بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی پەکەکە لە ئیتالیا ئیدانە کرا

هەزاران کەس لە شاری فلۆرانسی ئیتالیا بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە رژانە سەر شەقامەکان. لە شاری مونستەری ئەڵمانیاش گەنجانی کورد ساڵیادى دامەزراندنى پەکەکەیان پیرۆز کرد.  

رێپێوان لە شاری فلۆرانسی ئیتالیا لە بەردەم کۆنسوڵخانەى ئەمریکا لەو شارەدا دەستیپیکرد و کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان لە چالاکییەکەدا بڕیارەکەى ئەمریکایان ئیدانە کرد. بەپێى خەمڵاندنى سەرەتایى زیاتر لە ٣ هەزار کەس بەشداریى رێپێوانەکەیان کردووە.

رێپێوانەکە لەلایەن گروپە سۆسیالیست، دیموکرات و ئانارشیستەکانەوە رێکخرابوو و تیایدا پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "دەستە فاشیستییەکانتان لە نوێنەرانی شکۆی کورد بکێشنەوە" هەڵکرا. لەسەر پۆستەرێکى تر وێنەکانى کادێرە پێشەنگەکانى پەکەکە جەمیل بایک، موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان بەرزکرابوونەوە.

لە کاتى رێپێوانەکەدا راگەیاندراو خوێندرایەوە و وتە پێشکەشکران و داوا لە ئەمریکا کرا لە بڕیارەکەى بکشێتەوە. لە رێپێوانەکەدا چەندین دروشم بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆجالان و پەکەکە وترانەوە.

لە مونستەر رێپێوانی بە مەشخەڵ رێکخرا

بزووتنەوەى گەنجانى شۆڕشگێڕ لە شاری مونستەری ئەڵمانیا ٤٠هەمین ساڵیادی دامەزراندنى پەکەکەیان بە ئەنجامدانى چالاکییەک پیرۆز کرد. لە پیرۆزباییەکەدا داواى ئازادیى ئۆجالان کرا.

چالاکییەکە بە بەشداریى سەدان کەسی مەشخەڵ بە دەست بەڕێوەچوو. لەچالاکییەکەدا وێنەکانى ئۆجالان، ئاڵاکانى یەپەگە، یەپەژە و تەڤدەم بەرزکرانەوە.

بە ناوی کۆمیتەى چالاکییەکەوە ژیندا رحا وتی "٤٠هەمین ساڵیادى دامەزراندنى پەکەکە لە مرۆڤایەتى، شۆڕشگێڕان، گەلانى بندەست و هەموو کوردستان پیرۆز بێت. گەنجانی ئێمە کە هەموو کات لە ماوەی تێکۆشانی ٤٠ ساڵەى گەلەکەماندا لە ریزی پێشەوە بوون، دەبیت لەم کاتەشدا بەرپرسیارێتیى گەورەی خۆیان ئەنجام بدەن".

رحا راشیگەیاند، دەبێت ٤١هەمین ساڵیادى دامەزراندنى پەکەکە ببێتە ساڵی سەرکەوتن و وتی "ئازادیى ریبەر ئاپۆ ئازادیى ئێمەیە".

ر.م