بەیاننامەی کۆشکی سپی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە سەر سنور

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، تورکیا 'لە ماوەیەکی نزیکدا' ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات و ئەوانیش لە سنور کشاونەتەوە و لە ئێستا بە دواوە، تورکیا بەرپرسی ئەو داعشانەیە کە زیندانیکراون.

دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا قسەیکرد، ئەمریکا هێزەکانی لە سەر سنوری فیدراسیۆنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کشاندەوە و کۆشکی سپیش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەی کۆشکی سپیدا هاتووە، "تورکیا لەماوەیەکی نزیکدا هێرش دەکاتە سەر باکووری سوریا."

هەروەها دەڵێت، "هێزەکانی ئەمریکا پشتگیری ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن و بەشداریش لە ئۆپەراسیۆنەکە نابن و هێزەکانی ئەمریکا کە خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامیان تێکشکاند، لە نزیک ڕووداوەکان نابن".

کۆشکی سپی لەبارەی چەتەکانی داعش کە لە دەستی قەسەدە دان وتی، "حکومەتی ئەمریکا چەندین جار بە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە ڕاگەیاند، چەتە داعشیەکانیان کە لە لایەن هەسەدەوە دەستگیرکران، بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان، بەڵام داواکاریەکان ڕەتکرانەوە و لە ئێستادا تورکیا بەرامبەر ئەو داعشیانە بەرپرسیارە کە دوو سالن دەستگیرکراون."

ف.ق