بارودۆخى نائاسایى لە زیندانەکانی تورکیا بەردەوامە

پارێزەر سەزەن تەکین وتەبێژى ئۆهەپە و یوکسەل گۆزدە هاووتەبێژى تواد رایانگەیاند، بارودۆخى نائاسای لە زیندانەکانى تورکیادا بەردەوامە. سەرنجیشیان خستە سەر ئەو گوشار و ئەشکەنجانەى بەرامبەر بە زیندانیان ئەنجام دەدرێن.

سیاسەتەکانى شەڕ لە کوردستان و تورکیا زۆرترین کاریگەری لەسەر زیندانەکان دروست دەکات. دواى قۆناغی بە ناو 'هەوڵی کودەتا'، کە ١٥ى تەمووزی ٢٠١٦ / ٢٥ى پووشپەڕ، بارى نائاسایى راگەیاندرا. حکومەتى ئاکەپە ئەو کاتە رایگەیاندبوو 'رەنگە ٣ مانگێک بەردەوام نەبێت'، بەڵام ٧ جار باری نائاسایى درێژکرایەوە و ٧٣٠ بەردەوام بوو. باری نائاسایى لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاوە راگەیاندرا و هەڵگرتنی باری نائاسایشیش وەک بەڵێنێکى کاتى بانگەشەى هەڵبژاردن، هەر لەلایەن ئەردۆغانەوە راگەیاندرا و چەند رۆژ لەوە پێش بە شێوەیەکى فەرمی هەڵگیرا.

بارى نائاسایى لەسەر کاغەز لابراوە، بەڵام بە کردەوە لە دژى سۆسیالیستەکان، کوردان، رەنجدەران و بندەستان درێژەى هەیە. ئەوەش ناڕەزایەتیى لێکەوتووەتەوە. ئەوانەی بەهۆی بارى نائاسایى زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دروستبوو زیندانییەکان بوون.

سەزەن تەکین وتەبێژى مافەکانى ئازاد (ئۆهەپە - OHP) و یوکسەل گۆزدە هاووتەبێژى دەستپیشخەریى هاوکاریکردنى بنەماڵەى زیندانیان (تواد - TUAD) بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) باسیان گوشارەکان و ئەشکەنجەى سەر زیندانیان و بارودۆخى زیندانیان کرد.

تەکین وتى، نابێت ئیتر لە زیندانەکاندا دەنگ و دیمەنی زیندانییەکان تۆمار بکرێت. مافى قسەکردن بە تەلەفون لە ٢ هەفتەوە بکرێت بە هەفتەیەک. جگە لەوانەش زۆر کردەوەی بەدەر لە مرۆڤایەتى بەرامبەر زیندانیان لە ناوچەى مارمارای تورکیا ئەنجام دەدریت.

تەکین وتیشی، مافى وەرگرتنی کتێبیش بۆ زیندانییەکان سنووردار کراوە. لە دوای قسەکردن بە تەلەفون، بە زۆر لە زیندانییەکە دەپرسنەوە و دەبێت ئەوە بە پاسەوان و بەرپرسانى زیندان بڵێت، کە لە تەلەفونەکەدا باسی چیى کردووە. بەهۆی زۆرى ژمارەی زیندانیان و ئەوانەى زیندانیکردنەکەیان یەکلایى بووەتەوە، قاوشەکان لە ئاستى خۆیان زیندانیى زیاتریان تیادایە و ئەوەش لەم هاوینەدا چەندین کێشەى گەورەی بۆ زیندانییەکان دروستکردووە.

"ئێمە خێرا پێشێلکارییەکان دەستنیشانى دەکەین و رادەستى وەزارەتى دادى دەکەین"

تەکین وتى "بارى نائاسایى نەماوە، بەڵام بڕیار و کردەوەکانى بارى نائاسایى کراون بە یاسا و بەردەوامییان هەیە. بۆیە ئێمە وەک دەستە و سەکۆى مافەکانى مرۆڤ خێرا پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکان دەستنیشان دەکەین و دەیانکەینە راپۆرت و ئەو پێشێلکارییانە رادەستى وەزارەتى داد دەکەین".

تەکین ئەوەشى وت "هاوکات لەگەڵ تۆمارکردنى پێشێلکارییەکان و تۆمارکردنى سکاڵا لە دژى ئەو پێشێلکارییانە، دەبێت راى گشتیش ئاگاداری دۆخەکە بێت. بۆیە دەبێت ئەو پێشێلکارییانە بڵاوبکرێنەوە و زیاتر سەردانى رێکخراوەکانى کۆمەڵی شارستانى بکەین. هەر بنەماڵەیەک کەى بیستیان، کە مافى زیندانییەکان پێشێل دەکرێت، دەبێت بە خێرایى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) و دەستە و پلاتفۆرمەکەى ئێمەش ئاگادار بکەنەوە".

"پشکنین بە روتکراوەیی و سەرژمێریکردن بەشێوەى سەربازى بەردەوامە"

پارێزەر تەکین رایگەیاند، سەربارى ئەوەى بارى نائاسایى هەڵگیراوە، بەڵام گۆڕانکارییەکى بەرچاو رووینەداوە. راشیگەیاند "لە کاتى دەستگیرکردندا لە زیندان، کەسە دەستگیرکراوەکان رووت دەکەنەوە و بە رووتکراەیەوەى پشکنینى بۆ ئەنجام دەدەن. لە هەندێک زیندانیشدا سەرژمێریکردنى زیندانیان بە شێوەى سەربازی بەسەر زیندانیکراوەکاندا دەسەپێنرێت. سەربارى ئەوەش بنەماڵەکان لە کاتى سەرداندا بە توندوتیژانە پشکنینیان بۆ دەکرێت و هەندێکجاریش رێگرى لە بینیان دەکەن و لە شوێنى پشکنین دەریان دەکەن. هەندێک هەڤاڵ ماوەى ساڵێکە نە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراو و نە دادگایى کراون و سەربارى ئەوەش هەر لە زینداندا راگیراون".

هاوکات یوکسەل گۆزدە هاووتەبێژى تواد رایگەیاند، هەوڵ دەدەن زیندانییەکان "لە رێگەى سزادانەوە پەروەردە" بکەن و چەندین ساڵە ئەو سیاسەتە لە دژى زیندانییە سیاسییەکان بەرێوەدەبەن.

"دەبێت ئاگادارى زیندانییەکان بین"

گۆزدە دەستنیشانیکرد، دەوڵەت بە کردارەکانى دژ بە مافەکانی مرۆڤ هیچ ئەنجامێکى بە دەستنەهێناوە. سەرنجیشى خستە سەر،  گۆشەگیریى قورس لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد و راشیگەیاند "لە بارودۆخە قورسەکەى ئیمرالیدا، ١٩ ساڵە گۆشەگیرییەکى قورس سەپێنراوە و ٣ ساڵیشە ئەشکەنجەیەک بەڕێوەدەچێت. ئەو کار و کردەوانەش نە کارى مرۆڤانەن و نەکارى یاسایین و هەمویان بەدەرن لە هەموو پێوەرەکانى مافەکانى مرۆڤ".

 وتیشی "لە دژى ئەوەش بەرخۆدانێکى راستەقینە لە گۆڕێدایە، بەڵام ئەوانەى لە دەرەوەن، واتە نابێت راى گشتى بێدەنگ بێت. پێوستە سەرنجمان لەسەر زیندانییەکان بێت و ئاگاداریان بین. دەبێت بێدەنگى هەڵنەبژێردێت و بێدەنگى قبوڵ نەکرێت. ئەوانەى خاوەنى ویژدانن دەبێت بێدەنگ نەبن".

ر.م