بەرپرسێکى باڵاى بانکى ناوەندیى ئێران دەستگیرکرا

لە ئێران قەیرانى ئابووری قوڵبووەتەوە و ئاڵۆزیش لەگەڵ ئەمریکا رووی لە زیادبوون کردووە. لە چوارچێوەى ئەو قەیرانانەدا جێگرى سەرۆکى بانکى ناوەندیى ئێران دەستگیرکرا.

غوڵام حوسێن موحسینى ئژەیى وتەبێژى دەزگاى دادوەریى ئێران رایگەیاند، ئەحمەد عێراقچی جێگری سەرۆکى بانکى ناوەندیى ئێران و چەند بەرپرسێکى تر و چەند کەسێکى سەڕاف بە تۆمەتى ساختەکاری و شێواندنى راستییەکان دەستگیرکراون.

چاوەڕێ دەکرێت گەمارۆکانى ئەمریکا لە دژى ئێران رۆژی ٦ى ئاب، واتە ئەمڕۆ بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. ئەوەش کاریگەرییەکى گەورە لەسەر ئابووریى ئێران و بەهای پارەى ئێرانى دادەنێت و لە ئێستادا بەهای تمەنى ئێران بەرامبەر بە دۆلار زۆر بێ بەها بووە.

هاوکات میدیاکان بڵاویانکردەوە، لە شارى کەرەج لە رۆژئاواى شارى تارانى پایتەختى ئێران ژمارەی هێزەکانى پۆلیس زیادکراون. بەهۆى بەرزبوونەوەى بەهای کاڵا و کەلوپەلەکان لە ئێران و هەروەها زۆربوونى کاتەکانى بڕینى کارەبا و ئاو، ناڕەزایەتییەکى زۆر لە ناو هاووڵاتییاندا سەریهەڵداوە و ماوەى هەفتەیەکە خەڵک لە چەند گەورە شارێکى ئێران بەردەوامن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى. خۆپیشاندانەکانیش زیاتر شارەکانى ئیسفەهان، مەشهەد، ئەهواز، کەرەج و شیراز و چەندین ناوچەى تریشی گرتووەتەوە.

ر.م