بەلجیکا: کۆبوونەوەی گەل دژبە هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا

ڕۆژی هەینی، ۲۰ی تەموزی ۲۰۱۸ لە شاری لیوڤن-ی وڵاتی بەلجیکا، بە دەستپێشخەری بەرەی نیشتیمانیی دژ بە داگیرکاریی، لە ماڵی کلتووری کوردی، کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو.

 

 

کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی تەوای شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە تایبەتیی، دەستیپێکرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە نزیکەی ٦٠ کەس لە کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان بەشداربوون و تێیدا هاوسەرۆکی بەرەی دیموکراسی گەل و مامۆستای زانکۆی دهۆک دکتۆر کامەران بەرواریی کۆڕێکی بەڕێوە برد و پاشانیش گفتوگۆ لەنێوان ئامادەبوان و دکتۆر کامەران بەرواریدا کرا.

دکتۆر کامەران بەرواری لە وتەکانیدا تیشکی خستە سەرهێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان و وتی "پرسی داگیرکاریی تورکیا تەنها لەسەر باشووری کوردستان نییە، بەڵکو لەسەر هەرکیانێکی کوردە، جا ئەو کیانە لەهەرشوێنێکی دنیادا بێت، بۆ ئەوان جیاوازی نیە. ئەوەتا تورکیا هێرشی کردە سەرعەفرین و داگیری کرد، خۆ پەکەکە لە عەفرین نیە، بۆیە ئەوەی کە هەبوونی پەکەکە لە باشووری کوردستان و قەندیل دەکەنە بیانوو، تەنها بیانوویەکە بۆ هەڵخەڵەتاندنی کوردان و ڕای گشتیی جیهانیی."

وتیشی "ئەردۆغان و ئاکەپە دەڵێن ئەگەر کوردێک لە بەرازیل بە کوردی قسە بکات، دەبێت ڕێگەی لێبگیرێت، ئەگەرکوردێک لە بیابانی ئەفریقا چادرێک هەڵبدات، دەبێت چادرەکەی بەسەردا بڕوخێنرێت. ئەگەر کوردان بڕۆنە سەرمانگ، دەبێت لەوێوە فڕێ بدرێنە خوارەوە. بۆیە نابێت هیچ کەس بە بچووک تەماشای پیلانی ئاکەپە و ئەردۆغان بکات لە دژی کوردستان بە گشتیی و باشوور و ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان بە تایبەتیی. هەرچی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشە، دەوڵەتی تورکیا لەڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا، دەیەوێت تەواوی سنورەکان بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا دابخات.

لەسەر پیلانی ئاکەپە و ئەردۆغان بۆ داگیرکاریی لەسەر هەر چواربەشی کوردستان، دکتۆر کامەران بەرواریی وتی "پیلانی ئەوان تەنها بە قەندیلەوە ناوەستێت، بەڵکو پیلانی ئەوان لە ئێستادا بۆئەوەیە کە سەرەتا سلێمانی و کەرکوک داگیر بکەن و دەست بە سەر سەرچاوە چاوەی نەوتیدا بگرن، پاشان دهۆک و هەولێر و موسلیش داگیر بکات. لەویشەوە بەرەو حەسەکە و حەلەب بەڕێ دەکەون و ئەویش داگیر بکەن، بەو شێوەیەش دەیانەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەرلەنوێ دروست بکەنەوە کە خەونی چەندین ساڵەیانە."

دەربارەی هێرشی خۆپاراستنی هێزەکانی گەریلا لە هەرێمی برادۆست و قەندیل، دکتۆر کامەران بەرواری جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەرهێزی گەریلا نەمێنێت، کوردانیش لەناو دەچن و وتیشی "باشە ئەگەر چەک دانان باش بێت، بۆچی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران دەستبەرداری چەکەکانی خۆیان نابن، بەڵکو هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان کە بڕی چەکەکانیان زیاد بکەن و ساڵانە چەندین ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن بۆئەوەی بەرزترین ئاستی تەکنیکی چەک بکڕن؟ چەک دانان بێ شەرەفیە و بێدەنگیش لەبەرامبەر ئەوهێرشە داگیرکاریانەدا بێ هەڵوێستییە. کاتێک کە سەدام دژ بە پێشمەرگە بوو، نەیدەوت  دژی پارتیم و دژی یەکێتی نیم، یان دژی شیوعیم و دژی یەکێتی نیم، بەڵکو دژبە کورد بوو. ئێستاش ئەردۆغان و ئاکەپە بە هەمان شێوە لە کورد نزیک دەبنەوە. ئەوان دژی کوردن، جا پارتی دیموکراتی کوردستان بێت یان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یان پەکەکە بێت. بۆیە زۆر گرنگە کە لایەنە سیاسییە کوردیەکان، دژ بە هێرشی سەر کوردان، دەنگیان بکەن بە یەک".

دەربارەی ڕؤلی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەسەرئەو داگیرکارییە، دکتۆر کامەران بەرواریی جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی بونیاد نراوە و وتیشی "ڕووسیا عەفرینی بە تورکیا فرۆشت و کاتێک پرسیاریان لێکرا کە بۆچی ڕێگەیان بە تورکیا داعەفرین داگیربکات، وتیان تورکیا هەموو دەرگاکانیان بۆ ئێمە کردەوە و چیمان بوێت دەتوانین بیکەین، لەبەرامبەریشدا عەفرینمان پێ فرۆشتن".

دەربارەی سەرکەوتنی کوردانیش، دکتۆرکامەران بەرواری وتی "سەرکەوتنی کوردان بە یەکڕیزی هێزە کوردیەکان لەسەر پرسە نەتەوەییەکان و دروستکردنی پەیوەندی دۆستایەتیی دەبێت لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا. لە ئێستادا وەک کورد هێزمان هەیە و پرۆژەی چارەسەرییشمان هەیە، شەڕ دژ بە داعش دەکەین و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلانمان هێناوەتە ئاراوە لە ڕۆژهەلاتی ناویندا."

لە کۆتایی وتەکانیدا ، دکتۆر کامەران بەرواریی باسی لەوە کرد کە لە باشووری کوردستان هەوڵ لە ئارادایە کە کۆنفرانسێکی نیشتیمانیی ساز بدرێت و پرۆژەی چارەسەریی دیموکراتیی بۆ باشووری کوردستان وعێراق تێیدا بخرێتە ڕوو.

هەروەها داوای لە تەواوی هیزە کوردیەکان کرد کە دەنگی خۆیان دژ بەو هێرشە داگیرکاریانە بکەنە یەک و داوای لە تەواوی کوردانیش کرد لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کە دژ بەو هێرشە داگیرکاریانە، هەڵوێست بنوێنن و چالاکی نارەزایەتیی ئەنجام بدەن.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا ، گفتوگۆی کراوە لەنێوان بەشداربوان و د.کامەران بەروارییدا ئەنجام درا.

ک-ش