خێزانی توگبا جان بەهۆی فشاره قورسەکانی دەوڵهتی تورک ناچار بوون لە گوندی «تەمران»ی ناوچەی «پاسوور»ی ئامەد بهرهو ئەدەنە کۆچ بکەن. ماوهی ٢٥ ساڵە لهوێ دهژین. توگبا منداڵی چوارەمی خێزانەکەیه و له ساڵی ١٩٩٤ لە ئەدەنە لەدایكبووه.
توگبا هەر لە تەمەنی منداڵیدا و لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی بە گەرموگوڕی خوێندوویهتی. لهبهرئهوهی حەزی لە بەشی تەندرووستی بوو، خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکرد. ساڵی ٢٠١٥ لە بەشی پەرستاریی زانکۆی «ئیبراهیم چەچەن»ی شاری ئاگری وەرگیرا. ههر لهوێ تێکەڵی خهباتی گەنجان بوو و بووە خاوەن هۆشیارییەکی سیاسی.
توگبا له كاتێكدا دەچووە زانکۆ، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە ڕێکخستن» دەستگیر کرا و سزای ٧ ساڵ و نیو زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا. سەرەتا لە زیندانی ئاگری بهند كرا دواتر دوورخرایەوە بۆ زیندانی بایبوورت.
زینەت جان دایکی توگبا كه ماوەیەکی کەم لەمەوبەر بەتەلەفۆن لەگەڵ کچەکەی قسەی کردووە گوتی، «کچەکەم پێی گوتم: من باشم - ورەم بەرزە. بێگومان گرفتمان هەیه؛ نامە و رۆژنامەمان پێ نادەن. نەک تەنیا ڕێبەرایەتی بەڵکوو ئێمەشیان گۆشەگیر کردووە. هەتا گۆشەگیرکردنی ئۆجالان کۆتایی پێ نەیەت، چالاکییەکەمان بهردهوام دهبێت چونكه مافدارین. ئێوەش ببنە دەنگی بەرخۆدانمان - بێدەنگ مهبن. ئێمه داوای ئهو ههنگاوانه له دەوڵەت ناكهین کە سەرقاڵمان بكات. با چیدی سەرقاڵمان نەکهن. هەتا گۆشەگیری کۆتایی پێ نەیەت، ئێمەش کۆتایی بە چالاکیی خۆمان ناهێنین.»
زینەت جان ئاماژهی بۆ ئهوه كرد، تا کۆتایی خاوەندارهتی لە چالاکیی کچەکەی دەکات. گوتی، «ڕۆڵەکانمان دەیانەوێت ئەو مافانەی لە دەستووردا هەن، بۆ هەموان بەیەکسانی جێبەجێ بکرێن. پێویستە دەوڵەت داواکاریی زیندانییەکان جێبەجێ بکات.»
s.m