بڕیاردەرى کۆمەڵکوژییەکەى رۆبۆسکى کرایە سەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا

یاشار گیولەر فەرماندەى هێزى وشکانیى سوپاى تورکیا و بڕیادەری بۆردومانی کاسبکارانى رۆبۆسکى، لەلایەن ئەردۆغانەوە کرایە سەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا.

دواى ئەوەى سیستمى سیاسیى تورکیا کرا بە سەرۆکایەتى، کابینەى ئەو سیستمە بە سەرۆکایەتیى رەجەب تەیب ئەردۆغان راگەیەندرا کە لە ١٦ وەزیر پێکدێت.

بەپێى بڕیارى ئەردۆغان سەرۆکى گشتیى ئاکەپە، خلوسی ئاکار سەرۆکى ئەرکانى سوپاى تورکیا کرا بە وەزیرى بەرگری و هەر بە بڕیارى سەرۆکى ئاکەپە، جەنەڕاڵ یاشار گیولەر فەرماندەى هێزى وشکانیى سوپاى تورکیا کرا بە سەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا بۆ پڕکردنەوەى شوێنەکەى خلوسی ئاکار و ئەو بڕیارش لە رۆژنامەى فەرمیى دەوڵەتى تورکیادا بڵاوکرایەوە.

هەروەها جەنەڕاڵ ئومید دوندار کرا بە فەرماندەى دووەمی فەرماندەیى هێزە وشکانییەکانى سوپاى تورکیا و جەنەڕاڵ مەتین گیورناک-یش لە فەرماندەیى ٢ى سوپاى تورکیادا دامەزرێندرا.   

جەنەڕاڵ یاشار گیولەر لە ٢٨ى کانوونى یەکەمی ٢٠١١ و کاتێک سەرۆکى هەواڵگریى سەرۆکایەتیى ئەرکانى سوپاى تورکیا بوو، فەرمانى بۆردومانکردنى کاسبکارانى رۆبۆسکیی دەرکرد. بڕیارەکەى بۆ نەجەدەت ئۆزەل سەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیاى رەوانەکرد و بڕیارەکەى پەسەند کرا. لە دواى ئەوە دەستکرا بە بۆردومانکردنىى کاسبکارانى رۆبۆسکی و بەهۆى بۆردمانەکەوە ٣٤ کاسبکار کۆمەڵکوژکران، کە ١٧ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بوو.

کۆمەڵکوژکردنى کاسبکارانى رۆبۆسکى چەندین کاردانەوەى لێکەوتەوە و بەهۆى گوشارەکانەوە دۆسیەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکەى یاشار گیولەر دەرکرا، بەڵام هەرگیز لێکۆڵینەوەى لەگەڵ نەکرا و هەموو ساڵێکیش پلەى زیاتر بەرز دەکرایەوە.

بەرزرکردنەوەى پلەى ئەو بەرپرسە سەربازییەى سوپاى تورکیا تەنها بۆ خۆى نەبوو، بەڵکو جەنەڕاڵ ئاتیلا گیولەر، برای یاشار گیولەر، کە خانەنشین کرابوو لە هەڵبژاردنى ٧ى حوەزیرانى ٢٠١٥دا لە شارى بایبورت لە تورکیا کرا بە پاڵێوراوى ئاکەپە بۆ پەرلەمان.

ئاکەپە و ئەردۆغان بەردەوامن لە پشتیوانیکردنى ئەو کەسە تاوانبارانە و لە ماوەکانى رابردوشدا چەندین کەسى تاوانبار، کە بەرامبەر بە هاووڵاتییانى باکوورى کوردستان تاوان و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدابوو، لەلایەن ئەردۆغان سەرۆکى گشتیى ئاکەپە و حکومەتى ئاکەپەوە، پلەیان بەرزکرایەوە و لە پاى کوشتنى هاووڵاتییان کوردستان چەندین میدالیایان پێبەخشین.

ر.م