حەسکێف لە ڕۆژەڤی میدیاکانی نەرویج و دانمارکدایە

تاڵانکردنی حەسکێف، کەوتە ڕۆژەڤی میدیاکانی وڵاتانی نەرویج و دانمارکەوە.

لەگەڵ ناڕەزایی خەڵکی ناوچەکە، حزبە سیاسییەکان و چالاکوانانی ژینگەپارێز، حەسکێف لەبەردەم تاڵانکردن دایە. لە حەسکێف بەم دواییانە چەند گۆڕێک دەرهێنران. دوای ئەوەی ئاو لە بەنداوی لسووی کۆ بوەوە، ئەو شارە دێرینە بە تەواوی ژێر ئاو دەکەوێت.

میدیاکانی نەرویج و دانمارک، قۆناغەکانی نقومبوونی حەسکێف-یان لەژێر سەردێڕی "تێکۆشانی سەخت"، "دوایین چانس بۆ بینینی شاری دێرین" و "تورکیا شاری کوردان نقوم دەکات " گەیاندویەتە ڕای گشتی.

یەکێک لە ڕۆژنامە ڕۆژانەکانی نەرویج بەناوی 'ABC Nyheter' لەبارەی گرنگی حەسکێف بۆ میراتی کەلتوری جیهان وتارێکی بڵاو کردەوە.

رۆژنامەوان 'Sverre Bjorstad Graff' ڕایگەیاند، حەسکێف یەکێکە لە کۆنترین شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە جیهاندا و کەوتوەتە کەنار ڕووباری دجلە کە لانکەی شارستانیەتێکە ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر بونیاد نراوە.

'حەسکێف بە تەواوی تاڵان دەکرێت'

ڕاگەیاندرا کە ئەو شارە دێرینەی پێشتر بوەتە ماڵی بێزەنتینی، عەرەب، عوسمانی و چەندین شارستانیەت و کەلتوری جیاواز، خاوەن چەندین ئەشکەوت، دێر، منارە و گۆڕی مێژووییە.

ئاماژە بەوەش کراوە، حەسکێف تا ئێستا نەتوانروە بپارێزرێت، دوای ئەوەی ئاو لە بەنداوی لسوی کۆ ببێتەوە، بە تەواوی تاڵان دەبێت.

 

لەبەشی وتاردا وتارەکانی 'The Guardian'، 'Deutsche Welle'، 'National Geographic' بڵاو کراونەتەوە و وەکو سەرچاوە ئاماژەیان پێدراون و ڕەخنە لە دەوڵەتی تورک گیراوە کە ئەو شارە مێژووییە لەناو دەبات.

لە وتارەکەدا تێکۆشانی گەلی ناوچەکە، چالاکوانانی ژینگەپارێز و هەدەپە بۆ ڕزگارکردنی حەسکێف وەبیر هێنرایەوە.

لە وتارەکەدا بە پشتبەستن بە سەرچاوەی'The Guardian' ڕاگەیاندرا، دەوڵەتی تورک هەتا ٨ی تشرینی ١ی٢٠١٩/ ١٦ی ڕەزبەر مۆڵەتی داوەتە خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەی شوێنەکانیان بەجێبهێڵن، لەو کاتە بەدواوە ناهێڵن هیچ کەسێک سەردانی ئەو شارە مێژووییە بکات.

ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نەرویج: تێکۆشانی سەخت بۆ ڕزگارکردنی حەسکێف

رادیۆ و تەلەفزیۆنی نەرویج هەواڵی لەناوبردنی حەسکێفی لەژێر سەردێڕ "تێکۆشانی سەخت" بڵاو کردەوە.

رۆژنامەوان 'Gunnar Bratthammer' چاودێرییەکانی لە حەسکێف ڕاگەیاند.

لە هەواڵەکەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نەرویجدا باس لەوە کراوە، ئەو شوێنە دێرینانەی کە لەژێر ئاودا دەمێننەوە، تەنیا ٥ شوێنیان کنە و پشکنینیان بۆ کراوە.

لە هەواڵەکەدا ئەوە بیر هێنراوەتەوە، ئەو بەنداوەی دروست دەکرێت، تەنیا ٢% پێویستی وزەی تورکیا دابین دەکات، ساڵانە ٤١٢ ملیۆن دۆلاری لێ بەرهەم دێت و وتراوە، "بە گشتی ٨٥ گوند ژێر ئاو دەکەون و نزیکەی ٥٥ هەزار کەس نا     چار دەبن ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێ بهێڵن و کۆچ بکەن. جگە لەوەش ١١٤ تاشەبەرد و شاخ ژێر ئاو دەکەون. ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان ڕایدەگەیەنن کە بەنداوی لسووی زیان بە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس دەگەیەنێت".

رادیۆ و تەلەفزیۆنی نەرویج ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە حەسکێف لە ٨ی تشرینی ١ بە تەواو دەکەوێتە ژێر ئاوی بەنداوی لسووی.

ئامانجەکانی ئەنقەرە لە پشت ئەو بەنداوە

دامەزاروە میدیاییەکانی دانمارک گلۆبالنێت و نفۆرماتۆن-یش تاڵانکردنی حەسکێفیان کردە ڕۆژەڤ.

لە هەواڵەکەدا ئەوەش ڕاگەیاندراوە کە ١٩٠ گوندی دەوروبەری ڕووباری دیجلە ژێر ئاو دەکەون.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەنقەرە لەو ڕێگەیەوە هەم گوشار بۆ سەر کورد دەهێنێت کە ناوچەکە چۆڵ بکەن، هەم ئەو ئاوە کەم دەکاتەوە کە بەرەو عێراق دەچێت.

لە هەواڵەکەدا ئەوەش ڕاگەیاندراوە کە کۆردیناسیۆنی پاراستنی حەسکێف بە پشتیوانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ڕزگارکردنی حەسکێف تێکۆشانی خۆی بەهێزتر کردووە.

ک-ش