بیرداڵ: لە ماڵەکانمان بێینە دەرەوە و لە شەقامەکان کۆ ببینەوە

ئاکن بیرداڵ سەرۆکى فەخریى کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) لەبارەى ئۆپەراسیۆنى پاکتاوی سیاسیى دەوڵەتى تورکیا لە دژی گەلی کورد وتی، لە ئێستاوە رەوایى هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بووەتە جێگاى مشتومڕ.

لەم دواییانەدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەکرێت. هاوکات بە فەرمانى تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ئۆپەراسیۆنى پاکتاوکردن و سڕینەوەى سیاسی لە دژی گەلی کورد دەستیپێکردووە.

لە ماوەی ٢ هەفتەى رابردوودا لە زۆرێک لە شارەکانى کوردستان و تورکیا ٣٠٠ کەس دەستگیرکران، کە ئەندامانى هەدەپە، دەبەپە، تەژەئا، تویادەر و دیک و ژمارەیەکى زۆر رۆژنامەنووس لە ناو دەستگیرکراوەکاندا بوون. سزای زیندانیکردن بەسەر دەیان کەسیاندا سەپێنرا و ئەوانى تریشیان بە مەرجی "مانەوە لە ژێر چاودێریى دادگا" و "قەدەغەى گەشت بۆ دەرەوەى وڵات" ئازاد کران.

ئاکن بیرداڵ سەرۆکى فەخریى کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) لەبارەى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان و گۆشەگیرکردنى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) قسەى کرد.

بیرداڵ رایگەیاند، تورکیا بۆ جارێکیتر بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، بەڵام لە ئێستاوە رەوایى ئەو هەڵبژاردنە بووەتە جێگاى مشتومڕ.

ئاکن بیرداڵ راشیگەیاند، لە ئێستادا ٨٧ نوێنەری گەل (هاوسەرۆک شارەوانییەکان) زیندانیکراون و زیاتر لە ١٠٠ شارەوانیى کوردستانیش قەیومی بۆ دانراوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەى بەرەو هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەڕۆین ئەردۆغان لە ئێستاوە رایگەیاندووە "دەکرێت جارێکیتر قەیوم دابنرێنەوە" ئەوەش هەڕەشەیەکى جدییە لەسەر هەڵبژاردنێکى دیموکراتیک و ئازاد و یەکسان.

"رێبەری گەلێک ماوەى ٢٠ ساڵە لە ئازادی بێبەشکراوە، ئەوە ئەشکەنجەیە"

بیرداڵ سەرنجی خستە سەر گۆشەگیرکردنى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و وتى "لە بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپادا لەبارەى مرۆڤێکەوە، کە رێبەری گەلێکە راگەیاندراوە 'گۆشەگیری و ئەشکەنجە بوونی نییە'، ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ئازادی بێبەشکراوە، ئەو بێبەشکردنە خۆی بۆ خۆی گۆشەگیری و ئەشکەنجەیە. لە خاڵی یەکەمی جاڕنامەى گەردوونیى مافەکانی مرۆڤدا هاتووە 'هەموو مرۆڤێک بەشێوەیەکى ئازاد و یەکسان لە دایک دەبێت. دەبێت هەموو مرۆڤێک بەشێوەیەکى خوشک – برایانە لە یەک نزیک ببنەوە'، بەڵام وادیارە نەیانخواستوە لەو خاڵە تێبگەن و لەبیری خۆیان بردووەتەوە".

بیرداڵ وتیشی "بێبەشکردنی بەڕێوەبەرانى ناوچەیى (هاوسەرۆک شارەوانییەکان) و پەرلەمانتاران لە ئازادییەکانیان و زیندانیکردنى ژمارەیەکى زۆر لە داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ و ئاشتیخوازان و ئامادە نەکردنی هیچ سکاڵا و تۆمەتێک و یەکلایى نەکردنەوەیان، پێشێلکردنى رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە، کە تورکیا بۆ خۆی قبوڵی کردوون".

"قەیرانى ئابووری بە بێ دیموکراسی چارەسەر نابێت"

ئاکن بیرداڵ ئەوەى بەبیرخستەوە، کە ئاکادیمیسییەنە ئاشتیخوازەکان لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥دا رایانگەیاندبوو "ئێمە نابینە هاوبەشی ئەو تاوانانە"، کە بەهۆی شەڕەوە روودەدەن، بەڵام ژمارەیەکى زۆریان لێدەستگیرکرا و ئێستا هەموو رۆژێک لە دادگاکاندان و لەسەر داواى ئاشتى دادگایى دەکرێن.

ئاکن بیرداڵ ئاماژەى بەوەکرد "لێرەدا خاڵی گرنگ ئەوەیە، کە میکانیزم و رێوشوێنەکانى کۆنترۆڵکردن و چاودێریى نێونەتەوەیى کاریگەریى خۆیان لەدەستداوە. لەم رۆژانەى دوایدا لەسەر رەوایى بوونى هەدەپە هەندێک قسە هێنرایە پێشەوە. ئەو واتەواتانە بوێریى داوەتە هێزە ئەمنییەکان بۆ زیاتر هێرشکردنە سەر هەدەپە. لەو رێگەیەوە هێشتا زیاتر لە پێشووتر هێرش لە دژی خۆپیشاندانە دیموکراتیکەکان ئەنجام دەدەن. ئێستا ئەشکەنجەکردن بەشێوەیەکى قورس و سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو بەڕێوەدەچێت".

بیرداڵ ئاماژەى بەوەشکرد، هەوڵ دەدرێت قسە و باسەکانی رۆژ بە بەردەوامى بشوێنرێن. لەوبارەیەوە وتی "قسە و باسەکانى رۆژ بە بەردەوامى دەشوێنرێن. باسی قەیرانى ئابووری دەکرێت، بەڵام ئەگەر دیموکراسی نەبێت ئەوا قەیرانى ئابووریش چارەسەر نابێت. ئەگەر دادپەروەری نەبێت قەیرانى ئابووری کۆتایى پێناهێنرێت. ئازادی و بەرهەمهێنان نەبێت قەیرانى ئابووری چارەسەر ناکرێت. لە ئەنجامنامەى دووەمین کۆنفرانسی جیهانیى مافەکانى مرۆڤدا هاتووە 'چەند دیموکراسی ئەوەندە ئابووری، چەند ئابووری ئەوەندە دیموکراسی' لە نێوان دیموکراسی و ئابورویدا پەیوەندییەکى دیالکتیکى و سیستماتیک هەیە، بۆیە بەبێ دیموکراسی ئەو قەیرانە ئابوورییە چارەسەر نابێت".  

"ئێمە لە ماڵەکانى خۆمان دەچینە دەرەوە لەسەر شەقامەکان کۆدەبینەوە"

بیرداڵ باسی ئەوەیکرد، ساڵی رابردوو ١٠٠هەمین ساڵیادى شۆڕشی ئۆکتۆبەر پیرۆزکرا و ئێستاش هەر وەک ئەو سەردەمە "دەبێت ئێمە دروشمەکانى 'نان، ئاشتی و ئازادی' بەرز بکەینەوە. لە کتێبەکەمدا بە ناوی 'زەرفی زێڕ' پۆستەچییەکە بە ناو ماڵەکاندا دەگەڕێت و هەوڵ دەدا خاوەنی زەرفە زێڕەکە بدۆزێتەوە. باوەڕ بکەن هەر وەک پۆستەچییەکە سبەی کەسێک نامێنێت کە لە ماڵەکەى خۆیدا مابێت. لەبەر ئەوە با ئێمە خۆمان دەرگاکانى ماڵەکەمان بکەینەوە. لە ناو ماڵ و کۆڵانەکەى خۆماندا بچینە دەرەوە و لە شەقامەکان و لە گۆڕەپانەکاندا لەگەڵ یەک کۆببینەوە. ئێمە کارێک بکەین کە شەقام و پەرلەمان ببنە پشتوانى یەکتر".

ر.م