"تاوەکو رێبەرمان ئازاد نەبێت بەردەوام دەبین لە چالاکی"

مانگرتن لە خواردن بۆ ئازادیى ئۆجەلان لە شارى کۆلنی ئەڵمانیا دەستیپێکردووە و لە دووەم رۆژدایە. چالاکوانەکان وتیان "تاوەکو ئۆجەلان ئازاد نەبێت بەردەوام دەبین لە چالاکیى".

مانگرتن لە خواردن بۆ ئازادیى ئۆجەلان لە شارى کۆلنی ئەڵمانیا دەستیپێکردووە و لە دووەم رۆژدایە. چالاکوانەکان وتیان "تاوەکو ئۆجەلان ئازاد نەبێت بەردەوام دەبین لە چالاکیى".

لە چوارچێوەی کەمپەینى "ئازادی بۆ ئۆجەلان" مانگرتن لە خواردن و کۆبوونەوەى جەماوەری بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گەلی کورد لە رۆژانی ٢٣ بۆ ٢٧ى نیسان لە ستراسبۆرگ و گەلێک شاری ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.

 کوردانى دانیشتوی ویلایەتی راین ویستفالیای باکوور (NRW)ی ئەڵمانیا لە شارى کۆلن دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. مانگرتنەکە بۆ ماوەى ٣ رۆژە بەردەوام دەبێت و مانگرتنەکە ئەمڕۆ لە دووەمین رۆژدایە.

ئەو کوردستانییانەى بەشدارییان مانگرتن لە خواردنەکەدا کردووە رایانگەیاند، ئۆجەلان بۆ ئەوان هۆکارى ژیانە و هەتا ئازاد نەبێت بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

ئیشک: ئێمە تا دوایین دڵۆپى خوێنمان تێدەکۆشین

فیلیت ئیشک لە شارى دۆرتموند-ى ئەڵمانیاوە بەشدارى مانگرتنەکە بووە. ئیشک ناڕەزایەتیى خۆى بەرامبەر بە گۆشەگیری نیشاندا و وتى "ئێمە دەمانەوێت رێبەرەکەمان لە ناوماندا بێت. ئەگەر یەک کەسیش لە ئێمە بمێنێتەوە هەر تێدەکۆشین و بە دواى رێبازەکەى رێبەر ئاپۆدا دەڕۆین. گوشاری ئەوروپا و وڵاتانى ترى جیهان چەند بێت بۆمان گرنگ نییە. ئێمە لە تێکۆشانەکەى خۆمان پاشگەز نابینەوە. لەبەر ئەوەى رێبەرەکەمان بۆ ئێمە هۆکارى مان و نەمانمانە. تاوەکو دوا دڵۆپى خۆێنمان درێژە بەتێکۆشان دەدەین".

تەکین: دەبێت هەموان لە دژى گوشار و زۆرداری راپەڕن

ئایتەن تەکین لە شارى ئیوسکریکین-ەوە هاتووە و بەشداریی چالاکییەکە بووە. سەرنجى خستە سەر سیاسەتى پاکتاوکاریى دەوڵەتى تورکیا و وتى "لە کەسایەتیى رێبەرماندا گۆشەگیری و گوشارى قورس بەرامبەر بە گەلی کورد بەڕێوە دەبەن. ئێمە لە دژى پلانى پاکتاوکاریى دەوڵەتى تورک و دەوڵەتە ئەوروپییەکان، کە بەسەر گەلەکەمانیدا دەسەپێنن خۆڕاگرى دەکەین. داواى من لە کوردان و هێزە دیموکراتیکەکان ئەوەیە، کە لە دژى سیاسەتى ئاکەپە راپەڕین و چالاکى ئەنجام بدەن. ئاکەپە تەنها سیاسەتەکەى لە دژى کورد نییە، بەڵکو ئەو سیاسەتە لە دژى هەموو ئەو کەسانە بەڕێوە دەبات کە لایەنگری بەها مرۆییەکانن. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو ئەو کەسانەى بە دواى دادپەروەرییەوەن، تێکۆشان و چالاکى ئەنجام بدەن".

ئەرتاش: لە دژی هێرشەکان پێویستە بەرخۆدانى هەمەلایەنە ئەنجام بدرێت

یەکێکى تر لە چالاکوانەکان یاشار ئەرتاشە کە لە شارى کۆلن-ەوە هاتووە و بۆ چالاکییەکە. ئەرتاش سەربارى زۆریى تەمەنەکەى، بۆ ئۆجەلان بەشداریى مانگرتن لە خواردنی کردووە. یەشار ئەرتاش ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە سەربارى دیلکردنى ٢٠ ساڵان، ماوەیەکیشە ڕێگا نادەن عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى گەلی کورد چاوپێکەوتن ئەنجام بدات و لەو بارەیەو وتى "ئێمە ئێستا نازانین بارودۆخى چۆنە. ترس و نیگەرانییەکەمان بە مانگرتن لە خواردن دەردەبڕین. پێویستە لە دژى هێرشى هەمەلایەنە بۆ لەناوبردنى دەستکەوتەکانى کورد، وەڵامى تێکۆشانى هەمەلایەنەمان هەبێت. بۆ ئەوەیە ئێمە دەستمان کردووە بە مانگرتن لە خواردن".

دەمیرەل: تاوەکو رێبەرمان ئازاد نەبێت درێژە بە چالاکى دەدەین

هارون دەمیرەل لەشارى ڤوپەرتال-ەوە بەشداریى چالاکییەکە بووە و وتى "ئازادیى رێبەرمان ئازادیى کوردانە".

دەمیرەل لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتیشى "گوشار لە مافەکانى گەلێکى ٤٠ ملیۆن کەسى دەکرێت، بەڵام دەوڵەتە ئەوروپییەکان بێدەنگن. ئێمە ئەوە ئیدانە دەکەین. رێبەرایەتى بۆ ئێمە بەهایەکى مرۆڤایەتی و شەرەف و ناموسە. تاوەکو رێبەرمان ئازاد نەبێت ئێمە دریژە بە چالاکییەکانمان دەدەین".