بارەگای تەڤگەری ئازادیی بە فەرمی لەخانەقین کرایەوە

دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی شاری خانەقین و پارێزگاری دیالە، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکی گشتی و ئەندامان ولایەنگرانی بەفەرمی بارەگای خۆی لە خانەقین کردەوە.

ئەمڕۆ بارەگای تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری خانەقین-ی سەربە پارێزگای دیالە، لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی بنەماڵەی شەهیدان، محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادیی و ژمارەیەك لە ئەندامانیان کرایەوە.

كەنعان حاتەم بەرپرسی ڕێكخستنەكانی تەڤگەری ئازادیی لە خانەقین، ڕایگەیاند، بە فەرمی بارەگای تەڤگەری ئازادیی كرایەوە، بۆئەوەش سەرجەم ڕێكارە یاساییەكانمان ئەنجامداوە وهیوادارین كردنەوەی ئەم بارەگایە بە پێی خواست و گرنگی خانەقین بێت و بتوانین لە ڕێگای ئەم بارەگایەوە خزمەتی خانەقین بكەین.

محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆكی گشتی تەڤگەری ئازادی بەئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پیرۆرزبایی لە خەڵكی خانەقەین و كادر و ئەندامانی تەڤگەری ئازاد دەكەم، كردنەوەی بارەگای تەڤگەری ئازادی لە خانەقین دەستپێكردنی ئەو تێكۆشانەیە كە لەسەرهێڵی نەتەوەی دیموكرات و پشتبەستووە بە هزرو بیری ڕێبەر ئۆجالان، كە دوێنی بیست ساڵ تێپەری بەسەرڕفاندنیدا.

هەروەها د. ڕابیعە عەباس ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی باسی لەوە کرد کە ئێمە لە پێناو كۆمەڵگا تێدەكۆشین و لەناو گەلەکەمانداین، هیوادارم خەڵكی خانەقین لە دەوری تەڤگەری ئازادیی كۆببێتەوە و پێكەوە كاربكەین لە پێناو ڕزگاركردنی خانەقین و كوردستان لەم نەهامەتییە.

ک-ش