بەرخۆدێری مانگرتوو جەمال کۆبانێ لە بەرلین بە پەلە رەوانەى نەخۆشخانە کرا

جەمال کۆبانێ بۆ کۆتایهێنانی گۆشەگیری لەگەڵ ٣ چالاکوانی دیکە لە بەرلین لە چالاکی مانگرتن دایە و بەپەلە برایە نەخۆشخانە. کۆبانێ چارەسەری قبوڵ نەکرد و لە چالاکی خۆی بەردەوامە.

چالاکیی مانگرتنی عومەر باگدوور، جەمال کۆبانێ، شیار خەلیل، مەلا مستەفا تووزاک لە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە.

جەمال کۆبانێ لە ٢٩ی کانوونی دووەم / ٩ی رێبەندانەوە تاوەکو ئێستا واتە ماوەى ١١٣ رۆژە لە چالاکیی مانگرتن دایە. ئێوارەی دوێنێ دۆخی تەندروستیی تێکچوو و بەو هۆیەوە ئەمبولانس و دکتۆر بە پەلە هاتنە شوێنی چالاکییەکە پشکنینى تەندروستییان بۆ کرد.

بەهۆی خراپی و قورسیى دۆخی تەندروستییەوە کارمەندانی تەندروستی بڕیاریان دا بیببەنە نەخۆشخانە و دکتۆرەکان رایانگەیاند، تێکچوونى تەواوتیى ئەندامەکانی ناوەوەی جەستەى کۆبانێ نزیکبووەتەوە و لەبەر ئەوەش پێشنیازی چارەسەریان بۆ کرد، بەڵام کۆبانێ چارەسەری رەت کردەوە.

جەمال کۆبانێ ئەو ئاوەشی رەتکردەوە، کە کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانە پێشکەشیان کردبوو و خواستبووی  بگەڕێتەوە بۆ لای هاوڕێ مانگرتووەکانی، بۆیە دوای ماوەیەکی کورت گەڕاندیانەوە لای هاوڕێ مانگرتووەکانی.

کۆبانێ رایگەیاند، خاوەنی بڕیاری خۆیەتی بۆ بەردەوامیی دان بە چالاکییەکەی.

جەمال کۆبانێ ماوەی ١١٣ رۆژە لە چالاکی مانگرتن دایە.

ر.م