بەڕێوەبەری ئاسایشی میونخ لەگەڵ نەتەوەپەرستەکانى تورکدایە

هوبێرتوس ئاندرا بەڕێوەبەری ئاسایشی شاری میونخی ئەڵمانیا لەگەڵ نوێنەری رێکخراوە تورکییەکانى لایەنگری ئاکەپە – مەهەپە کۆبوویەوە.

یەکێک لەو شارانەى ئەڵمانیا کە کورد و چالاکوانانی ئەڵمانیى تیادا پەراوێز دەخرێت و کار بۆ دابڕاندنیان لەکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکرێت میونخی ئەڵمانیایە. هوبێرتوس ئاندرا بەڕێوەبەری راستڕەو – موحافزکاری ئاسایشی میونخ جارێکیتر شەیدایى خۆی بۆ نەتەوەپەرستەکانى تورک سەلماندەوە.

هوبێرتوس ئاندرا بەڕێوەبەری ئاسایشی میونخ دوێنێ لە هۆتێل گیوتەى میونخ لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانى لایەنگری ئاکەپە – مەهەپە کۆبوویەوە.

پێش کۆبوونەوەکە وێنەکانى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک و ئاڵای تورک لەبەردەم هۆتێلەکە دانران. سەرۆک و بەڕێوەبەرانى رێکخراوە نەتەوەپەرستەکانى تورک لە میونخ و ویلایەتى باڤاریا بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

یەکێک لەو کەسانەی بەشداری کۆبوونەوەکە بوو ماهیر زەیتین ئۆغڵو سەرۆکی دەستەى گشتیى کۆمەڵەى تورک (TUDEK) بوو. زەیتین ئۆغڵو لە تەنیشت هوبێرتوس ئاندرا بەڕێوەبەری ئاسایشی میونخ دانیشت. (TUDEK) رێکخراوێکە کە پشتیوانى لە رژێمى ئاکەپە – مەهەپە دەکات.

بەپێى زانیارییەکان ئاندرا بەڕێوەبەری ئاسایشی میونخ لە کۆبوونەوەکەدا باسی هاوکاریکردن لەگەڵ پۆلیسەکانى تورک و باڵیۆزخانەى تورک دا کردووە.

شاری میونخ پایتەختی ویلایەتى باڤاریای ئەڵمانیایە و وەک ناوچەیەک دەناسرێت، کە سیاسەتى پەراوێزخستن و دابڕاندنی کورد لە کاروباری سیاسی و رێکخراوەیى و مەدەنی و کۆمەڵایەتى تیادا بەڕێوەدەچێت. بە پاساوی بەرزکردنەوەى ئاڵاکانى یەپەگە – یەپەژە و وێنەکانى عەبدوڵا ئۆدالان رێبەری گەلی کورد گوشار خراوەتە سەر چەندین کورد و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.

 

ر.م