بیلمەز: گۆشەگیریی تەواو نەبێت ئاڵۆزیش تەواو نابێت

ئیبراهیم بیلمەز، یەکێک لە پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدساڵ ڕایگەیاند، پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم/ ١٧ی ڕەزبەر بە گۆشەگیری لە ئیمرالی و چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد بەردەوامە.

بیلمەز ڕایگەیاند، لە ئیمرالی یاسا جێبەجێ نابێت و وتی: "تورکیا ناتوانێت ببێتە دیموکراتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت لە ئاڵۆزی ڕزگاری ببێت، چونکە کێشەی کورد بەردەوامە".

لە ٧ی ئاب/ ١٦ی گەلاوێژەوە پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدساڵ ناتوانن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیدار بکەن. ئیبراهیم بیلمەز، یەکێک لە پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەد ساڵ گۆشەگیریی ئیمرالی لەدژی ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) تاوتوێ کرد. بیلمەز ئەوەی بیرهێنایەوە کە سروشتیترین مافە پارێزەر بتوانن بریگرتەی خۆیان ببینن، بەڵام لە ٧ی ئابەوە، وێڕای ئەوەی هەموو چوارشەممەیەک سەردانی بەرپرسانمان کردووە، بەڵام هەموو سەردانەکانمان بێ وەڵام ماونەتەوە.

بیلمەز ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە بەردەم ڕێگریکردنەکانیان هیچ بەربەرستێکی یاسایی نییە، بۆیە سەردانەکانیان بێ وەڵام دەهێڵدرێنەوە.

'کاتێک بابەتەکە بەڕێز ئۆجالان بێت، مافی سروشتیش پێشێل دەکرێت'

بیلمەز ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئیمرالی میکانیزمێکی مەزاجی و نایاسایی بەکار دەهێنرێت و ئەوەی وەبیر هێنایەوە، مرۆڤەکان خاوەن مافی سرووشتین، هەموو کەسێک دەبێت بەبێ جیاوازی بتوانێت سوود لەو مافە سرووشتیانە وەربگرێت، "بەڵام کە بابەتەکە بەڕێز ئۆجالان بێت، لە ساڵی ١٩٩٩ەوە ئەو مافە سرووشتییانە بەردەوام پێشێل دەکرێن".

'گۆشەگیریی ئۆجالان لە سوریا دەستیپێکرد و لە ئیمرالی گەیشتە ترۆپکی خۆی'

بیلمەز ڕایگەیاند، ئەوە میکانیزمی گۆشەگیریی خۆیەتی و باسی لەوەش کرد، گۆشەگیرکردنی ئۆجالان پێش ئیمرالی، لە سوریا دەستیپێکرد. بیلمەز ڕاشیگەیاند، دوای گرتنی هەموو دەرگاکانی ئەوروپا لە بریگرتەکەیان، ئۆجالان گۆشەگیریی لەدژی ئەو لە ئیمرالی گەیشتە ترۆپکی خۆی. بیلمەز ئەوەشی وت، بریگرتەکەیان لە چوارچێوەی پیلانی ٩ی تشرینی یەکەمی نێونەتەوەیی هەوڵیان دا بەتەنیا بەجێی بهێڵن، لە ئیمرالی گۆشەگیرییەکی قورسیان لەدژی ئۆجالان جێبەجێ کردووە وتی، "رێگریکردن لە دیدارکردنەکانی ئێستا، دەرەنجامی ئەو سیستەمەی گۆشەگیریکردنە. سیستمی گۆشەگیری ئێستاش جێبەجێ دەکرێت".

'تورکیا دیموکراتیک نابێت چونکە ..'

بیلمەز ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندی گۆشەگیریی لە ئیمرالی پەیوەندی بە دۆخی سیاسی لە تورکیا هەیە، تورکیا نابێتە دیموکراتی، چونکە لە بنەڕەتەوە کێشەی کورد چارەسەر نەکراوە. بیلمەز ئەوەشی وت، کێشەی بنەڕەتی کۆماری تورکیا ئەوەیە و لەبەرئەوەش دەستووری تورکیا دیموکراتیک نابێت، ڕژێمی کەسێک بوەتە دامەزراوە. بیلمەز ڕاشیگەیاند، لەپشت هەموو ئەوانەوە چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد هەیە و ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی ڕۆژئاواش پەیوەندی بە مەسەلەی کوردەوە هەیە، ڕێکخستنبوونی ئەلتەرناتیفی بزووتنەوەی کورد لەو شوێنە دەوڵەتی تورک بێزار دەکات. بیلمەز وتی، ئەگەر تورکیا کێشە کوردییەکەی چارەسەر بکات و مافەکانی گەلی کورد بدات، دەبێت بە پرۆژەیەکی نزیک لە ڕێکخستنی کوردان لە ڕۆژئاوا نەبێت و بۆ ئەوەش پێش هەموو شتێک گۆشەگیریی لە ئیمرالی کۆتایی پێ بێت.

بیلمەز تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و وتی: "ئەگەر لە کاتی خۆیدا بۆ چارەسەرییەکی ئاشتیانە و دیموکراتیک لە دەوری مێزێک دانیشتبان، دۆخەکە ئەمڕۆ بەو شێوەیە نەدەبوو. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزییەک هەیە. ئێستا ئەگەر تورکیا کێشەی کورد بە پێرسپێکتیڤی دیموکراتی چارەسەر کردبا، لەوانەبوو سوریاش چارەسەر ببایە. ئەگەر مەسەلەکە پێش ڕوودانی بەهاری عەرەبی چارەسەر کرابا، لەوانەبوو ئەو شەڕەی قەوما ڕووی نەدابوایە. لەبەرئەوەی ئەو مۆدێلە دیموکراتییەی تورکیا لەگەڵ کوردەکان سەریدەخست بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبووە نمونەی دیموکراتبوون. بەڵام لەبەرئەوەی لە جیناتەکانی دەوڵەتی تورکدا فۆبیای پارچەپارچەبوون و بەکارهێنانی پرسی کورد هەیە، ئەوە جێبەجێ نابێت".