بە هۆی قەیرانی ئابووریەوە ڕۆژانە ٣٨کارگە لە تورکیا دادەخرێن

تورکیا لە قەیرانێکی جددی ئابووریدایە و ڕۆژانە لانیکەم ٣٨ کارگە دادەخرێن.

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەی بیرگون، لە سەرەتای ساڵی نوێی ٢٠١٩وە داڕمانێکی گەورەی ئابووری لە تورکیا دێتە ئاراوە.

لە هەواڵی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە تەنها لە مانگی کانوونی دوویەم/ڕێبەندان دا دوو هەزار و ٤١٧ کۆمپانیا، لە مانگی شوباتد/ڕەشەمە ٦٨٢ کۆمپانیا، لە مانگی ئادار ٧٨٠ کۆمپانیا، لە مانگی نیسان ٦٢٣ کۆمپانیا، لە مانگی گوڵاندا ٦٥٢ کۆمپانیا و لە مانگی حوزەیران /پووشپەڕدا ٧٥٢ کۆمپانیا، لە تورکیا داخراون. بەو شێوەیەش لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، لە تورکیا لانیکەم پێنج هەزار و ٩٠٦ کۆمپانیا داخراون.

 بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە مانگی کانوونی دوویەم-ی ساڵی ٢٠١٧دا هەتا مانگی حوزەیران-ی ئەمساڵ، ٢٠ هەزار و ٦٠٧ دوکان و کارگەی بچووک داخراون. بەو شێوەیەش بە تێکڕایی دەکاتە ٣٨ کارگە لە ڕۆژێکدا کە داخراون.

یەکێتی ژووری بازرگانی تورکیا ئاشکرایان کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٧ دا ١٤ هەزار و ٧٠١ کارگە داخراون.

لە ئێستادا ئابووری تورکیا بەشێوەیەک داڕماوە کە تەنانەت بانکەکانیش لە قەیراندان. بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووریەوە بانکەکان لقەکانیان لە شار و شارۆچکەکاندا دادەخەن. بۆ نموونە لە ماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا، ٤٥٨ لق و نوسینگەی بانکی تورکیا لە شوێنە جیاوازەکانی ئەو ووڵاتەدا داخراون. لەو ڕێژەیەش، ساڵی پار ٣٢٥ لق و نووسینگەی بانک داخراون، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا ١٣٣ لق و نووسینگەی تری بانکەکانی تورکیا داخراون.

ک-ش