بەرخۆدان لەدژی کودەتای قەیوم لە ئامەد کەوتە ڕۆژی شەشەم

چالاکی دانیشتن کە هەدەپەییەکان لەدژی کودەتای قەیوم بەسەر گەورە شارەوانییەکانی ئامەد دەستیانپێکردووە، لە کۆڵانی لیسە بەردەوامە.

دوای کودەتا بەسەر شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان چالاکییەکانی شەرمەزارکردن بەردەوامن. چالاکی دانیشتن کە هەدەپە دەستی پێکردووە، لە ڕۆژی شەشەمدا ئەمڕۆ دیسان لە کۆڵانی لیسە دەستپێکرد. لە چالاکی دانیشتنەکەدا پەرلەمانتارانی هەدەپە فەلەکناس ئوجا، مەرال دانش بەشتاش، سالیحە ئایدەنیز، عەیشە ئاجارا باشاران، دێرسم داغ، ڕەمزییە تۆسون، گارۆ پایلان، موسا فارسۆگولەر، نوردەین ماچین، سەمرا گوزەل، هۆشیار ئوزسۆی و کەمال پەکۆز، هاوسەرۆکی شارەواوی ئامەد سەلجوق میزراکلی، هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەکان، دایکانی ئاشتی، بەڕێوەبەرانی هەدەپە و دەبەپە، چالاکوانانی تژا و چەندین کەسی ئامادەبوو. ژنان لە کاتی چالاکی دانیشتن هەلهەلەیان لێدا، چەندین جار بە دروشم دەوترێت "لە بەرخۆداندا سەردەکەوین".

شارەوانیان گەمارۆ داوە، ڕێگەیان گرتووە

پۆلیس بەردەم و دەوروبەری گەورە شارەوانی ئامەدی گەمارۆ داوە. کۆڵانی خارپێت و ڕێگەکانی تهێلان لە ترافیک داخراون، ئۆتۆمبیلی تۆما لەسەر هەموو ڕێگەکان دانراون. کۆڵانی لیسە کە چالاکی دانیشتنی تێدا دەکرێت، بە قەڵغانی پۆلیسەکان داخراوە.