بەرپرسى دۆسیەى تورکیا: ئەندامبوونى تورکیا لە یەکێتیى ئەوروپا بوو بە خەون!

کاتى پیرى بەرپرسى دۆسیەى تورکیا لە پەرلەمانى یەکێتیى ئەوروپا رایگەیاند، دەبێت ئەنقەرە بۆ ماوەى ٥ ساڵی داهاتوو بیر لە دانوستان لەبارەى ئەندامبوونى تورکیا لە یەکێتیى ئەوروپا نەکاتەوە.

کاتى پیری ریپۆرتەر و بەرپرسی دۆسیەى تورکیا لە پەرلەمانى یەکێتیى ئەوروپا بە بەشى تورکیى ئاژانسى هەواڵى دۆیچە ڤێلەى ئەڵمانیا (DW)ی رایگەیاند، مۆدێل و شێوازى ئەندامبوونى تورکیا لە یەکێتیى ئەوروپا ئیتر وەک بژاردەیەک لە بەردەستدا نییە و رایگەیاند، داوا دەکەن پرۆسەى دانوستانەکان بۆ وەرگرتنى تورکیا لە یەکێتیى ئەوروپا رابگیرێت.

"هەڵبژاردنەکان دادپەروەرانە نەبوون"

پیرى راشیگەیاند، کەمپەینى هەڵبژاردنەکان لە تورکیا دادپەروەرانە نەبوو و لەوباریەوە وتى "بەڕێوەبردنى نوێى سەرۆکایەتی بە مانای ئەوەیە هێزێکى زۆر بخرێتە دەستى کەسێک. ئەگەر ئەردۆغان باشترین کەسى دیموکراتیکى جیهانیش بێت، بەڵام پێویستە هاوسەنگیى هێزەکان بۆ هەموو سیاسەتمەدارێکیش پەیڕەو بکرێت، ئەو هاوسەنگییە لە سیستمى نوێى سەرۆکایەتیى تورکیادا بوونى نییە".

"داواى راگرتنى دانوستانەکان بۆ وەرگرتنى تورکیا لە یەکێتیى ئەوروپادا دەکەین"

پیری ئەوەشى وتووە "پەرلەمانى ئەوروپا رایگەیاندبوو، ئەگەر گۆڕانکارییە دەستوورییەکان لە تورکیا جێبەجێ بکرێن، ئەوا داواى راوەستاندنى پرۆسەى دانوستانەکان دەکەن لەگەڵ تورکیا. ئێمە گەیشتووینەتە ئەو ئاستە. هەڵوێستى پەرلەمانى ئەوروپا نەگۆڕاوە، بەڵام بە داخەوە دەوڵەتى تورکیا ئامادەى ئەنجامدانى هیچ گۆڕانکارییەک نییە. بۆیە دەبێت تاوەکو ٥ ساڵی داهاتوو دەستبەرداری خەونى بوون بە ئەندام لە یەکێتیى ئەوروپا ببن. لە راپۆرتى ئەمساڵدا لەبارەى تورکیاوە، ئێمە داوا دەکەین پرۆسەى دانوستانەکان بۆ وەرگرتنى تورکیا لە یەکێتیى ئەوروپا رابگیرێت".

"نابێت بڕیارەکان لە دەستى کەسێکدا بن"

 پیری باسى ئەوەشیکردووە "پێویستە بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیى ئەوروپادا دیموکراسیى لیبراڵ بوونى هەبێت، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەیرى دەستوورى تورکیا دەکات، ئەوە دەردەکەوێت، کە وڵاتەکەیان بە پرۆژە بڕیارەکانى باری نائاسایى و بڕیارەکانى سەرۆکایەتى بەڕێوەدەچن. نابێت بەڕێوەبردن و بڕیارەکان تەنها لە دەستى کەسێکدا بێت. نابێت کەسێک ئەوەندە هێزى لە دەستدا کۆبکرێتەوە".

"نابێت گەلانى تورکیا گۆشەگیر بکرێن"

پیری ئەوەشى خستەڕوو، ئیتر مۆدێلى ئەندامبوونى تورکیا لە یەکێتیى ئەوروپا بژاردەی بەردەستیان نییە، بەڵام دەبێت گەلانى تورکیا گۆشەگیر و دابڕاو نەکرێن.

پیری ئاماژەى بەوەشکرد، ماوەى ٢ ساڵە دەوڵەتى تورکیا گوێى لە قسەکانیان نەگرتووە و لەو بڕوایەشدا نین، کە لە ناکاو هەموو شتەکان بەرەو باشى بڕۆن.

ر.م