بووڵدان: ئەگەر چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێت ئاشتی بەدی دێت
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بووڵدان ناڕازیەتیى بەرامبەر بە گۆشەگیریى ئیمراڵی نیشان دا و وتی "ئەگەر لە گەڵ ڕێبەری گەلی کورد چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت، ئەوا چارەسەری پێک دێت. "
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بووڵدان ناڕازیەتیى بەرامبەر بە گۆشەگیریى ئیمراڵی نیشان دا و وتی "ئەگەر لە گەڵ ڕێبەری گەلی کورد چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت، ئەوا چارەسەری پێک دێت. "
هاوسەرۆکی گشتیی پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) پەروین بووڵدان لە کۆبوونەوەی گرووپی پارتەکەیدا لە پەرلەمانى تورکیا گەشەسەندنەکانی ئەم هەفتەیی نرخاند و ڕایگەیاند، قەیوومەکان ڕەوانەی کۆشک بکەن و شارەوانییەکانیان لە ژێردەست دەربهێنن. بووڵدان سەرنجی خستە سەر قەیرانی تورکیا و وتی "هۆکاری قەیرانی ئابووری، گوشاری سەر ئۆجالان و سیستمی بەڕێوەبەریى تاک پیاوییە. پەرلەمان بە پەرلەمانتارێکی کەمەوە دەست بە کارەکانی دەکات. لەیلا گیوڤەن دەست بەسەرە و بە دیل گیراوە. من ئەو تێگەیشتنە شەرمەزار دەکەم و داواکارین کە بەمزوانە ئازاد بکرێت". بووڵدان جەختی خستە سەر بارودۆخی عەفرین کردەوە و ڕایگەیاند، دوای ئەوەی تورکیا کەوتە ناو عەفرین ئارامی تێکچوو.
دوای ئەوەی پەرلەمانى تورکیا لە سەردەمی نوێدا دەستى بەکار کرد یەکەمین کۆبونەوەی پارتە سیاسییەکانی تیادا ئەنجامدرا. لە هەفتەی سەرەتادا پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا. لە کۆبوونەوەی هەدەپەدا دایکانی شەممە، خەیرییە دۆغان، رەمزییە بایرام، عیرفەت مووتاش، سایمە سەبلا ئارجان تاتلاڤ، حەنیفە یەڵدز و خانم تۆسون. هەروەها رەنجدەران و و نوێنەرانی سەندیکای ‘KHK’ کە لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە لەسەر کار دەرکرابوون. کارکەر کەنعان گونگۆردو و و سینان یەردەلەن، نوێنەری سەندیکای کاری بیناسازی موورات جان چۆبان و کارکەرانی فلۆرمار ئامادە بوون. لە هۆڵەکەدا وێنەی پەرلەمانتاری هەدەپەی پارێزگای رحا ئیبراهیم ئایهان و پەرلەمانتاری هەدەپەی بەندکراو لەیلا گیوڤەن دانرابوون.
'ئایهان تێکۆشەرێکی دیموکراسی بوو'
لە کۆبونەوەی هەفتانەی ئەمڕۆ دا هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە پەروین بووڵدان، نرخاندنی هەفتەی کرد و یادی ئیبراهیم ئایهان پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بەرز راگرت، کە لە هەولێر گیانی لە دەستدابوو.
بووڵدان وتی، ئیبراهیم ئایهان تێکۆشەری دیموکراسی بوو و دەبێت درێژە پێدەری ڕێگاکەی بین. ئایهان لە گۆڕەپانی کار و خەباتى دیموکراسیدا تێکۆشانێکی گەوەرەی ئەنجام دا. بووڵدان جگە لە بەرزراگرتن و یادکردنەوەى ئایهان سەرەخۆشیشی ئاڕاستەی بنەماڵەی و هاوڕێیەکانی کرد.
'دەبێت لەیلا گیوڤەن ئازاد بکرێت'
بووڵدان لە بەردەوامیى قسەکانیدا سەرنجی راکێشایە سەر دەستبەسەرکردنی پارڵەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگ لەیلا گیوڤەن و داوای لە پەرلەمان کرد لەسەر گرتنی گیوڤەن بە هەستیارییەوە کار بکەن و بێدەنگ نەبن.
بووڵدان وتیشی، پەرلەمان بە پارڵەمانتارێکی کەمەوە دەستی بە کار و پرۆسەى یاسادانان کرد. ئەوەشی وت "بەرێز و خۆشەویست لەیلا گیوڤەن ئێستا لەناوماندا نییە. من ئەو هەڵوێستە و زێهنیەتە شەرمەزار دەکەم. دەبێت بە پەلە کۆتایی بەو بێ مافی و پێشێلکارییە بهێنرێت. دوێنی سەرۆکی پەرلەمان سەرنجی خستەسەر کەمیى ژنان لەناو پەرلەماندا، بەڵام پەرلەمانتاری ئێمەی ژن لەیلا گیوڤەن بەدیل گیراوە. لەیلا گیوڤەن نوێنەری گەلانە. شوێنی ئەو بەندیخانە نییە، بەڵکوو ناو پەرلەمانە. من لێرەوەی سڵاو خۆشەویستیی خۆم ئاڕاستەی لەیلا گیوڤەن، هەموو هاوسەرۆک شارەوانییەکان و هاوسەرۆکەکان سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، گوڵتان کشلناک و بەندکراوانی دیکە دەکەم."
بوڵدان باسی ئەوەشیکرد، هەر کاتێک کێشەکانی تورکیا قوڵدەبنەوە ئەرک و بەرپرسیارێتیی پەرلەمانیش زیاتر دەبێت. سەرباری ئەوەى زێهنییەتی یەکپەرستیش هەیە، بەڵام هەر پەرلەمان دەبێتە شوێنى گفتوگۆکردنى کێشەکان بۆ ئەوەى چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. ئێمە وەکوو گروپی هەدەپە پەرلەمان بە شێوەیەکی زۆر چالاک بەکاردەهێنین. ئێمە کورسیی پەرلەمان دەکەینە کورسیی گەل. بەشێوەیەکی چالاک پەرلەمان دەخەینەکار. ئێمە هەموو ناهەقی، نادادپەروەری، کێشەکان و پێیشێلکردنی مافەکان لە لێرە دەخەینەڕوو و باسیان لەسەر دەکەین. ئێمە بە ناوی گەل و بە نوێنەرایەتیى گەلەوە لە پێشێلکارییەکان دەپرسینەوە.
ئێمە پلانی ئاکەپەمان پوچەڵ کردەوە
بوڵدان ئەوەشى خستەڕوو، ئەوان وەکوو هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٢٤ حوزەیران دا سەرکەوتوون و ٦٧ پەرلەمانتاریان سەرکەوتنى بەدەستهێناوە. وتیشی: "ئێمە پێکەوە پلانی ئاکەپەمان بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوە لەناو برد. ئێمە رێگامان نەدا پەرلەمان رادەستی ئەوان بکەن. کۆشک پەرلەمانى بەبێ هەدەپە دەخواست، بەڵام ئێمە رێگامان بەوە نەدا. گەل رێگای نەدا. گەل وتی، دەبێت ئیرادەی ئێمە لە پەرلەماندا بوونی هەبێت. دەبێت حکومەتی ئاکەپە ئەوە باش بخوێنێتەوە. دەبێت دەرس لە ٧ی حوزەیران وەربگرێت. دەبێت لە ئەنجامی ٢٤ی حوزەیران دەرس وەربگرن. ئەگەر ئێوە پەیامی گەل بە باشی نەخوێننەوە ئەوە ئێوە چەندین هەڵبژاردنى تری هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانى ٧ و ٢٤ حوزەیران دەبینن. من لێرەوە رۆڵەکانى بنەماڵەی شەن یاشاری پرسۆس بە رێزەوە بە بیر دێنمەوە. بۆ ئەوەی کە بکوژەکانی رۆڵەکانى شەن یاشار بدۆزرێنەوە و دادگایى بکرێن، تاوەکو دواهەناسەمان بە دوامى دۆسیەکەیاندا دەڕۆین و لێرەوە ئێمە ئەو سوێندە بۆ گەلەکەمان دەخۆین.
'گەڵی کورد قەیوم قەبووڵ ناکات '
بووڵدان لەبارەى قەیومەکانەوە رایگەیاند "لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا جارێکیتر خۆیان لە دەست قەیومەکان رزگار دەکەن. حکومەتی ئاکەپە دەیهەوێت هوموو شتەکان بکات بە ناوەندێک و بیبەستێتەوە بە خۆیەوە. لە هەڵبژرادنی شارەوانییەکاندا بەهۆی ئەوەی ناتوانێت لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو بێت قەیوومان لەسەر کار دادەنێت. لە ئێستاشەوە لەو هەرێمانەی کە ئێمە تێیدا بەهێزین ئامادەکارییەکی قورس دەکات، بەڵام من دەڵێم، کورد ئێرادەی تۆ دەناسن، بەهۆی ئەوەی کە ئیرادەی گەل ناناسی قەیوومان دادەنێیت. دەبیت باش بزان کە کورد هەیە. ئێرادەی ئەوان ڕەوایە. وەکوو رۆزا لوکوسەمبورگ گوتوویەتی 'ئێمە هەبووین، هەر هەین و ئێمە هەر دەبین '. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا گەل کاندید و ئیرادەی خۆی دیاری دەکات و هەڵیدەبژێرێت. لە ئەمڕۆوە ئێـمە شەو و رۆژ کار دەکەین. ئێمە لە بەرێوەبەرایەتیی هەرێمیدا هەبوونی هێزی خۆمان زیاتر گەورە دەکەین. ئەو شارەوانیانەی کە داگیریان کردوون ئێمە جارێکی دیکە لێیاە دەستێنینەوە و قەیومەکان دەنێرینە بۆ باخچەی کۆشک. با لە باخچەی کۆشک دا قائیمقامیەتیی خۆیان بکەن. لە دەستدەرهێنانی شارەوانی لە دەستی قەیومەکان لە ئەوستۆی ئێمەیە. هەموو ئەو کەسانەی کە دیموکراسییان دەوێت بۆچی یەگرتنێک پێکنەهێنین؟ هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم رێککەوتنی هێزی ئاشتی، دیموکراسی و چآرەسەریی داوا کاریدا نییە. من داوا لە هەموو هێزە دیموکراتییەکان دەکەم کە هەڵبژاردنی ٣٠ ی ئادار بکەنە هاوشێوەى هەڵبژاردنەکانى ٧ و ٢٤ حوزەیران."
'قەیرانەی ئابووری و سیاسییەکان قوڵتر دەبنەوە'
بوڵدان لەبارەى قەیرانى ئابووریى تورکیاوە رایگەیاند: "تورکیا لەناو قەیرانی ئابووری و سیاسی دا ژیان دەکات و تاوەکوو دەچێت قەیرانەکە قوڵتر دەبێتەەوە. ئێمە دەزانین کە کاربەدەستان ناتوانن وڵات بەڕێوەببن. هۆکاری ئەو قەیرانەی کە هەر دەچێت قوڵتر دەبێتەوە بەرێوبەرێتیی پیاو ساڵاریی تاک پیاوییە. لەبەر ئەوەش دیموکراسی، ئازادی، دادپەروەری، حقوق و مافی مرۆڤ کۆتایی پێهێندراوە، چونکە فاشیزمیان کردووە بە رێکخراو و بە فاشیزم وڵاتەکە بەڕێوەدەبەن. بەرپرسیارانی قەیرانی ناوخۆ و دەرەوە بە جێگای ئەوەی بە ئاشتی و دیموکراسی کێشەکان چارەسەری بکەن، سەر لە رێبازی هەڕەشەکردن و شەڕ دەدەن. ئەردۆغان دەڵێت، "قەیران مەیران نییە" راستە ئەگەر لە روانگەى کۆشکەکەیەوە سەیری بابەتەکان بکرێت قەیران نییە، بەڵام چاو لە خەڵک بکە قەیرانێکی قوڵ هەیە. لە ژەمی خواردنى خەڵک و لە سەر سفرەى هاووڵاتییاندا قەیران هەیە. ئەگەر قەیران نەبێت بۆچی لە سەدا سەد کەلوپەلەکان گران بوون؟ هەژاری بۆچی زیاد دەکات. بۆچی کرێکار دەست بە سەر دەکرێن. خەلک باجێکی گران دەدات. کرێکارانی فڕۆکەخانەی ٣یەمین بە هۆی ئەوەی داوای مافی خۆیان کرد دەستبەسەرکران. ئێمە ڕایدەگەیەنین وەکوو هەدەپە پاڵپشتی کرێکار و کارمەندەکان دەبین. ئێمە هەموو کات پاڵپشتیان دەبین".
هۆکاری قەیرانەکان گوشەگیریى سەر ئیمراڵییە
بووڵدان ڕاشیگەیاند، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو قەیرانە گۆشەگیریى سەر ئیمراڵییە. کاتێک ئێمە چاو لە هەڵوێستەکانی دەوڵەت و کاربەدەستەکانی دەوڵەت بەرامبەر بە ئیمراڵی دەکەین ئێمە دەزانین دۆخەکە بەرەو کام لایەوە دەچێت. ٣ ساڵی رابردوو پرۆسەی چارەسەری و گفتوگۆ هەبوو. شاندی سیاسی لە گەڵ بەڕێز ئۆجالان چاوپێکەوتنیان ئەنجام دەدا. ئەو کات وڵات لە ناو ئاشتی و ئارامی دا بوو. بەرێز ئۆجالان هیچ کات لە سەر ئاشتی تەنەزوولی نەدەکرد. بۆ دیموکراتیک بوونی تورکیا تێدەکۆشی. پێشەنگایەتیی تێکۆشانی دیموکراسییانەی دەکرد، بەڵام ئاکەپە پرۆژەکانی ئۆجالانی لە سەر ئاشتی بۆ خۆیان وەکوو بەربەستێک بینی و کۆتاییان بە چاوپێکەوتنەکان و گفتوگۆکان هێنا. لە ٢٠١٥ەوە تاوەکوو ئێستا گوشارەکان بەردەوامن. لە ١٩٩٩ەوە تاوەکوو ئێستا گوشار هەیە، بەڵام لە ٣ ساڵی رابردوودا گوشارەکانیان قورستر کردووە. بە هۆی گوشارەکانەوە شەڕ دەستیپێکرد. رژێمی کۆشک بۆ ئەوە ی بوونی خۆی لەسەر پێ بێهێڵتەوە پێداگری لەسەر گۆشەگیری دەکات. ئەوەش تێگەیشتن و عەقڵییەتێکى زۆر تایبەتە. لەو رۆژەوە گوشار دەستیپێکردووە قەیران و ئالۆزی زیاتر بووە. تورکیا بە کودەتا بەڕێوەدەبرێت. بە گوشەگیریى سەر ئیمراڵی هەموو وڵاتی خستە ناو گۆشەگیرییەوە. بەهۆی ئەوەوە دەبێت گۆشەگیری کۆتایی پێ بهێنرێت. گۆشەگیریکردنى ئۆجالان گۆشەگیرکردنى تورکیایە. هەموو گەلی تورکیا گۆشەگیرکراوە. لە ساڵی ٢٠١٣ - ٢٠١٥دا ئاشتی و ئارامی هەبوو. بە داخەوە یەکێتیى ئەوروپا (YE) شەریک و هاوبەشی ئەو گۆشەگیرییەیە. دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا (DMME) بە بێ تورکیا ئەو بڕیارەی نەداوە. دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا و تورکیا پێکەوە ئەو بڕیارەیان داوە. دواى تێپەڕبوونى ٦ مانگ لە سزاکانى تورکیا بەسەر پارێزەرەکانى ئۆجالاندا دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا ئەو بڕیارەى دا. ئەو نزیکبوونەوەیە دژایەتیکردنیان بەرامبەر بە گەلی کورد و ئۆجالان نیشان دەدات. ئێمە لە هەموو شوێنێک لە بەرامبەر گۆشەگیری بە هەڵوێست دەبین. بەهۆی ئەوەی کە گۆشەگیری کۆمەڵگا رووبەڕووی یەکتر دەکاتەوە. دەبێت هەر کەسێک لە دژی گۆشەگیری هەڵوێستی هەبێت. ئێمە باسی گۆشەگیری بۆ هەموو کەسێک دەکەین. ئێمە داوا لە هەموو هێزە دیموکراتیکخوازەکان و هەموو لایەنە جیاوازەکان دەکەین کە لە بەرامبەر گوشار هەڵوێستیان هەبێت. ئێمە جارێکی دیکە داوا لە ئۆپۆزسیۆنى سەرەکی، کە جەهەپە دەکەین هەڵوێستیان هەبێت. جەهەپە لە دژی پرۆسەی ئیمراڵی ناتوانێت وەک ئەوەى کە هیچ رووى نەدابێت هەڵسوکەوت بکات. دەبێت جەهەپە ئەو گۆشەگیرییە بکاتە مژاری خۆی و بێدەنگ نەبێت. ٣ ساڵە بە هیچ شێوەیەک هیچ هەواڵێکمان لە بەرێز ئۆجالان بە دەست نەگەیشتووە. دەبێت جەهەپە و هەر کەسێکی دیکە، کە لە دژی فاشیزمن، دەبێت دەنگیان بەرز بکەنەوە. دەبێت گۆشەگیرى بخەنە رۆژەڤی خۆیانەوە".
'ئێمە سڵاو لە چالاکییەکانی دایکانی شەممە دەکەین'
بووڵدان سڵاوی دایکانی شەممە کرد، کە چالاکییەکانیان لە گوڕەپانی گاڵاتاسەرای قەدەغە کران و لەبارەیەوە وتی: "٢٥ ساڵە ئێمە پێکەوە بە دواى کەسە بێسەروشوێنکراوەکانماندا دەگەڕێین. دایکانی شەممە هۆش و ویژدانی کۆمەڵگای ئەم وڵاتەن. نزیکبوونەوەیان لە دژی دایکانی شەممە نیزیکبوونەوەیە لە دژی دیموکراسیی، نزیکبوونەوەیە لە دژی هەق و دادپەروەری. نزیکبونەوەیە لە دژی کەرامەتى مرۆڤایەتی. لە راپۆرتی کۆمسیۆنی لێکوڵینەوەی مافی مرۆڤی پەرلەماندا ڕاگەیەندرا، ئاکەپە ئەنجامدانى تاوانی بەرامبەر بە قوربانییەکان قەبووڵ کردووە و لە گەڵ کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان چاوپێکەوتنی ئەنجام داوە. بەڵێنى دۆزینەوەی بێسەروشوێنکراوەکانی داوە بە بنەماڵەکانیان، بەڵام ئێستا ئاکەپە دەستی لە بەڵێنەکەى خۆی هەڵگرتووە و رێگاش نادات دایکانی شەممە چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن. هیچ ویژدانێک ئەوە قەبووڵ ناکات. دەسەڵات کە هەڵسوکەوت و رەفتاری ئاوا بەرامبەر بە دایکانی شەممە ئەنجام دەدات، ئێمە دەزانین دەستى لەگەڵ کێ تێکەڵ کردووە. بەرێوەبەرایەتیی کۆشک بەشێوەیەکى تایبەت دەستى خۆی لەگەڵ چیلەر و ئاغاردا تێکەڵ کردووە. ئێمە جارێکی دیکە دەڵێین، کە خاوەندارێتی لەو چالاکییەکانی دایکانی شەممە خاوەنداریەتییە لە کەرامەت، مرۆڤایەتی، ویژدان و ئاشتی."
بوڵدان هەڵوێستی مەهەپەی لەبارەى دەرکردنى لێبوردنەوە رەخنەکرد و وتی، دەیانەوێت لێبوردن بۆ دز و بکوژان دەربکەن و لەوبارەیەوە وتی: "مەهەپە دەیەوێت لەگەڵ ئاکەپەی هاوکاری مافیایى خۆی، داواى لێبوردن بۆ قاچاخچییان و بازرگانانی مرۆڤ و دزەکان دەربکات. بەو شێوەیە گوشارەکان زیاتر لەسەر کۆمەڵگا چڕ دەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئیرادەی گەل لەیلا گیوڤەن دەستبەسەرە، لە لایەکی دیکەوە دەیانەوێت دز و چەتەکان ئازاد بکەن. ئەوەش زیاتر زەرە بە ئاشتیی کۆمەڵگا دەگەیەنێت. وەرن ئێمە گفتوگۆ لەسەر لێبوردن بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەداغ، توونجەر باقرخان، بەکر کایا، گوڵتان کشاناک و بەندکراوانی دیکەی سیاسی بکەین.
'تورکیا دەچێتە هەر شوێنێک ئارامیى ئەو شوێنە تێکدەدات'
بوڵدان لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر دۆخی عەفرین و ڕایگەیاند، پاش ئەوەی کە تورکیا هێزە چەکدارییەکەی خۆی بردە ناو عەفرین ئارامیی ئەو کۆمەڵگایەی لەناو برد و هەموو رۆژێک مرۆڤ لەو ناوچەیەدا دەڕفێندرێن.
بولدان ئەوەشی وت: "زێهنییەتێک جگە لە خۆی هەموو خەڵکی بە ترۆریست دەبینێت چووە یەکێتیى ئەوروپای رێکخستووە. بێشەرمانە و رووقایمانە لە کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەڵێت، 'دەبێت هەموو ئەو چەکانەی کە دەبنە هۆکار بۆ کوشتنى مرۆڤەکان قەدەغە بکرێن'، بەڵام خۆی لەلایەکی دیکەوە مووشەکی S-400 لە رووسیا دەکڕێت. جارێکی دیکە هەڕەشە لە رۆژهەڵاتی فورات دەکات، بۆیە ئێمە جارێکی دیکە دەڵێین، هەر شوێنێک کە تورکیا دەستێوەردانى تێدا نەکات شوێنێکی ئارامەن بەڵام هەر کاتێک تورکیا دەستێوەردانى لە شوێنێکدا کردبێت ئارامیی ئەو شوێنە لەناو دەچێت. پێشتر لە عەفرین ئارامی هەبوو، بەڵام پاش ئەوەی تورکیا چووە عەفرین ئارامییەکەی ئەوێشی تێکدا. هەموو شوێنێک بووە بە گۆڕەپانی شەڕ. هۆکاری ئەوەش ئەنقەرەیە، کە هاوکاریی چەتەکان دەکات."
ر.م