بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ مامۆستا محەمەد بەکر

بە بۆنەى ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەى باشووری کوردستان بڵادەکەینەوە، کە کاتی خۆی بۆ ماوەیەک لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا ژیاون.

لە ماوەی کۆتایی ساڵانی ١٩٨٩ تا کۆتایی ساڵانی ١٩٩٨ کۆمەڵیک لە سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، چالاکوانی مەدەنی، ڕۆشنبیر و کادری پەکەکە-ی باشووری کوردستان  سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان کردووە و لە ئێستادا یادگاری و یاداشتەکانی خۆیان لەسەر ژیان و کەسایەتیی ڕێبەر ئۆجالان دەگێڕنەوە و تێڕوانینی خۆیان لەسەر ئەو کەسایەتییە دەردەبڕن. ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  لە ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ بەشێک لەو کەسایەتییانە زنجیرە چاوپێکەوتنى ئەنجامداوە.

مامۆستا محەمەد بەکر یەک لەو کەسایەتییانەی باشووری کوردستانە، کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری سلێمانی ئاشنا بووە بە ڕێکخستنەکانی پەکەکە و دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ چوە بۆ گۆرەپانی سەرۆکایەتی (عەبدوڵا ئۆجالان) ماوەیەکیش  کامیرامانی شەخسیی سەرۆکایەتی بووە.  مامۆستا محەمەد یاداشت و بیرەوەریەکانی خۆی لەگەڵ سەرۆک دەگێڕێتەوە و جەخت لەسەر کەسایەتیی سەرۆک دەکاتەوە.

مامۆستا بەم شیوەیە خۆی دەناسێنی: من ناوم مامۆستا محەمەد بەکرە، لە سلێمانی لە دایکبوم و هەر لێرەش ژیان دەکەم. من یەک لەو کەسانە بوم، کە چانسی ئەوەم پێ بەخشرا سەرۆک ئاپۆ ببینم لە ساحەی سەرۆکایەتی. من لەو کیتاب و بڵاوکراوانەوە ناسیم، کە هەڤاڵان لێرە بڵاویان دەکردەوە. بە فکری ئۆجالان زۆر کاریگەر بووم لەبەر ئەوەی فکرێکی بەڕێوەبردنی باشی هەبو و سیاسییەکی زیرەک بوو و مامەڵەشی خۆش بوو لەگەڵ هەڤاڵان، لەسەر ئەو بابەتانە گەلێک کیتابی هەبون بەتایبەت بۆ مژاری ژن. هەروەها نزیکایەتیی ئەو ڕێکخستنە لەبەرامبەر شەهیدان، نرخاندنی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ باشووری کوردستان زۆر لە کیتابی جۆراو جۆر هەبون لە باشووری کوردستان منیش زۆربەیانم خوێندبۆیەوە و پێی کاریگەر ببوم.

دەربارەی سەرتای ناسینی ڕێکخستنەکانی پەکەکە بەمشێوەیە دەیگێڕێتەوە: ناسینی من بۆ ڕێکخستن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٢ ئەو کات تەمەنی من ٢٣ ساڵ بوو ئەو ساڵانەش ڕەوشی سیاسی گونجاو نەبوو، چونکە شەڕی خیانەت دەستی پێکردبو و یەکێتی و پارتی لە شەڕدابون بەرامبەر هەڤاڵان، بۆیە هەڤاڵانم لە سلێمانی بینی و تێکەڵیان بوم. پێش ئەوەی هەڤاڵانیش بناسم من هەر پشتگیری پەکەکەم دەکرد و دەموت شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە خیانەتە و ناحەقیە بەرامبەر ئەوان شەڕ بکەی، ئەو قسانەی منیش بواری ڕەخساند کە ئیتر هەڤاڵان بناسم زیاتر قوڵ ببمەوە لە فکری ئەو ڕێکخستنە. هەڤاڵان بیستوبویان کە یەکێک هەیە مامۆستایە و پاڵپشتی هەڤاڵان دەکات هەوڵیان دابو چاویان بە من بکەوێت و قسەم لەگەڵ بکەن، لە کۆتاییدا هاتن و یەکەمان بینی و زۆر قسەمان کرد دەربارەی ڕەوشی سیاسی لە ناوچەکە و سیاسەتی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی. ئەو کات حزبی پاک هەبو و کتێب و بڵاوکراوەیان زۆر بوو هەڤاڵانیش چەند کتێب و بڵاوکراوەیەکیان بە من بەخشی بۆ ئەوەی زیاتر قوڵ ببمەوە لە فکری ئەو ڕێکخستنە.

لە دوای ماوەیەک لە ڕێگەی هەڤاڵانەوە سەردانی زەڵێم کرد و لەوێ زیاتر ئاشنای هەڤاڵان بووم چەند ڕۆژێکیش لەوێ مامەوە، کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا لە زەڵێ و هەڤاڵ جەمیل بایەک و شەهید دکتۆر سیروان لەوێ بوون زۆرێک لەو هەڤاڵانەی حەزم دەکرد بیانبینم لە زەڵێ چاوم پێیان کەوت. ئەوەی کە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا گفتوگۆی شەهید دکتۆر سیروان بوو لەگەڵ من، ئەو باسی شەڕی تایبەتی بۆم کرد کە ئەو کات من یەکەم جارم بوو ئەو مژارە ببیستم و شەهید دکتۆر سیروانیش زۆر بەتوانابو لەو مژارە. یەکەمجار بوو شێوازی شەڕێک بناسم کە نابینرێت و کاریگەرییەکی یەکجار زۆریش دروست دەکات، ئەو کات بۆم دەرکەوت باشووری کوردستان بە چ ئاستێک شەڕی تایبەتی بەرامبەر کراوە.

لە دوای شەهید بونی دکتۆر سیروان ساڵی ١٩٩٦ بە دوو مانگ ئاگادارییەک هات بۆم وتیان خۆت حازر بکە تۆ دەچیت بۆ ساحەی سەرۆکایەتی. ئێمەش خۆمان حازرکرد لە ڕێگەی هەڤاڵانەوە بەڕێکەوتین بەرەو ڕۆژئاوا.

"لە سڵاوی عەبدوڵا ئۆجالاندا هەستم بە بابەتێکی نوێ کرد"

ئێمە گەیشتینە ساحەی سەرۆکایەتی و هەمومان بە ڕیز وەستاین بۆ ئەوەی سڵاو لە سەرۆک ئاپۆ بکەین، لە سڵاوی عەبدوڵا ئۆجالاندا هەستم بە بابەتێکی نوێ کرد. سڵاوەکەی سەرۆکایەتی زۆر زۆر گەرم بوو و توند دەستمی گرتبو و وەک بڵێی نایەوێت دەستم بەردات. پاشان ئەوەی کە منی سەرسام کرد لە ساحەی سەرۆکایەتی هەڵسوکەوتی هەڤاڵان بوو، ڕێکوپێکیی ئەوان و کارکردنیان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ سەرۆک بابەتێکی زۆر جیاواز بوو. ئەو کات من باوەڕم کرد کە ئەم کەسایەتییە کەسایەتیی سەرۆکە. کاتێک کەسێکی لەو شێوەیە دەبینی مرۆڤ جدی ئەبێ تەماشای خۆی دەکات، تەنانەت ئەو هەڤاڵانەی لەگەڵ سەرۆکایەتی بون تەماشا کردنیشیان جیاواز بوو، ڕاوەستانیان جیاواز بوو مرۆڤ سەرسام دەبو بە بینینی ئەو دیمەنانە و هەستت ئەکرد کە بابەتی گرینگ هەیە لێرە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

پێمانی وتی:" ئێمە لێرە خۆمان دروست ئەکەین، پێویستە خۆمان دروست بکەین چونکە ئەرکمان قورسە"

ڕێگای ئێمە سەخت بوو تاکو گەیشتینە لای عەبدوڵا ئۆجالان، بۆیە هەستی بە ماندویەتی ئێمە کرد و پێمانی وت ئێوە بەخێر بێن، ئێوە ڕێگاکەتان سەخت بوو، بەڵام لە ئەنجامدا گەیەشتن، ئێمە لێرە خۆمان دروست ئەکەین، پێویستە خۆمان دروست بکەین، چونکە ئەرکمان قورسە. ئێوە خۆتان دەزانن بەناو شەڕدا دەرباز بوون و هاتون بۆ ئێرە، ئەگەر ئێمە خۆمان ڕێک نەکەین و خۆمان پەروەردە نەکەین ناتوانین ئەم شەڕە قازانج بکەین. لەو کاتەدا تەماشای دکتۆر باهۆز ئەرداڵی کرد و لێی پرسی دکتۆر تۆ حازری بۆ ئەم شەڕە؟ توانای ئەم شەڕەت هەیە؟ بەو شێوەیە لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی تر گفتوگۆی دەکرد و لە کۆتاییدا وتی، بچن ئیسراحەت بکەن.

حەفتەی جارێک سەرۆک ئەهات بۆلامان ئێمەش لەگەڵ هەڤاڵان بوین، پەروەردەی هەڤاڵان زۆر قورس و گران بوو، هەستم بە بێهێزی دەکرد لەبەرامبەر ئەو مژارانەی باس دەکرا. هەمو کات ئەو قسەیەی سەرۆکایەتی ئەهاتەوە بیرم کە دەیوت ئێوە حازرن بۆ ئەم شەڕە؟ لێوردبونم زۆر زۆر بوو، گۆڕانێکی ئاسان نەبوو.

ئەو ساحەیە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی بو و هەر ئەویش بەڕێوەی دەبرد لە لایەنی فکری و پراکتیکی، هیچ کەسێک لەو ساحەیە دەربازی نەدەبو هەرکەسێک بوایە پلاتفۆرم دەکرا لە لایەن سەرۆکایەتی و هەڤاڵانییەوە. عەبدوڵا ئۆجالان ئەوەندە زیرەک بوو لە نرخاندنی کەسایەتی بێ ئەوەی قسەت بکردایە دەیزانی هەڵسوکەوتی تۆ چۆنە و تایبەتمەندیی تۆ چیە و لە چ بارودۆخێکدا ژیان دەکەی.

ئەوەی جێی سەرنجی من بو چەند کێشەیەک لەناوبەری هەڤاڵانی ژن و هەڤاڵانی پیاو دروست ببو و گەیشتبووە ئاستێک کە چیتر دەبو سەرۆکایەتی ئاگادار بکرێتەوە و ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. کاتێک سەرۆکایەتی هەستی بەو بابەتە کرد خۆی هات، ئیتر لەو کاتەدا هەمووی چاوێکی بو بە دە چاو و زۆر بە وریاییەوە گوێمان دەگرت کوا بزانین سەرۆکایەتی چی دەڵێت. مژارەکە ئەوەندە گرینگ بوو بە ئاستێک نزیکەی شەش سەعات سەرۆکایەتی قسەی لەسەر کرد بەوەش دەزانم شەش سەعات زیاتر بوو، چەنکە کامێرا دیمەنی دەگرت دوو جار کاسێتی گۆڕێ، ئەو کات هەر کاسێتی ٣ سەعات بوو بۆیە شەش سەعات زیاتر قسەی لەسەر کرد.

"لە باسی شەهید زیلاندا سەرۆک لەوێ وتی، من عەسکەری شەهید زیلانم من ئەندامی شەهید زیلانم، شەڕ دەکەم بۆ ئەوەی بگەم بە شەهید زیلان"

چەند هەڤاڵێکی بانگ کرد و پرسیی لێیان کوا دەنگ و باس چیە و چی ڕویداوە، زۆرێک نەیاندەویست بابەتەکە بەلایەک بشکێننەوە و هەندێکیش بێ جدیەتی پێوە دیار بوو، دواتر چەند هەڤاڵێکی ژنی بانگ کرد و ئەوان قسەیان کرد. یەک لەوان زۆر جوان قسەی کرد و وتی سەرۆک کێشەی هەڤاڵی ژن هەیە و ئەوانەش دەیانەوێت دەستێوەردان بکەن و منیش ڕێگە بەو شتە نادەم چونکە پێویستە خۆمان چارەسەری بکەین. زۆرێک هەستان قسەیان کرد و دواتر سەرۆک دەستی پێکرد، بە بڕوای من قسەکردنی سەرۆک زۆر مێژویی بو لەسەر ئەو مژارە، هەموی بێدەنگ بون و سەرۆک بە باوەڕیەوە دەستی بە نرخاندنەکانی کرد. سەرۆک کلیلی ئەو گرێیە لە مێژودا دۆزیەوە و لە سەردەمی چاخی بەردینەوە باسی کرد هەتاکو گەیشتە شەهید زیلان، لە باسی شەهید زیلاندا سەرۆک لەوێ وتی، من عەسکەری شەهید زیلانم من ئەندامی شەهید زیلانم، شەڕ دەکەم بۆ ئەوەی بگەم بە شەهید زیلان. لە کەسایەتیی شەهید زیلاندا کێشەکەی چارەسەر دەکرد و دەیوت ئەم ڕێکخستنە شەهید زیلان سەری دەخات ئەم ڕێکخستنە ژن سەری دەخات.

لە پاش ئەوەی کە کۆتایی بە کێشەکە هێنا و چارەسەر بوو، کۆتا سەعات جۆش و خرۆشی پێمان بەخشی لە قسەکانیدا. یەک یەک ئەوەی دا بە گوێمان کە پێویستمان بو گوێمان لێی بێت بۆیە لە کۆتاییدا هەموی بە کەیف خۆشی کۆتایی بە کێشەکە هێنا و کەس دڵگران نەبوو. ئەوە ڕوداوێکی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو کە من بینیم لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی.

کاتێک بومە کامێرامانی سەرۆکایەتی چیتر زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ ئەو بەسەر دەبرد، ڕۆژێک بانگی منی کرد و وتی تۆ لەکوێوە هاتوی؟ منیش وتم من خەڵکی سلێمانیم، پاشان وتی، کوا بزانم چی لەسەر سلێمانی دەزانی بۆم باس بکە و بزانم تا چەند سلێمانی دەناسی، کەسایەتی کۆمەڵگای سلێمانی مێژوی سلێمانی ئەوانەم بۆ بنوسە با بیبینم.

"مرۆڤی زوو قازانج دەکرد و دەیکرد بە فەرماندارێکی ڕێکخستن"

 دەربارەی بابەتێک کە زۆر سەرنجمی ڕادەکێشا قازانجکردنی مرۆڤ بو، مرۆڤی زوو قازانج دەکرد و دەیکرد بە فەرماندارێکی ڕێکخستن بێ گوێدان بە ڕابردوی ئەو کەسە یاخود توانای ئەو کەسە. گەنجێک هاتبو خەڵکی ئاگری بوو گومانی زۆر لەسەر بوو کە ئاخۆ ئەمە بۆچی هاتوە بۆ ئێرە، چی دەوێت؟ پاشان بۆمان دەرکەوت میتی تورکی ناردویەتی و بۆ سەرۆکایەتی هاتوە. کاتێک دڵنیا بوینەوە لە مەسەلەکە سەرۆکایەتیمان ئاگادار کردەوە، ئەویش لە وڵامدا وتی ئەو کەسە بە بەرنامە وای لێهاتوە و نێردراوە، ڕاستینەی خۆی نازانێ ئەوان ناردویانە ئێمە تێک بدات ئێمەش ئەبێ هەوڵ بدەین قازانجی بکەین بزانین کامە گروپەمان سەرکەوتو دەبین ئەوان یاخود ئێمە. هەڤاڵان زۆر زۆر کاریان لەسەر کرد و زۆر لەگەڵی هەوڵیاندا بیرمە جارێکی یاریمان دەکرد لەگەڵ سەرۆک، ئەو گەنجە لە گروپی بەرامبەری سەرۆکایەتی بو، سەرۆکایەتی بانگی کرد و وتی، لێرەش لە دژ من یاری دەکەی؟ کوا وەرە گروپەکەی من با بەیەکەوە یاری بکەین. بەو شێوەیە سەرۆک گەنجەکانی قازانج دەکرد تەنانەت ئەگەر سیخوڕ و نێردراویش بونایە.

ژ.ت

بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ دکتۆر محەمەد هەژار

.....

بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ محەمەد ئەمین پێنجوێنی

..................

بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ مامۆستا جەمیل ئەحمەد