بانگەوازی سەربازوپۆلیسە بەدیلگیراوەکانی سوپای تورکیا

ئەو پۆلیس و سەربازانەی کە لەلایەن پەکەکەوە بە دیلگیراون داوا لە دەوڵەتی تورکیا و پارتە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دەکەن کە بکەونە هەڵدانەوە.

حکومەتی تورکیا کە بۆ ئەندامانی میت، پۆلیس و سەربازە بەدیلگیراوەکان هیچ شتێک ناکات، بە بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکانی هەڕەشە لە ژیانی ئەوانیش دەکات. ٩ پۆلیس و سەربازی بەدیلگیراو دەیانەوێت بۆ کۆتایهێنان بە دیلگرتنیان هەوڵ بدرێت.

سەرۆکی جێکاری ئەتنیکی لە دەرەوەی وڵات 'میت' ئەرهان پەکچەتین و بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانی میت ئایدن گونەل لە ٤ی ئاب/١٤ی خەرمانان-ی ساڵی ٢٠١٧ لە شارۆچکەی دوکان-ی سەر بە پارێزگەی سلێمانیی، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بەدیل گیران. جگە لەوان ٩ سەرباز و پۆلیسی تورکیا، دیلی دەستی پەکەکەن. ئەو سەرباز و پۆلیسە بەدیلگیراوانە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوان و جەخت لەوە دەکەنەوە کە شەڕچارەسەر نیە، باس لەوەش دەکەن کە دەوڵەتی تورکیا ئەوان بە نەبوو دەبینێت و مەترسی لەسەر ژیانی ئەوان دروست دەکات.

کەس خاوەنداریی لە ئێمە ناکات

سەدات سۆرگون: من خەڵکی ئەرزڕۆمم. لە زیندانی تیپا فا لە شاری وان سەرباز بووم. کاتێک کە لە ڕێگادا بووم بەرەو بەتالیۆن، لە ١٣ئاب/٢٣ی خەرمانان لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە کە کۆنترۆڵی ئەو ڕێگایەیان لەدەستدایە، بەدیل گیرام. نزیکەی سێ ساڵە لێرەم، باری تەندروستیم باشە. کێشەیەکم نیە. بەڵام تا ئێستا کەس لە ئێمەی نەپرسیوەتەوە. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، حکومەت و سوپا تا ئێستا هەواڵێ ئێمەیان نەپرسیوە. هیچ کەسێک خاوەنداریمان لێ ناکات.

٢٤ی حوزەیرانض٣ی پووشپەڕ  لە تورکیا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. ژمارەیەکی زۆر پاڵێوراو بۆ سەرۆک کۆماری و پەرلەمان کار دەکەن. ئەگەرچی ماوەکەی کەمە، بەڵام ئێمە بە ڕادیۆ گوێ لە وتاری ئەو پاڵێوراوانە دەگرین. هەموو شت بەیەکتر دەڵێن، بەڵام ئێمە وەک ئەوەی کە هەر نەبین، کەس نامانخاتە ڕۆژەڤی خۆیەوە.

داخۆ تا ئێستا چی کێشەیەک بە چەک چارەسەر بووە، هەتا کێشەی کورد بە چەک چارەسەر ببێت. بە بڕوای من ئەگەر هەردوو لا بگەنە بڕیار، کێشەکان ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابن.

ئێمە لە قۆناغی هەڵبژاردن داین، ئەگەر ئێوە ئەم دیمەنانەی ئێمە بگەیەننە حکومەت، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و پاڵێوراوە نوێیەکانی پەرلەمان، ئەگەری هەیە کە هەندێکیان ڕاپەڕن و لێمان بپرسنەوە. ئێمە دەمانەوێت ئێوە خاوەنداریمان لێ بکەن.

دەبێت حزبە سیاسیەکان بکەونە هەوڵدانەوە

ئومێد غجر: خەڵکی بالیقەسیرم. ڕۆژی ٢١ی ئەیلوول/١یڕەزبەری ساڵی ٢٠١٦ لە شوێنێکی نێوان جولەمێرگ- چەلێ کە لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدایە، بەدیلگیرام. لە جەندرمەی ناوچەی چەلێ کارم دەکرد. هەمووی دوو مانگ نەدەبوو کە لەوێ کارم دەکرد، تازە هاتبوومە چەلێ.

ئێمە دەمانەوێت شتێکمان بۆ بکرێت. ئێمە لە چاوەڕوانیداین کە سیاسیەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپرسانی دەوڵەت، پاش دوو ساڵ ئیدی شتێکمان بۆ بکەن. چیتر شتێک نیە کە ئێمە بیکەین.

لایەنە سیاسیەکان، ئۆپۆزسیۆن، کێ دەبێت با ببێت، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، ئێمە هیوامان بە هەموویان دەبەخشین کە بکەونە هەوڵەوە. لە حکومەت، لە جەهەپە، لە هەدەپە و هەر کەس و لایەنێکی تر کە ناویم نەهێنابێت، ئێمە داوا دەکەین کە شتێکمان بۆ بکەن.

داوا لە خێزانەکانیشمان دەکەین کە شتێکمان بۆ بکەن. با ئەوان دڵنیا بن لەوەی کە دۆخی ئێمە باشە.

ئێمە لە چاوەڕوانی هاوکاریی هەموو کەسێکداین

سەمیح ئۆزبەی: من خەڵکی مەلەتی-م. ڕۆژی ١٧ی ئەیلوول/٢٧ی خەرمانان ساڵی ٢٠١٥ کاتێک لە ڕێگادابووم بەرەو بەتالیۆن، لە مەلەتی بەدیل گیرام. ئێمە بە هیوای هاوکاری هەموو کەسێکین. ماوەی سێ ساڵە لێرەم. نازانم داخۆ هیچ کەسێک هەوڵێک بۆ ئێمە دەدات. بەڵام تکایە چیان لەدەست دێت با بیکەن، چونکە ئێمە لە چاوەڕوانی ئەوانداین. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەرچیەک لەدەستیان دێت با بیکەن و ئێمە لەچاوەڕوانی ئەوانداین. با بۆ ئێمە تێبکۆشن.

بۆچی هیچ شتێک ناکرێت؟

عادل قاباقلی: من خەڵکی عوسمانیەم. لە ئەتیمەسگوتی ئەنقەرە سەرباز بووم. پاشان لە دەرسیم لەلایەن پەکەکەوە بە دیل گیرام. ماوەی سێ ساڵە لێرەم. هەتا ئێستا هیچ شتێک بۆ ئێمە نەکراوە. ماوەی سێ ساڵە بە بەردەوامیی گوێ لە ڕادیۆ دەگرین، بەڵام هیچ کەسێک باسی ئێمە ناکات. تەنانەت ناویشمان بڵاوناکرێتەوە. چاوەڕوانیمان لە دەوڵەتی خۆمانە.

ئێمە لە هەموو کەسێک تەنها هیوای یەک شت دەکەین. ئەوەیش ئەوەیە کە هەوڵێکمان بۆ بدەن، بەڵام کەس هیچمان بۆ ناکات. ئاکەپە، جەهەپە و هەر حزبێکی تری سیاسیی بێت، ئێمە لێرەوە بانگیان لێ دەکەین و دەپرسین 'بۆچی هیچمان بۆ ناکەن؟'.

ناویشمان بڵاوناکەنەوە

موسلیم ئەڵتینتاش: من خەڵکی ناوچەی خەلفەتی سەر بە ڕوحام. ڕۆژی ٥ی ئاب/١٥ خەرمانان ساڵی ٢٠١٥ سەرقاڵی ئەرکی سەربازیی خۆم بووم. ڕۆژی ٢ی تەشرینی یەکەم/١٢ی خەزەلوەر  ساڵی ٢٠١٥ لە دەرسیم بە دیل گیرام و هەتا ئێستا کە ٣ی حوزەیرانە، لەدەستی پەکەکەدام. بانگەوازی بەرپرسانی حکومەت و دەوڵەت دەکەم کە هەوڵێکمان بۆ بدەن. ئێمە لە چاوەڕوانی ئەوانداین کە هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ خێزانەکانیشمان، شتێک بکرێت.

ئەوەندە پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار هەن، بەڵام ناتوانن شتێک بۆ ئێمە بکەن، یان نایانەوێت شتێکمان بۆ بکەن. کەمال کلیچدارئۆغلو ڕێپێوانی دادپەروەریی کرد، داخۆ بۆ ئێمە ناتوانێت شتێک بکات؟ با حکومەتیش چیتر شتێک بۆ ئێمە بکات. داخۆ ئەوان ئێمەیان لە مافی هاوڵاتیبوون بێ بەش کردووە؟ لە هیچ شوێنێک ناوی ئێمە ناهێننە سەر زمانیان.

ئێمە هیچ شتێکمان لە هیچ کەسێك نەبیستووە

مەولود قاوەچی: من خەڵکی ئەسکی شێرم. ڕۆژی ٢١ی ئەیلوول/١ی ڕەزبەر ساڵی ٢٠١٦، کاتێک کە بۆ تۆمارکردنی ئەزموون لە چەلێ-وە بەرەو جولەمێرگ لە ڕێگادا بووم، بە دیل گیرام. نزیکەی دوو ساڵە لێرەم. ئێمە هیچ هەوڵێکمان نەبینی و دەنگێکیش نەبوو کە گوێمان لێی بێت. کاتی هەڵبژاردنە، ئۆپۆزسیۆن چی پارتی وەتەن بێت، چی مەهەپە بێت یان لە دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپە، بۆ ئێمە هیچ شتێکیان نەوتووە.

ئێمە دەبێت چی بکەین؟

سەدات یابالاک: من خەڵکی مێرسینم. کارمەندی پۆلیسم لە ڕوحا. ڕۆژی ٢٨ی تەمووز/٨ی گەلاویژ-ی ساڵی ٢٠١٥ کاتێک لە ئەرزڕۆمەوە بەرەو ڕوحا لە ڕێگادابووم، لەڕێگای نێوان ئامەد- لیجە بە دیل گیرام. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا دیلی ژێر دەستی پەکەکەم.

لێرەوە بانگ لە بەرپرسانی دەوڵەت دەکەم، با چیتر بۆ ئێمە شتێک بکەن. تا ئێستا نەمانبیستووە کە بۆ ئێمە شتێکیان کردبێت. داخۆ دەبێت ئێمە فەرماندارێکی پلەدار، قائیمقام، والی، یان زۆر دەوڵەمەند بین، ئینجا شتێکمان بۆ دەکەن؟. باشە ئێمە ئێستا چی بکەین؟ ئێمە لێرە چین؟ داخۆ ئێمە سەرباز، پۆلیس و کارمەندی دەوڵەت نین؟.

با ئێمە بە نەدیتوو تەماشا نەکەن

سولەیمان سونگور: من خەڵکی سێرتم. لە چەولیگ سەرباز بووم. لەسەر ڕێگای ئامەد- لیجە لەکۆنترۆڵی پەکەکەدا بەدیل گیرام. ماوەی سێ ساڵە دیلی ژێر دەستی پەکەکەم. ئاگام لە دایک، باوک و هیچ کەسێک نیە، ئێمە لە جەهەپە، مەهەپە، ئاکەپە، هەدەپە و هەموو حزبە سیاسیەکان هیوای شتێکمان هەیە. گەلێک جەژن دەربازبوون و ئێمەش ئاگامان لە دایک و باوکمان نیە. با ئێمە بە نەدیتوو تەماشا نەکرێین، ئێمە لە چاوەڕوانیی ئەوانداین. ماوەی ٤٠ ساڵە شەڕ بەردەوامە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەخستووە. تاکە ئەنجام مردنی مرۆڤەکانە. ئێمەش ئاشتیمان دەوێت. با مرۆڤ نەکوژرێن. ئێمە دەمانەوێت بە دیداری خێزان و بنەمالەکانمان شاد بینەوە.

بۆچی دەوڵەت ئێمەی ناوێت؟

حوسێن ساری: من خەڵکی مەرەشم، لە ناوچەی ساریقامیش-ی سەر بە قەرس دەوامم دەکرد. سەربازی پسپۆڕم، ڕۆژی ١٣ی ئاب/٢١ی خەرمانان ساڵی ٢٠١٥ لە کاتێکدا کە لە ساریقامیشەوە بەرەو مەرەش دەهاتم، بەدیل گیرام. ئەوە ماوەی سێ ساڵە بە فەرمیی هاوسەرگیرییم کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نەمگواستبوویەوە، ئەوە سێ ساڵە لەیەک جوداین. نازانم دەبێت ئێستا دۆخی خێزانەکەم و هاوسەرەکەم چۆن بێت. ماوەی سێ ساڵە خاوەندارییان لێ نەکردووین. ئێمە ئێستا لەناو مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨داین، ماوەیەکی زۆر دوور ودرێژ بەسەریدا ڕۆشتووە، بەڵام نازانین شتێکیان بۆ ئێمە کردووە یان نا.

لە قۆناغی هەڵبژاردنداین و ئێمە نازانین هیچ ڕوودەدات. ئێمە نازانین داخۆ ئێمە ئازاد دەکرێین یان نا؟ ئێمە تا ئێستا نەمانبیستووە کە حزبێکی سیاسیی داوای ئازادکردنی ئێمەی کردبێت. لە جەژنی ڕەمەزان نزیک بووینەتەوە، ئەمە دەبێتە شەشەم جەژن کە ئێمە دوور لە خێزانەکانمان دەیکەین. جەژنی ڕەمەزان لە خێزانەکەم پیرۆز دەکەم و بەهیوان کە بەدیداری یەکتر شاد بینەوە.

ک-ش