بنکەى بانگەشەکانی هەدەپە جەماوەری لێنابڕێت

بەڕێوەبەرانى هەدەپە رایانگەیاند، هاووڵاتییانى ئامەد بە جۆش و خرۆشێکى گەورەیەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ ئامادە دەکەن و بنکەکانى بانگەشەى هەدەپە بۆ ساتێکیش جەماوەری لێنابڕێت.

بەڕێوەبەرانى هەدەپە رایانگەیاند، هاووڵاتییانى ئامەد بە جۆش و خرۆشێکى گەورەیەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ ئامادە دەکەن و بنکەکانى بانگەشەى هەدەپە بۆ ساتێکیش جەماوەری لێنابڕێت.

هەدەپە لە چوارچێوەى کارەکانیدا بۆ هەڵبژاردن بە بێ وەستان، بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردن دەکاتەوە. بەڕێوەبەرانى هەدەپە لە ناوچەى یەنی شەهیری ئامەد رایانگەیاند، ئامەدییەکان بە هێز و جەماوەرێکى زۆرەوە بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنى هەدەپە دەبەن.

شەعبان تورهان ئەندامى بەڕێوەبەریى هەدەپە رایگەیاند، گەل بە جۆش و خرۆشێکى زۆرەوە بەشداری بانگەشەى هەڵبژاردن دەبن و لەو بارەیەوە وتی "گەل هەموو رۆژێک و ساتێک سەردانى بنکەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئێمە دەکات. جەماوەر دەڵێن، ئێمە بە رێژەیەکى زۆر بەرزەوە بەربەستى سەدا ١٠ تێدەپەڕێنین. بەشێوەیەکى تایبەتیش گرنگى بە پاڵێوراوبوونى سەڵاحەدین دەمیرتاش دەدەن".

تورهان راشیگەیاند، بنکەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنیان تاوەکو ١١ى شەو کراوەن، لە کاتى کردنەوەى بنکەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنەوە تاوەکو ١١ى شەو، بەبەردەوامى هاووڵاتییان دێن و سەردانى بنکەکان دەکەن. ئێمەش لەسەر کێشەکانى وڵات، لەسەر بەرنامەى هەڵبژاردنەکەمان قسە بۆ هاووڵاتییان دەکەین. هاووڵاتییەکانیشمان باس لە ئومێد و چاوەڕوانییەکانى خۆیان بەرامبەر بە هەدەپە دەکەن. تەنانەت بە بەراوردکردن بەهەڵبژاردنى ٧ى حوزەیران، جۆش و خرۆشى هاووڵاتیان و بەشداریکردنیان لە ئێستادا زیاترە".

مەحمود گەزەر بەڕێوەبەرێکى ترى هەدەپەیە و رایگەیاند "لە ناو هەموو چین و توێژەکانەوە هاووڵاتییان دێن و سەردانى بنکەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن دەکەن. گەلەکەمان تەنها سەردانمان ناکەن، بەڵکو پرسیاریش لەبارەى پێداویستیى ئێمەوە دەکەن. گەلەکەمان بە ئەرک و بەرپرسیارێتیى خۆى هەستاوە. بنکەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئێمە بۆ ساتێکیش جەماوەرى لێ نابڕێت و بە بەردەوامی جمەیان دێت لە هاووڵاتیاندا".

ر.م