بەشتاش: پێش ئەوەى مانگرتنەکان بەرفراوان ببن دەبێت گۆشەگیری لاببرێت

مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، پێش ئەوەى مانگرتنەکەى لەیلا گیوڤەن بە سەرتاسەرى تورکیادا بڵاوبێتەوە، دەبێت گۆشەگیرى لاببرێت.

مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکانى تورکیا و بابەتەکانى رۆژ بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

بەشتاش رایگەیاند "لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە و هاوسەرۆکى کەجەدە ماوەی ٢٦ رۆژە لە دژی گۆشەگیری لە مانگرتن لە خورداندایە. مانگرتنەکەى گیوڤەن لە دژی گۆشەگیری، نادادپەروەری، ناهەقەی و بێ مافکردن و پیشێکارییە و داواکەى گیوڤەن داواى ئێمەشە".

مەراڵ دانش بەشتاش راشیگەیاند "گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد پەیوەندیى بە ملیۆنەها کەسەوە هەیە. لەگەڵ گۆشەگیرکردندا بڕیاری شەڕ درا. گۆشەگیرکردنى بەڕێز ئۆجالان تەنها گۆشەگیرى نییە لە دژی یەک کەس. بەڵکو پەیوەندیى بە ٨٠ ملیۆن کەسەوە هەیە و ئەو گۆشەگیرییە لە دژی داهاتووی تورکیایە. هەر لەگەڵ گۆشەگیرکردندا بڕیاری شەڕ درا. ئێستا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە وڵاتى ئێمەدا هەمەوو رۆژێک بەهۆی شەڕەوە مرۆڤەکان دەکوژرێن. هۆکاری سەرەکیى ئەوەش گۆشەگیرکردنى بەڕێز ئۆجالانە".

"دەبێت پەرلەمان وەلامى داواکەى لەیلا گیوڤەن بداتەوە"

بەشتاش ئاماژەى بەوەشکرد "لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە ماوەی ٢٦ رۆژە دەستیکردووە بە مانگرتن لە خواردن، بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵات یەک راگەیاندراویشی بڵاونەکردووەتەوە و هیچ کارێکیشى بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری نەکردووە. ئەوە قبوڵ ناکرێت".

بەشتاش ئەوەشى وت "لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتارێکە، بۆیە دەبێت سەرۆکى پەرلەمان و دەستەى سەرۆکایەتیى خاوەنداری لە پەرلەمانتارەکەیان بکەن و وەڵامى داواکەى بدەنەوە. لەیلا گیوڤەن مافدارە و دەبێت بەخێرایى و دەستبەجێ کۆتایى بە گۆشەگیری بهێنرێت".

بەشتاش وتیشی، چالاکییەکەى گیوڤەن رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبێت و رۆژ لە دواى لە سەرتاسەری تورکیادا پشتیوانیى زیاتری لێدەکرێت. لە زیندانەکاندا مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەچێت و لەلایەکى ترەوە هاووڵاتییان لە دەرەوەى زیندان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. لە زۆرێک لە شوێنەکانەوە داوا دەکرێت بەشداری لە مانگرتن لە خواردندا بکەن. بۆیە دەبێت پێش ئەوەى چالاکیى مانگرتن بە سەرتاسەری تورکیادا بڵاوبێتەوە بە خێرایى و دەستبەجێ کۆتایى بە گۆشەگیرى بهێنرێت.

"ئەردۆغان بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوە دادگا نییە!"

مەراڵ دانش بەشتاش لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئاماژەى بە جێبەجێنەکردنى بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا (DMME) بۆ ئازادکردنى دەمیرتاش کرد و وتى "ئەوەى بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) جێبەجێ ناکات و دەڵێت، ئەوە دادگا نییە، ئەردۆغان بۆ خۆیەتى و ئەو راستەوخۆ رێگری لە جێبەجێکردنى بڕیارەکە دەکات. بەڵام تورکیا ناچارە بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات، ئەگەر ئەمڕۆش ئەوە قبوڵ نەکات، بەڵام زوو یان درەنگ هەر دەبێت بڕیارەکە قبوڵ بکات و جێبەجێشی بکات".

"ئاکەپە لەم هەڵبژاردنەدا سەرناکەوێت"

مەراڵ دانش بەشتاش باسی ئەوەیکرد، لەم دواییەدا شەپۆلێکى دەستگیرکردن لە دژی هەدەپە دەستیپێکردووە. دەسەڵاتى ئاکەپە ئەوەى بۆخۆی کردووەتە خوو و عادەت کە لە کاتى هەموو هەڵبژاردنەکاندا هێرش بکاتە سەر حیزبەکەمان و سیاسەتى دیلکردنى ئەندامەکانمان بەرێوەببات، بەڵام لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا ئێمە بە پشتیوانیى گەلەکەى خۆمان سەرکەوتوین و ئەویش بە هێزى پۆلیس، سوپا، پارەى دەوڵەت، هەڕەشە و گوڕەشە، بەرتیل، دابەشکردنى کاڵا، بەخشینەوەى پۆست و پلە و پارە و بە ئەنجامدانى هاپەیمانى لە گەڵ گروپە توندڕەو و فاشیستەکاندا ئینجا توانیویەتى سەرکەوتنى لاواز و نیوەناچڵ بەدەست بهێنێت، بەڵام ئێستا ئەوانەش دادی نادات و لەم هەڵبژاردنەدا سەر ناکەوێت.

بەشتایش ئەوەشی وت "ئێمە ئێستا لە پەرلەمانداین و لەگەڵ گەلانى تورکیاداین. لەم هەڵبژاردنەدا ناتوانن پێشمان پێبگرن. بەو کارانە و بەردەوامیدان بەو سیاسەتەیان هیچیان بۆ ناکرێت و ئەوە بە دڵنیاییەوە هەر قەیومەکان بە ئیرادەى گەل و بە دەنگی گەل لە سندوقەکانی دەنگداندا پاک دەکرێنەوە. هاوسەرۆک شارەوانییەکان لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن و لەبریى قەیومە داسەپێنراوەکان دەستبەکارەکانى شارەوانى و خزمەتکردنى گەل دەکەن".

ر.م