بەرخودێرانى ١٤ى تەمووز لە هامبورگ یادیان کرایەوە

لە ٣٦هەمین ساڵیادى شەهادەتى کادێرە پێشەنگەکانى پەکەکە، کەمال پیر، محەمەد خەیرى دورموش، عەلی چیچەک و عاکیف یڵماز لە شارى هامبورگى ئەڵمانیا مەراسیمێکى یادکردنەوەیان بۆ بەڕێوەچوو.

کادێرە پێشەنگەکانى پەکەکە کەمال پیر، محەمەد خەیرى دورموش، عەلی چیچەک و عاکیف یڵماز لە ١٤ى تەمووزی ١٩٨٢ / ٢٣ى پووشپەڕ لە هۆلى ژمارە ٥ى زیندانى ئامەد چالاکیى مانگرتنى گەورەیان ئەنجامدا و بەو هۆیەوە ژیانیان لە دەستدا. ئەو کادێرە پێشەنگانەى پەکەکە لە هامبورگ یادیان کرایەوە.

لەو یادکردنەوەیەدا یادى گەریلا رەمەزان ئەرسەلان (جۆتکار کارکەر) چەولیکى کرایەوە، کە لە ناوچەى یەدی سوو لە چەولیک لە شەڕ لە دژى سوپاى تورکیا شەهید بوو.

یادکردنەوەکە لە ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە هامبورگ بەڕێوەچوو. فرات ئەرسەلان برای رەمەزان ئەرسەلان، ئایفەر یوکسەل پوری رەمەزان ئەرسەلان و چەندین کوردستانى تر ئامادەى مەراسیمى یادکردنەوەکە بوون.

ئەوانەی زولمیان کرد تێکشکان

براى ئەرسەلان لە یادەکەدا وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، براکەى بۆ ئافراندنى ژیانێکى بە شکۆ و کەرامەت ژیانى خۆى بەخشیوە. راشیگەیاند "ئازاری شەهیدبوونەکەى و نەمانى لە ناوماندا هەر چەندە قورسە و دڵگرانمان دەکات، بەڵام شەهیدبوونەکەى بۆ بنەماڵەکەمان بووەتە چاوگەى کەرامەت و شکۆ".

فرات ئەرسەلان سوپاسی ئەو کوردستانیانەى کرد کە ئازارەکەیان لەگەڵ بەش کردوون و هاوخەمیان بوون و رێگایان نەداوە هەست بە تەنهایى بکەن.

بورهان کۆجامان سیاسەتمەداری کورد رایگەیاند، هەزارن کورد بە بێ دوو دڵی بۆ تێکۆشانى ئازادیى کوردستان گیانى خۆیان بەخشی. لە درێژەى قسەکانیدا وتی "ئێمە قەرزاری ئەو کەسانەیەن، کە دەیانوت لەسەر گۆڕەکەمان بنووسن 'ئێمە قەرزارى گەلەکەمانین'. ئەوان بە رادەیەک حەزیان لە ژیان دەکرد، کە ئامادەبوون ژیان خۆیان لە پێناو ژیاندا ببەخشن. گەورەترین چەکی ئەو  بەرخودێرانە، جەستەیان و ئایدۆلۆژیاکەیان بوو. ئەوانەى لە زیندان تێکشکان نەک ئەوان نەبوون، بەڵکو ئەوانە بوون زوڵمیان دەکرد و زاڵمەکان تێکشکان".  

تۆوی ئەو بەرخودانەى لە زیندانی ئامەد دا چێنرا لە رۆژئاوا رووا و بەری دا

میقدادت عەفرین نوێنەرى پەیەدە لە هامبورگ لە یادەکەدا باسى لە گرنگیى شۆڕشى رۆژئاوا کرد و وتى، ئەو تۆوەى لە زیندانى ئامەد چێنرا دواى چەندین ساڵ لە رۆژئاواى کوردستان رووا و بەری دا و ژیانى خوڵقاند. ئەوەى خۆی بە خاوەن کەرامەت و شکۆ دەزانێت دەبێت پشتیوانى لەو شۆڕشە بکات.

لە بەردەوامیى یادەکەدا سینەفیزیۆنێک لەسەر رەمەزان ئەرسەلان و بەرخودێرانى تەمووز پەخشکرا و دواتر مەولود بۆ شەهیدەکان بڵاوکرایەوە.

ر.م