"بەپێى راپۆرتەکە قەدەغەکاریى سەر پەکەکە بێسوود بووە"

پەرلەمانتارێکى ئەڵمانیا لە دژى راپۆرتەکەى دەزگاى پاراستنى دەستووریى ئەڵمانیا، کە رێکخراوە کوردییەکانی بە رێکخراوى تاوانکاری ناساندبوو، رایگەیاند "بەپێى راپۆرتەکە ئەندامانى پەکەکە لە ئەڵمانیا زیادیکردووە، ئەوەش دەیسەلمێنێت، قەدەغەکارییەکە بێسوود بووە".

دەزگاى پاراستنى دەستوورى ئەڵمانیا، دەزگاى هەواڵگریى ناوخۆیى ئەڵمانیایە راپۆرتى ساڵی ٢٠١٧ی لە رۆژی سێشەممە ٢٤ى تەمووزی ٢٠١٨ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا بەڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا راگەیاندرابوو، پەکەکە بە بەراورد بە ساڵانى پێشوو هێزەکانى خۆى دەپارێزێت و ژمارەى "ئەندامان و لایەنگرانى" پەکەکە لە ئەڵمانیا ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەسن. بەپێى راپۆرتەکە ژمارەى "ژمارەى ئەندامان و لایەنگرانى" پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٦دا لە ئەڵمانیا، ١٤ هەزار کەس بوون.

لە راپۆرتەکەى دەزگاى هەواڵگریى ناوخۆیى ئەڵمانیا رێکخراوە کوردییەکانى وەک ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە ئەڵمانیا (ناڤدەم)، کە بۆ ئازادى مافى زیندانیانى کورد تێدەکۆشێت، رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا کرانە ئامانج و بە ریکخراوی هاوشێوەی رێکخراوی تاوانکاری ناسێنران. ئولا یەلپکە یەکێک لە کەسایەتییەکانى ئەڵمانیا، کە دۆست و پشتیوانى تێکۆشانى ئازادیى گەلی کوردە و پەرلەمانتارى پارتی چەپى ئەڵمانیاشە ناڕەزایەتیى بەرامبەر راپۆرتەکەى دەزگاى پاراستنى دەستووری (دەزگاى هەواڵگریى ناوخۆیى ئەڵمانیا) نیشاندا و رەخنەى لەو بەشانەى راپۆرتەکە گرت، کە لە دژی کورد و رێکخراوە کوردستانیەکانە.

"قەدەغەکاریى سەر پەکەکە سوودی بۆ کەس نییە"

ئولا یەلپکە پەرلەمانتاری پارتى چەپ و وتەبێژى کاروبارى ناوخۆیى ئەو حیزبە لەبارەى راپۆرتەکەوە بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) دوا. یەلپکە داواى لە حکومەتى فیدراڵى ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیى ئەنگێلا مێرکل کرد، دەستبەرداری سیاسەتى تاوانبارکردنى کوردان ببێت. راشیگەیاند، قەدەغەکاریى سەر پەکەکە سوودی بۆ کەس نییە.

یەلپکە باسى ئەوەیکرد، ئێستا بۆ لابردن و نەهێشتنى قەدەغەى سەر پەکەکە دەرفەتێکى زۆر گرنگ و باش هاتووەتە پێشەوە. لەو بارەیەوە وتیشی "بەپێى راپۆرتەکە ژمارەى ئەندامانى پەکەکە لە ئەڵمانیا بە بەراورد بە ساڵانى پێشوو زیادیکردووە. ئەوە دانپیادانانە بەوەدا کە قەدەغەى سەر پەکەکە هیچ سوودى نەبووە. جگە لە راگرتنى دڵى تورکیاى ئەندامى ناتۆ، قەدەغەکارییەکە هیچ سوودێکى تری نییە".  

ئەو پەرلەمانتارە ئەڵمانییە راشیگەیاند، هاووڵاتییانى کورد لە ئەڵمانیا تەنها لەبەر ئەوەى پشتیوانیى تێکۆشانى ئازادیى کوردان دەکەن، دەکرێنە ئامانجی ئەو قەدەغەکارییە و ئەوەش پێشێلکردنى مافە دەستووریەکانە.

 "هەواڵگری بە ئاشکرا هیرش دەکاتە سەر ئازادییەکانى میدیا"

ئولا یەلپکە سیاسەتمەداری ئەڵمانیى خاڵەکانى ناو راپۆرتەی لەبارەى رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا ئیدانەکرد، کە لە ئەڵمانیا بەشێوەى رۆژانە و بە فەرمی چاپ و بڵاودەکرێتەوە. باسکردن و نیشاندانى رۆژنامەکە وەک "رۆژنامەى پەکەکە" لەلایەن دەزگاى هەواڵگریى ناوخۆیى ئەڵمانیاوە ئیدانەکرد و لەوبارەیەوە وتى "ئامانجی دەزگاى هەواڵگریى ئەڵمانیا ئەوەیە، کە رێگری بکات لە بڵاوکردنەوەى هەواڵ لەبارەى تێکۆشانى ئازادیى کوردەوە و هەروەها دەیەوێت تاوانەکانى جەنگ کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دەدرێن، بشارێتەوە".  

یەلپکە ئەوەشی راگەیاند، دەزگاى هەواڵگریى ئەڵمانیا هاوشێوەى نزیکبوونەوەى دەوڵەتى تورکیا، ئەو رێکخراوانە وەک رێکخراوى "تیرۆریزم" نیشان دەدات و خاڵەکانى ناو راپۆرتەکە لەبارەى رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلتیکاوە سەلمێنەری ئەو جۆرە نزیکایەتییە. راشیگەیاند "ئەوە یانى هێرشى ئاشکرا بۆ سەر ئازادیى میدیا و میدیاى ئازاد".

"هەواڵگری بەپێى تاکتیکەکانى ئەردۆغان دەجوڵێتەوە"

یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانى راپۆرتى دەزگاى هەواڵگریى ئەڵمانیا ئەوەیە، کە کەمپەینەکانى "نا" لە ئەوروپا لە دژى گۆڕینى دەستووری تورکیا لەلایەن لایەنگرانى پەکەکەوە رێکخراوە. ئولا یلپکە ئەو بەشەی راپۆرتەکەى دەزگاى هەواڵگریى ئەڵمانیای رەخنەکرد و وتى "لە کاتى ریفراندۆمى دەستوورى تورکیادا، کە رێى بۆ دروستکردنى رژێمى دیکتاتۆری لەو وڵاتەدا کردەوە، هەر وەک ناوخۆى تورکیا، لە ئەروپاش هێزە دیموکراتیکەکانى وەک هەدەپە، سۆسیال دیموکراتەکان، لیبراڵ و رێخراوە ئەڵمانیاکە لە ژێر چەترى کەمپەینى "نا" کۆبوونەوە. لەو کاتەدا تورکیا و ئەردۆغان هەموو رەخنەگران و ئۆپۆزسیۆنەکانى دژ بە گۆڕینى دەستوور و کەمپەینى نا، بە 'تیرۆریست' تۆمەتبارکرد. ئەگەر لایەنگرانى پەکەکە لە دژى دیکتاتۆریى تاکە پیاوی جوڵابنەوە و کەمپەینەکەیان رێکخستبێت، ئەوەش نیشانی دەدات، کە بەڕاستى پەکەکە بۆ بە دیموکراسیکردنى تورکیا تێدەکۆشێت، کەواتە بەپێچەوانەى مەزەندەکانى دەزگاى پاراستنى دەستوورى ئەڵمانیا، پەکەکە رێکخراوێکى تیرۆریستى نییە".

ر.م