بایک: شۆڕشی ڕۆژئاوا بنکەی یەکێتی نەتەوەیی دروست کردووە

بایک: بۆ هەموومان ئاشکرایە ئەو بەرخۆدانەی گەلەکەمان لە ڕۆژاوا، زەمینەیەک زۆر مەزنمان پێشکەش دەکات، بۆ ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی خۆمان بونیاد بنێین. ئەو کارە شکۆدارەش بێگومان دەکەوێتە ئەستۆی ئەندام و بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە-KNK).

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە- KCK) پەیامێکی بۆ ١٩یەمین کۆنگرەی 'کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە- KNK)' نارد.

پەیامەکەی بایک لە لایەن ئەحمەد ئاکتاش، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

پەیامی هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

"کۆنگرەکەتان لە قۆناغێکی سەختی مێژوویی کوردستان و گرنگدا بەڕێوەدەبەن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوشەڕێکی لە شێوەی شەڕی جیهانی یەکەمدا دەژیت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوسەنگی نوێ و لە سەرهاوسەنگی ستاتۆی نوێ دروست دەکرێن. هەموو هێزە سیاسییەکانی جیهانیی و هەرێمی، بۆ ئەوەی ئەو شەڕە ببنەوە، هەموو دەرفەتەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. بۆ ئەوەش، لە سەرەتادا هەوڵەکانیان بۆ دۆستایەتیکردن بەهێزتر دەکەن. ئەو ڕاستییە، کوردیش ناچار دەکات پێش هەموو شتێک یەکێتی نێو ماڵی خۆی دروست بکات. هەتا هێزە سیاسییەکانی کورد، لەنێوان خۆیاندا پەیوەندییەکانی خۆیان ڕێک نەخەن و یەکێتی نەتەوەیی دروست نەکەن، پەیوەندی و دۆستایەتیان لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەش هیچ متمانەیەک نابەخشێت. کاتێک کورد بوونە یەک، لەلایەن هەموو هێزەکانەوە باوەڕ و جدیەتییەکەی زیاتر دەبێت. بێگومای ئێوە ئەندامانی کەنەکە، هۆشیاری ئەو ڕاستییەتان هەیە. بەڵام لەبەر چاوانە، کە لەو هەلومەرجە قورسەی شەڕ لە ڕۆژهەتی ناوەڕاستدا، چەندە پێویست بە یەکێتی کورد هەیە و چەندیش گرنگە؟

ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باسی هەبوونی شەڕی جیهانی سێیەم دەکەین. لەو شەڕەدا، لەم هەرێمەدا هاوسەنگی و ستاتۆی نوێ دروست دەکرێن. ئەوەش بەو واتایەیە گەلی کورد، لەو شەڕەدا قوربانی قورس دەدات. ئەگەر ئێمە، بەهێزەوە لەسەر پێیەکانی خۆمان نەوەستین، بە ڕاستی و کاریگەر تێنەکۆشین، ئەو دەرفەت و هەلە باشەمان لەدەست دەچێت، لەوانەیە دەستکەوتەکانی خۆشمان لەدەست بدەین. بەڵام پێویستە بزانین، کورد ئیتر بەرگەی  ژێرکەوتن و شکستی نەماوە. لەدەستدان ژێرکەوتن، واتای ئەوەیە ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی گەورە دەبینەوە. بۆیە پێویستە هەموو گەلی کورد؛ هێزە سیاسییەکان، هونەرمەند، نووسەر، ڕۆشنبیر ..هتد. هەمووان بە بەرپرسیارییەوە پێشوازی لەو قۆناغە بکەن. دوژمنانی کورد هاوڕا و سوورن لەسەر قڕکردنی نەتەوەیی کورد، ئەوەش نیشانەی ئەوەی کە پێویستە چۆن پێشوازی لەو قۆناغە بکرێت.

لەوانەیە لە جیهان، تەنیا گەلی کورد ماوە ڕووبەڕووی جنۆسایدی نەتەوەیی بێتەوە. لەوانەیە لەو جەنگە جیهانییەدا، نەیارانی کورد، بیانەوێت بە هێزی سیاسی، سەربازی، ئابووری، دبلۆماسی و جیۆپۆلەتیکی خۆیانەوە کۆتایی بەو سیاسەتەیان بهێنن بۆ جینۆسایدی نەتەوەیی کورد. خۆی دەوڵەتی تورک، ئەو سیاسەتەی خۆی بۆ قڕکردنی نەتەوەیی هەم دەپارێزێت و هەمیش لە پراکتیکدا جێبەجێی دەکات. هەرچەندە هەموو دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، هەمان سیاسەتی جینۆسایدیش بەڕێوەدەبەن، بەڵام ئەو هەڵوێستە قورسەی دەوڵەتی تورک، زیاتر جەسارەتیان پێدەدات. بەڵی دەستووری عێراق هەبوون و ستاتۆی کوردی قەبوڵ کردووە. بەڵام ئەگەر لە پارچەکانی دیکەی کوردستان تیکۆشانی ئازادی و دیموکراسی سەرنەکەوێت، دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانیش ئاسایشی نییە، هەمیشە مەترسی لەسەر دەبێت. هەرچەندە هەر پارچەیەکیش تایبەتمەندی جیاوازی خۆیشی هەبێت، بەڵام هەموویان لە بنەڕەتەوە یەک چارەنووسیان هەیە. مەترسی بەرچاو چوارپارچە بوونە و ئەو پارچەبوونەش لەگەڵ خۆیدا کاتێک پرسی کورد دەکەوێتە ڕۆژەڤەوە، بەپەلە هەرچوار دەوڵەتی داگیرکەر دۆستایەتی خۆیان بەهێز دەکەن. بۆیە ئەو هێزەی سیاسییە کوردەی بەو ناوەڕۆکەی یەکێتی نەتەوەییەوە لە پرسەکە نەڕوانێت، بە واتای ئەوەیە لە هەڵەیەکی گەورە دایە. ناتوانین لە ڕاستیی هەڵبێین. پێویستە بەپێی پێویستییەکانی ڕاستی ڕەفتار بکەین، لەبەرئەوەی داهاتووە ئازاد و دیموکراتییەکەمان بەو بیروباوەڕەوە بەستراوەتەوە.

مێژووی تێکۆشانمان بۆ ئازادی سەدەی بیست وبیستویەکەمدا ئەوەی بۆ سەلماندین هەتا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە دیموکراتی جێبەجێ نەبێت، ئاسایشی ژیانی ئازاد و دیموکراتی کورد ناتوانێت مسۆگەر بێت. بۆیە تێکۆشانی ئازادیی کورد، ناتوانێت لە تێکۆشانی دیموکراتیزەکردنی یەک بە یەکی دەوڵەتان بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جیاواز تاوتوێ بکرێت. بەهۆی ئەوەی سیاسەت و داگیرکەری دژی کورد بەڕێوەدەبرێت، وەکو هەر نەتەوەیەکی ئاسایی دیکە نییە، جیاوازە. هەوڵدانی قڕکردنی نەتەوەیی لە سەر کورد بەڕێوەدەچێت. هەتا ئەو سیاسەتەی جینۆساید نەشکێندرێت، لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا ناتوانرێت ئاسایشی نەتەوەیی بە تەواوی پێک بێت. هەڵبەتە دەبێت هەموو بزووتنەوەی کورد، خاوەن ناوەڕۆکێکی دیموکراتی و دیموکراسی بن. خۆی لە بەرنامەی هەموو هێزە سیاسییەکانی کورداندا، ئەو ئامانجە نیشان دەدرێت. هەروەها زۆر گرنگە ئێمە تێکۆشانی ئەو دیموکراتیزەکردن و دیموکراسییە بە تەنیا لەلای خۆیان سنووردار نەهێڵنەوە. گەلانی دراوسێ و گەلانی هەرێمەکە بکەینە هاوبەشی ئەو تێکۆشانەی دیموکراتیزەکردنە. هەڵبەتە دەبێت، لەگەڵ هەموو دامەزراوە دیموکراسییەکانی جیهان لە پەیوەندی دابین و ئەوانیش بکەینە سەرچاوەکانی تێکۆشانەکانمان بۆ هێزوەرگرتن. هەتاکو لە بەهێزکردنی دیموکراتیزەکردندا هێزی قڕکەر و داگیرکەرانی دوژمنانی کورد، لەگۆڕێ هەڵنەگیرێن، کۆتایی بە قڕکردنی نەتەوەیی کورد نایەت. ئێمە لەو باوەڕەداین و زۆر گرنگە ئەو بزووتنەوە سیاسیەی کوردان، ئەو باوەڕە، بکەنە لقێکی هۆشیاری ستراتیژی سیاسەتی خۆیان بۆ ئازادی.

ئەمڕۆ بە ئاشکرا دیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوانەی خاوەن پتەوترین هێز و زهنیەت و کەلتوری دیموکراسین، کوردن. دەزانرێت لەم هەرێمەدا ئەوەی لە هەموویان زیاتر زوڵمی لێ کراوە، دیسان هەر کوردن. هەروەها لەبەر ئەوەی گرنگییەکی تایبەت دراوە بە ئازادی ژن، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەهێزکردنی هۆشیاری دیموکراسیدا کورد ڕۆڵێکی باشی گێڕاوە. لەبەرئەوەش یەکخستنی هۆشیاریی دیموکراسی بەهێزی کورد، کورد دەتوانێت هەم لەبواری کۆمەڵایەتیدا و هەم لەبواری سیاسیشدا پێشەنگایەتی بۆ دیموکراتیزەکردن بکەن. هەروەها دەتوانن ئەو تایبەتمەندە جوانەیان، لەناو بزاوە سیاسییەکایشدا بخەنەگەڕ و بۆ ڕێوشوێن و ڕێککەوتنی نەتەوەییش ڕۆلیکی شکۆدار بگێڕن و ببنە بەهێزترین گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو دەرفەت و هەلە هاتوەتە گۆڕێ. بەڵام بەداخەوە لەناو هێزە سیاسییە کوردییەکاندا، پەیوەندیی دیموکرات و پلاتفۆرمێکی بەو شێوەیە بەهێز وەدەست نەهاتووە، بۆیە ئەو پۆتانسیەلە باشە نەگەیشتووە ئەو ڕۆلە رەوایەی خۆی. بۆیە دەبێت خوڵقاندنی پەیوەندییە دیموکراتییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی کورد بە پەلە جێبەجێ ببێت، ئەوە کارێکی سەرەکی و یەکەمی بەردەممانە.

٤ پارچەبوونی کوردستان، نەک تەنیا هێزی کوردی پارچەپارچە کردووە، بەڵکو هێزی دوژمنیشی ٤ بۆ ١٦ هێندە زیاتر کردووە. ئەوەش، پێویستیی یەکێتی نەتەوەیی چەندین هێندە فەرزتر دەکات لەسەرمان و جارێکی دیکە دیاریی دەکات. ڕای گشتی کورد، لە ئاستێکی بەرزدا بوەتە خاوەن هۆشیاریی نەتەوەیی. هەروەها لەناو گەلی کوردیشدا ئەو داوایەی یەکێتی نەتەوەیی و هۆشیاری دیموکراسی بەرز بوەتەوە. زەمینەی یەکگرتنی یەکێتی نەتەوەیی، لایەنگری زۆر بووە و بەهێز بووە. بەڵام بەداخەوە ئەو هەست و داوایە، لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا هاوتەریبی ئەو زەمینە و داوایەی کۆمەڵگەی کوردی بەرەو پێشەوە ناچێت.

هەڤاڵ و ئەندامانی هێژا!

لەو سەردەمەی ئێمەدا، دوو جار لەسەر دوو ڕووداو، بۆ پێکهاتنی یەکێتی نەتەوەیی زەمینەی بەهێز ڕەخسا، ڕووداوی یەکەم لەباشور، خوڵقاندنی ئاڵۆزییەکانی کەرکوک و گرێدراوی هێرشی سەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ بوو. ڕووداوی دووەم، هێرشی سەر شۆڕش و دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوایە.

لە هەردوو ڕووداوەکەشدا، هێرش بۆ سەر ئیرادەی سەربەخۆیی و داواکردنی ژیانێکی ئازاد و سەربەخۆی گەلی کوردستان کرا و هێرشکەری سەرەکیش هەمان دەوڵەتی تورک و ئەردۆغانە.

هێرش و دەستێوەردانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەم دواییانە، لە ٩ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا دەستپێکرد، ئێستاش بەردەوامە. بەپێی قسەکانی میدیای تورک، بە ئاشکرا جینۆسایدێکی نەتەوەیی بەڕێوەدەبرێت؛ لە ماوەی هەفتەیەکدا سەدان کەس شەهید کراون و زیاتر لە هەزار کەسیش بریندار بوون.

لەبەرانبەر ئەو جینۆسایدە، گەلەکەمان لەلایەک و بزووتنەوەی پێشەنگی خۆسەری دیموکراتیش لەلایەکی دیکەوە، بەرخۆدان و قارەمانییەتی داستانیی بەڕێوەدەبەن. مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێت بڵێت بەتایبەتی لە سەرێ کانی و گرێ سپی، بەڵێ بە گشتی ئەو خۆڕاگرییە بە ڕۆحێکی پڕ شکۆ و قارەمانیی بەڕێوەدەبرێت، گورزی گەورە لە ڕوانین و ئامانجەکانی دوژمنانی کورد دەدات و ئیرادەکەیان دەشکێنێت، هەروەها هیوا و باوەڕی گەلی کورد و دۆستەکانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی جیهان بەرز دەکاتەوە ئیرادەیان پتەوتر دەکات.

هەڤاڵانی خۆشەویست

بۆ هەموومان ئاشکرایە دەبێت ئەو بەرخۆدانەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، زەمینەیەکی زۆر مەزنمان پێدەبەخشێت، بۆ ئەوەی ئێمە یەکێتی نەتەوەیی خۆمان بونیات بنێین. ئەو کارە شکۆدارەش بێگومان دەکەوێتە ئەستۆی ئەندام و بەڕێوەبەرانی کەنەکە.

ئەگەر سەیرێکی هەرچوار پارچە و دەرەوەی وڵاتیش بکەین؛ دەبینین، لەدژی هێرشی دەوڵەتی ئەردۆغان، هەموو گەلەکەمان، هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و هەموو دۆست و گەلێکی دیموکرات، پێکەوە هەڵساون بۆ خۆپیشاندانەکان؛ جیاوازی حزب و ڕێکخراوەکانیان وەلا ناوە.

دەبینین لە پراتیکدا هەم یەکێتییەکی نەتەوەیی و هەم یەکێتییەکی نێونەتەوەیی دروست بووە. تەنیا لە یەکێتی سیاسیمان کەمە. ئەو بار و بەرپرسیارییەتیەش خراوەتە ئەستۆی ئێمە. دە فەرموون بە ئەرکەکانتان هەستن.

دۆستانی خۆشەویست

ئێوە بەناوی کەنەکە کاری و خەباتی شکۆدارتان بەڕێوەبردووە. بەڵام وەکو ئێوەش دەبینن ئیتر ئێمە کەوتینەتە قۆناغێکی تازە، بۆیە پێویستە هەنگاوی نوێ بنێین. بۆ نمونە، دەبێ بەشداری ئەندامانی کەنەکە زیاتر بێت. لەبەرئەوەی هۆشیاریی و پێویستییەکانی کۆمەڵگەکەمان گەورەتر بووە. بۆیە دەبێت لەگەڵ نوێنەرانی هێزە سیاسییەکان، نوێنەرانی کۆمەڵگە زۆر یاریدەدەر بن و بەشداری کاروباری کەنەکە ببن و ببنە ئەندام و بتوانن کاریگەری لەسەر هێزە سیاسییەکانیش زیاتر بکەن. بەو شێوەیە کاریگەری وقورسایی کەنەکەش لە زۆر لایەنەوە گەورەتر دەبێت.

لەدواییدا دەڵێم؛ ئێستاکە زەمینە بۆ یەکێتی نەتەوەیی ئەوەندە خۆش و ئامادە بووە، ئەگەر هێزە سیاسییەکانمان لەدووری یەکتر بوەستن، خەباتێکی پتەو نەکەن بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی، دەبێت ئیتر قەبوڵ نەکرێت. دەبێت ئیتر هاوار و داواکاریی لەدڵەوەی گەلەکەمان و دۆستانی گەلەکەمان، لە دڵ و مێشکی ئێمەشدا جێگیر ببێت و ئەو داواکاریی و ئەرکە بێتە کردار و بەپەلە کۆنگرەی نەتەوەیی کۆ بکەنەوە.

هیوا و باوەڕم وایە کەنەکە بەو کارە هەڵدەستێت و چالاکانە کار دەکات.

لەو باوەڕەدام لەو کۆمەڵە گشتییەدا، زۆر بابەتی جوان گفتوگۆ دەکەن، بریاری گرنگ دەدەن و پلانسازی بەهادار و باش جێبەجێ دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا سڵاو و ڕێزی خۆم پێشکەشی ئێوە دەکەم و سەرکەوتن بۆ کۆنگرە دەخوازم".