بارینتۆس: پێویستە خاوەنداری لە چاپ و بڵاوکراوەی میزۆپۆتامیا بکەین

سیمون بارینتۆس پەرلەمانتاری ئەڵمانیا داوای پشتگیری بۆ سێ چاپخانە لە ئەڵمانیا، سویسرا و نەمسا کرد. لە کەمپینێک دا داوا دەکرێت کتێبەکانی چاپ و بڵاوکراوەی میزۆپۆتامیا، کە قەدەغەکرابوون چاپ بکرێنەوە.

بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ دوو ناوەندی گرنگی کوردان لە ئەڵمانیا (چاپ و بڵاوکراوەی میزۆپۆتامیا و میر موزیک ) لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٩/ ٢٣ی ڕێبەندان بە شێوەیەکی فەرمی داخران. پۆلیسی ئەڵمانیا چەندین جار دەستی بە سەر چەندین تۆن کتێبی کوردی و منداڵان و مێژووییدا گرت.

لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی ئونراست – ڤارلەگ و لە نەمسا ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی مانەلبوان ڤارلەگ و لە سویسراش ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی ئەدیتێشن لە ٨ی ئابەوە دەستیان بە کەمپینێک بۆ پشتگیری لە ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی میزۆپۆتامیا کردووە. بە ئەو پارەیەی کە لە چوارچێوەی کەمپینەکەدا و لە ئەنجامی فرۆشتنی کتێبدا کۆدەکرێتەوە بە ناوی " ئەدیتێشن میزۆپۆتامیا" بۆ چاپکردنەوەى هەندێک لەو کتێبانە بەکاردەهێنرێت، کە لە لایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەرداگیرابوو.

لە ئەڵمانیا، نەمسا و سویسرا، کە بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن کتێب دۆستان پێشوازییان لە کەمپینەکە کرد.  مانێلبوون ئەندامێکی کەمپینەکە ڕایگەیاند، ئەو پارەیەی لە چاپکردنی کتێبەکان دەمێنێتەوە لە دۆزی قەدەغەی ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی میزۆپۆتامیادا خەرج دەکرێت.

'ڕێز لە کلتوری کوردان بگرن'

داوا دەکرێت، ئەو کتێبانەی لە چوارچێوەی کەمپینەکەدا چاپ دەکرێن لە پێشانگای کتێبی نێودەوڵەتی لە ٢٦ی تشرینی یەکەم / ٤ی گەڵاڕێزان نمایش بکرێن. سیمون بارینتۆس پەرلەمانتاری پارتی چەپ و گوتەبێژی کلتوری ئەو پارتە پشتگیری لە کەمپینەکە دەکات.  بارینتۆس لە سۆشیاڵ میدیادا داوای پشتگیری لە کەمپینەکە کرد  و داوای کرد ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی میزۆپۆتامیا بە تەنها نەمێنێتەوە.

بارینتۆس ڕایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە سەر نزیکەی ٥٠ ئامێری ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی میزۆپۆتامیادا گرتووە. پێویستە حکومەتی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی ئەنگێلا مێرکڵ رێز لە کلتوری کوردان بگرێت.هەروەها وتی، " نابێت تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و کلتورەکەی لەیەک جیابکرێنەوە" و باسی لەو کتێبانە کرد کە لەو چوارچێوەیەدا چاپکراون.

'کلتوری کوردی پارچەیەک لە ئەڵمانیایە'

بۆرینتۆس پەرلەمانتاری پارتی چەپ ئاماژەی بەوەشدا، کلتور و موزیکی کوردی پارچەیەک لە ئەڵمانیایە و بەرپرسیاریی سیاسی ئێمە ئەوەیە ئەو کلتورە بپارێزین، کە مرۆڤەکان سوودی لێدەبینن. حکومەتی ئەڵمانیا بە کردەوەکانی بەرپرسیاریەتییەکانی لەبیردەکات و لە هەمان کاتدا ئازادیی چاپ و بڵاوکردنەوە و ڕای ئازاد کە پێوانەی دەستووری بنەڕەتین پێشێل دەکات.

بۆرینتۆس دەڵێت، "لەو جیگەیەی حکومەت دەستی بە قەدەغەکردن کرد، رێکخراوەکانی مەدەنی لە رووی کلتوریەوە دەستیان بە خەبات کردووە."

ئەو کەسانەی دەیانەوێت پشتگیری لە کەمپینەکە بکەن دەتوانن لە رێگەى ئەم ناونیشانەوە پشتیوانى لە کەمپینەکە بکەن:

Verein z. Förderung kurdischer Kultur e.V. i.Gr.
IBAN: DE78 4306 0967 1011 1214 00
Verwendungszweck: Edition Mezopotamya

ژ.ت