۆی گۆڕیوە

ڕژێمی ئەردۆغان لەناو قەیرانی ئابووریدا ماوەتەوە و لەلایەن وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیاوە پشتیوانی دەکرێت. بە گوێرەی هەواڵێک کە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی فاز دا بڵاوکراوەتەوە، سنووردارکردنی پێدانى قەرز و سەرمایەگوزاری بۆ کۆمپانیایەک بە ناوی هەرمەس کە بۆى دانرابوو هەڵگیران و دڵنیایى بۆ پێدانى قەرز و سەرمایەگوزارى پێدراوە.

ساڵی ۲۰۱۷ ڕژێمی ئەردۆغان لە قەیرانی ئابووریدا بوو. رێژەى سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنان لەلایەن ئەڵمانیاوە تاوەکو سنووری ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن یورۆ سنووردارکرابوو، بەڵام ئاشکرا بوو ساڵی پار پێبەندى بەو بڕیارەوە نەماوە و بڕى سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنانى ئەڵمانیا لە تورکیا گەیشتوە ملیارێک و ٥٧٠ ملیۆن یورۆ، بەڵام وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیا هۆکاری ئەو هەڵگرتنەی بڕیاری سنوردارکردنەی باس نەکردووە کە بۆچی سەرلەنوێ ئەو بڕیارەیان هەڵگرتووە.

پشتیوانی ڕژێمی ئەردۆغان، لەناو هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەڵمانیادا کاردانەوە و هەڵوێستى لێکەوتووەتەوە. پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانی ئەلێکساندەر نەو، لەسەر ئەو دوو بڕیارە، وتی "ئەوە ئابڕووچوونە. سەرەڕای ئەوەی کە بارودۆخی تورکیا لە هیچ ڕوویەکەوە باش نەبووە، دەرکردنی ئەو دوو بڕیارە جێگای نیگەرانییە".

بڕیارەکانی سنووردارکردنی ئابووری و گەشتکردن بۆ تورکیا، کە وڵاتی ئەڵمانیا، پێش ساڵێک بەسەر ڕژێمی ئەردۆغان دا دەری کردبوون، خۆی لە خۆیدا جێبەجێ نەکران. حکومەتی ئەڵمانیا بە سەرکردایەتیی مێرکل لە بەرامبەر ئەنقەرەدا لەبەر چاوی کامێرا و میدیاکانەوە دەمەوەریى دەکرد، بەڵام لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بێ ئەوەی هیچ شتێک بگۆڕێت، پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی لەگەڵ تورکیادا بەردەوامیی پێدا.

ر.م