بەشتاش: بە دڵنیاییەوە هەرگیز گەل و هەدەپە سەردانانەوێنن!

مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری سێرتی هەدەپە رایگەیاند، ئاکەپە دەیەوێت بە ئۆپراسیۆن لە دژی سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسان درێژە بە مانەوەى دەسەڵاتەکەى بدات و گەل ناچار بە سەردانەواندن بکات، بەڵام ئاکەپە سەرناکەوێت.

مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری سێرتی هەدەپە لێکدانەوەى بۆ ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیى ئەمدواییەى دەوڵەتى تورکیا لە ٨ شاردا لە دژی هەدەپە کرد و وتى، ئەو ئۆپراسیۆنانە نیشانی دەدات ئاکەپە زوو بە زوو دەستى بەکاری هەڵبژاردن کردووە.

بەشتاش وتیشی، چیدەکەن با بیکەن، هەدەپە هەر بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات و هەموو ئەو شارەوانییانەى لە رێگەى قەیومەوە دەستیان بەسەردا گیراوە دووبارە بە دەست دەهێنێتەوە و بە دڵنیاییەوە گەل و هەدەپە هەرگیز سەر دانانەوێنن.

بەشتاش ئەوەشى وت، ئۆپراسیۆنى سڕینەوە و پاکتاوی سیاسی، کە لە ٨ شاردا ئەنجامدران لە رووی یاسایى و مافەکانەوە نەک پێشێلکارین، بەڵکو دوورن لەو بنەمایانە. ئەو ئۆپراسیۆنانە بەردەوامیى ئۆپراسیۆنەکانى ساڵی ٢٠٠٩، کە دەوڵەتى تورکیا "لە دژی کەجەکە" ئەنجامیدان.

ئەو پەرلەمانتارەى هەدەپە رایگەیاند، هەر وەک ئۆپراسیۆنەکانى ساڵی ٢٠٠٩ ئێستاش سیاسەتمەداران، رۆژنامەنووسان، ئەندامانى ئەنجوومەنى ژنان و هاوسەرۆک شارەوانییەکان کراونەتە ئامانج و کاتێکیش لە دواى دەستگیرکردن دەست دەکەن بە پرسیارکردن لە دەستگیرکراوەکان، بە تەواوی ئەوە دەردەکەوێت، کە ئۆپراسیۆنەکان و دەستگیرکردنەکان هیچ بنەمایەکیان نییە.

بەشتاش راشیگەیاند "لە دواى دەستگیرکردنەکان لێیان دەپرسرێت، ئێوە پەیوەندیتان بە رێکخستنی نایاساییەوە هەیە یان نا؟ ئێوە ناوی کۆد (ناوی نهێنی)تان هەیە یان نا؟ ئەندامێکى رێکخستن هاتبوو بۆ ماڵی ئێوە؟ ئەو پرسیارانە بۆ هەموو دۆسیەیەک و بۆ هەموو دەستگیرکراوێک و بۆ هەموو کەسێک ئامادەیە و بە بەردەوامى لە هەموو کەسێکى دەپرسن. هیچ بەڵگەیەکیشیان نییە و هیچ بەڵگەیەکیشیان بۆ ساغ نابێتەوە، بۆیە ئەوانە نیشانەی ئەوەیە، کە ئاکەپە پێشوەختە دەستیکردووە بە کار و ئامادەکاریى هەڵبژاردن بۆ خۆی کردووە".

بەشتاش ئەوەشى خستەڕوو، ئۆپراسیۆنەکانى پاکتاوی سیاسی یەکڕاست لە دوای لێدوانەکەى تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەى قەیومەکانەوە دەستیپێکرد. ئەوەشى وت "ئێمە باسی سەرۆک کۆمارێک دەکەین، کە چەند مانگ لەوە پیش بەهەموو ئەو کەسانەى دەنگیان بە هەدەپە دابوو دەیوت "تیرۆریستن". ئەوەش بۆ خۆی نیشانەى ئەوەیە، کە هەڵبژاردنەکە تاوەکو چ رادەیەک فۆرمالیتە و شکلییە، بەڵام چیدەکەن با بیکەن، هەدەپە هەر بەشداریى هەڵبژاردن دەکات و بە دەنگێکى بەرز هەموو ئەو شارەوانییانەى لە رێگەى قەیومەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراون و داگیریان کردوون بە دەست دەهێنینەوە".

'کەس ناترسێت، بەڵام توڕەبوونی مرۆڤ زیاتر دەکات'

بەشتاش ئاماژەی بەوەکرد، ئاکەپە دەیەوێت بەو ئۆپراسیۆنانە درێژە بە مانەوەى خۆی و دەسەڵاتەکەى بدات و سەر بە گەل دابنەوێنێت، بەڵام هەر وەک چۆن پێشتر ئەو شێوازە سەرنەکەوت ئێستاش ئەو پەلاماردانانە سەرناکەون.

بەشتاش دۆخی ئێستای شوبهاند بە دۆخی هەڵبژاردنی پێشوەختەى ١ی تشرینى دووەمی ٢٠١٥ و ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ و لەو بارەیەوە وتى "دەیانەوێت هەڵکوتان و دەستگیرکردن و رێگریکردن بکەنە بابەتێکى رۆژانە و ئاسایى، بەڵام ئێمە ئەو پێشێلکارییانە قبوڵ ناکەین و هەرگیزیش قبوڵی ناکەین. هەرگیز شوێنى هەڤاڵەکانمان بە بۆشی نامێنێتەوە. با ئەوەیان لە بیر نەچێت بەو دەستگیرکردنانە، بە گوشار و کردەوەى دژە دیموکراتیک بەرامبەر بە هەدەپە، نە دەنگدەرانی ئێمە و نە گەلەکەشمان ناترسین، بەڵکو تەنها توڕەیمان زیاتر دەکات. ئەو گوشار و زۆردارییانە بڕوای ئێمە بە سیاسەت، ئاشتی و دیموکراسی بەهێزتر دەکات".

بەشتاش لە کۆتایى قسەکانیدا وتی "کەس لەو ئۆپراسیۆن و گوشارانە نەترساوە و ناشترسێت، گەل و حیزبەکەمان هەرگیز سەر دانانەوێنن".

ر.م