بۆچی حیزبەکانی باشووری کوردستان بێدەنگن؟

بۆچی نەدەبوو هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە دژی هێرشەکانی سەر هەدەپە دەنگیان بەرز بکردایەتەوە، باشە نەیاندەتوانی بڵێن ئێمە ئەو هێرشانەی سەر گەلی کورد کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا تێدەکۆشێت، بە هێرش بۆ سەر خۆمان حساب دەکەین؟.

هاوکاتێک لەگەڵ ئەوەى کوردان بە هەستیارییەوە سەیری باشووری کوردستان دەکەن، باشە بۆچی نەدەبوو هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە دژی هێرشەکانی سەر هەدەپە دەنگیان بەرز بکردایەتەوە، باشە نەیاندەتوانی بڵێن ئێمە ئەو هێرشانەی سەر گەلی کورد کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا تێدەکۆشێت، بە هێرش بۆ سەر خۆمان حساب دەکەین؟.

گەورەترین کێشە لە کوردستاندا ئەوەیە، کە بزووتنەوە سیاسییەکان بە گوێرەی پێویست زیهنی خۆیان نەخستووەتە سەر مێژووی خۆیان و پێناسەکردنی دۆست و نەیار تێکەڵ بەیەکتر بووە. ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی و ئاشکرانەکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ هێزەکانی دەرەوە، ئەم تێکەڵیی و هەڵانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. خۆی لەخۆیدا فاکتۆر و هۆکاری سەرەکی، کە ناهێڵێت کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت و لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە، داگیرکەری نکۆڵیکار و هێزەکانی دەرەوەن، چونکا یەکێتی کوردان و نیشاندانی سیاسەتێکی هاوبەشی کوردان کۆتایی بە سیاسەتی داگیرکەر و میتینگەری نکۆڵیکار دەهێنێت.

کلتورێک کە پێش ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و هەڤاڵانی ئەو دروست بووە. لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا لە بواری سیاسەتی نکۆڵیکاری و سڕینەوەدا هیچ شتێک نەگۆڕاوە. لەماوەی ٩٣ ساڵدا لە کوردستان ئەوەندە ڕووداو ڕوویان داوە، کە ئەگەر مرۆڤ دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیا لەدژی کوردان نەبینێت، یان ئەحمەق و بێ مێشکە یان وەک مریشک سەری خۆی دەخاتە نێو بن هەنگڵیەوە.

  ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا تەنها لە دژی باکووری کوردستان نییە، بەڵکو دەوڵەتی تورکیا لەدژی هەر چوار بەشی کوردستانە و ئامانجیشیان تەنها سڕینەوە و پاکتاوکردنی باکووری کوردستان نییە، بەڵکو ئامانجیان سڕینەوەی هەموو شوێنێکی کوردستانە. نەبینینی ئەوانە بە مانای دووربوون لە بیری کوردایەتیی و خەمساردیان دێت لەبەرامبەر ئەو هەموو قڕکردنە لە باکووری کوردستان. لە حاڵی ئێستادا نادیدەگرتنی سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و سڕینەوەی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست و نیشان نەدانی هەڵوێست لەدژی ئەو سیاسەتانە، کەس و کۆمەڵە سیاسییەکان تاوانبار دەکات. لەبەرئەوە لە باکووری کوردستان سیاسەتی قڕکەر و هێرشکار کە بەڕێوە دەبرێن، هەتا بڵێی ئاشکرایە و (دەوڵەتى تورکایش) بە پێویستیشی نازانێت، کە ئەو سیاسەتەى بشارێتەوە.

ئێستا لە تورکیا ئەو کەس ولایەنانە پشتیوانى لە هاوپەیمانى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە دەکەن، کە پێشتر دوژمنی کوردان بوون و سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوەى کوردیان بەڕێوەبردووە. نمونەى ئەوەش پشتیوانیى تانسو چیللە و محەمەد ئاغارە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاکەپە – مەهەپەى فاشیست. ئەو کەس و لایەنانە پێشتر رایانگەیاندبوو، کە بەهۆى ئەو سیاسەتانەوە (سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورد) پشتیوانى لەو هاوپەیمانییە دەکەن.

لە حاڵی ئێستاشدا، هەموو ڕۆژێک وەزیری ناوخۆی دەسەڵاتدارە قڕکەری تورکیا ئەو قسە و پراکتیکانە دەسەلمێنێت. بە هاوسەرۆکی هەدەپە پەروین بوڵدان دەڵێت 'ئێمە ئێوە بە ساغیی ناهێڵینەوە'. بەڵام لەدژی ئەمەش چ لە باکووری کوردستان و چ لە باشووری کوردستان دەنگێک لە پارتە سیاسییەکانی کوردەوە نایەت. بۆچی وایە، هەڵوێستى جیا و رەتنەکردنەوەى ئەو قسانە سیاسەتمەداربوونى کورد و کوردایەتییە.

کاتێک هەدەپە دەچێتە باشووری کوردستان لە بۆ ڕای گشتی پێشوازییەکی ئەوەندە گەرمیان لێ دەکەن، کە مرۆڤ دەڵێت هەمیشە لەنێوان ئەواندا یاسا و مافی برایەتیی هەبووە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی دەردەکەوێت، لە پراکتیکدا هیچ شتێکی وەها لە گۆڕێدا نییە. بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی کوردان، بە هەلهەلە و داهۆڵ پێشوازی لە هەدەپە دەکەن، بەڵام کاتێک دەوڵەتی تورکیا فشار و زۆرداریی لەسەر هەدەپە دەکات، تەنانەت بەیاننامەیەکیش دەرناکەن. ئەوەش سەرنجڕاکێشە ئەگەر لە باشووری کوردستان شتێک ڕووبدات، دەستبەجێ هەدەپە هەڵوێستی خۆی نیشان دەدات.

مەگەر پارتى و یەکێتیى زۆرترین پێشوازییان لە سەڵاحەدین دەمیرتاش نەکرد؟، ماوەیەک لەوە پێشیش لەگەڵ عوسمان بایدەمیر و بە گشتیی لەگەڵ زۆر لە ئەندامانی تری هەدەپەدا کۆبوونەوەیان ساز دا و لێدوانی هاوبەشیان دا، بەڵام کاتێک شاندی هەدەپە ڕووبەڕووی فشاری دەوڵەت دەبنەوە، ئەندامانیان دەستگیردەکرێن و کێشەیان بۆ دروست دەکەن، پارتی و یەکێتی خۆیان دەکەن بە کەڕەی شەربەت. دواین جار وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلو لە کەسێتیی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵداندا، هەڕەشەی لە تەواوی هەدەپەییەکان کرد و وتی 'ئێمە ئێوە بە ساغیی ناهێڵینەوە'، لەگەڵ هێرشێکی وەها قورس، پارتی و یەکێتیی ناڵێن 'ئێمە ئەو هێرشانە قەبوڵ ناکەین، کە لە دژی برا و خوشکە کوردەکانمان و هێزە دیموکراتییەکان دەکرێت.ئێمە لەگەڵ ئەو هێرش و هەڕەشانەدا، چاو بە پەیوەندییەکانماندا دەخشێنینەوە'. لەو ڕووەوە مرۆڤ تێدەگات، کە پەیوەندیی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ هەدەپەدا بەهۆی پرەنسیپ و یەکگرتووییەوە نییە، تەنها بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی وڵاتپارێزانە.

‌خەڵکی باکووری کوردستان و تەڤگەری دیموکراتیکی کوردان لە بەرامبەر ڕووداوەکانی باشووری کوردستاندا هەستیارن. کاتێک لە باشووری کوردستان شتێکی ئەرێنی یان نەرێنی ڕووبدات، هەڵوێستی خۆی نیشان دەدات. ئەگەرچی بەهۆی فشاری ئاستەنگی زۆر لە هەر چوار لاوە نەیتوانیوە هەڵوێستێکی زۆر باش نیشان بدات، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت بڵێت کە هەدەپە لەبەرامبەر باشووری کوردستاندا خەمساردە. تەڤگەری ئازادی کورد و گەریلا، هێرشەکانی سەر باشووری کوردستانیان وەک هێرش بۆ سەر خۆیان حساب کردووە. کاتێکیش لە شەنگال، مەخموور، هەولێر و کەرکوک هێرش هەبوون، جاری یەکەم گەریلا بەدەم هاواری میللەتەوە ڕۆیشتن. هەتا سەرۆکی پەدەکە مەسعود بارزانی بۆ خۆی ڕۆیشتە مەخموور و سوپاسی گەریلا و ڕێکخستنەکانی ناو شار کرد. لەبەرئەوەی ئەگەر مەخموور بکەوتایەتە دەست داگیرکەران، ئەوکات دەرگای چوونە ژوورەوەی هەولێر بۆ چەتەکانی داعش دەکرایەوە. کاتێکیش کە لەسەر کەرکوک مەترسی هەبوون، گەریلا دەمودەست ڕۆیشتنە ئەو شارە و پێشیان لە داعش گرت و هێرشەکانیانی پووچەڵ کردەوە.

کاتێک کە هەستیاریی کوردان لەسەر باشووری کوردستان هەیە، بۆچی نەدەبوایە هێزە سیاسییەکانی باشووریش لە دژی هێرشەکانی سەر هەدەپە دەنگی خۆیان بەرز بکردایەتەوە، باشە بۆچی نەیاندەتوانی بڵێن ئێمە ئەو هێرشانەی سەر گەلی کورد کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا تێدەکۆشێت، بە هێرش بۆ سەر خۆمان حساب دەکەین. لە کاتێکدا هێزە سیاسیەکانی باشووری کوردستان نەتوانن لەدژی هێرشەکان کە لە ناوچەکانی ترەوە دەکرێن، هەڵوێستیان هەبێت، چۆن چاوەڕوانی پشتیوانی دەکات.

کاتێک مرۆڤ لە بێدەنگییەکانی باشووری کوردستان بڕوانێت لە بەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکارییانەی تورکیا، کە دەکرێتە سەر باشوور، بەتایبەتیی بێدەنگیی پارتی دیموکراتی کوردستان 'پەدەکە' و هێزە سیاسییەکانی تری باشوور بە گشتی، تێدەگات کە بۆچی لەسەر پرسی باکووری کوردستان بێدەنگن. کاتێک ئەوان نەتوانن لەدژی داگیرکاریی ڕاپەڕن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، هەڵبەت ناتوانن لە دژی هێرشەکانی سەر هەدەپە و باکووری کوردستانیشدا ڕاپەڕن و بوەستنەوە.

هەتا ئێستا لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا بە دەیان هاوڵاتی مەدەنیی لە باشووری کوردستان کوژراون، بەڵام بۆ ئەوەش کاردانەوەیەکیان نیشان نەدا. ئەم هەڵوێستە نەک تەنها زیان بە تێکۆشانی بەشەکانی تری کوردستان دەگەیەنێت، بەڵکو زیان بە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانیش دەگەیەنێت. بەم هەڵوەستەیە مرۆڤ ناتوانێت ئەو دەستکەوتانەی باشووری کوردستان بپارێزێت.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا

ر.م