ترسی پۆلیسی باڤاریا لە سیبمولەکانى کورد کۆتایى پێنایەت

لە ئەیالەتى بایرن (باڤاریا)ی ئەڵمانیا پۆلیس لە مانگی تەمووزدا هەڵیانکوتایە سەر کامپێکی پەنابەراندا و دەستیان بەسەر وێنەکانى ئۆجالان و ئاڵاى گەنجانى ئازاد دا گرت. لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دادگا لەوبارەیەوە دەستیان پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامییان هەیە.

ئەو قەدەغەکارییەی بەڕێوەبەریى ئەڵمانیا خستوویەتییە سەر سیبمول و هێماکانى کورد، لە ئەیالەتى باڤاریا، کە راستڕەوە موحافیزکارەکان تیایدا دەسەڵاتداران، وەرگەڕاوە بۆ "فۆبیای کورد".

پۆلیسی باڤاریا وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئاڵاى گەنجانى ئازاد-یان بۆ خۆیان کردە پاساو و لە مانگی تەمووزدا هەڵیانکوتایە سەر کامپی پەنابەران لە شارۆچکەى گابلینن لە نزیک شاری ئاوگسبورگ.

پۆلیس لە کامپەکەدا هەڵیکوتایە سەر ژووری پەنابەری کورد عەبدولڕەحمان بچەن و دەستیان بەسەر وێنەیەکى ئۆجالان و ئاڵاى گەنجانى ئازاد و موبایلەکەیدا گرت. لێکۆڵینەوە لەو گەنجە کوردە پەنابەرە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە بەردەوامە.

"ژوورەکەى بۆ گەل کراوەیە!"

بەپێى ئەو زانیارییانەى بە دەست گەیشتوون، دوای ئەوەى بچەن هەواڵی لێدراە، کە وێنەى ئۆجالان و ئاڵاى گەنجانی ئازادی هەڵواسیوە، لە مانگی تەمووزدا بڕیار درا کە لێکۆڵینەوەى لەگەڵ بکرێت. هەڵکوتانە سەر ژووری ئەو گەنجە و دەستبەسەرداگرتن و دەستکردن بە لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیدا بەپێى ئەو قەدەغەکارییەیە، کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە دژی پەکەکە و رێکخراوە کوردییەکان بەردەوامییان هەیە.

دادگای ناوچەی ئاوگسبورگ لە بڕیارەکەیدا لە رۆژی ١٦ی تەمووزی ٢٠١٨ بۆ لێکۆڵینەوەکردن ئیدعای کردبوو، کە ژوورەکەى بیچەن لە کامپی پەنابەراندا "شوێنێکى کراوە بووە بۆ گەل".

یاسای رێکخراوەکان کە پۆلیس بۆ هەڵکوتانە سەر ژووری ئەو گەنجە پشتی پێبەستبوو، تەنها بەرزکردنەوەى وێنەکانى ئۆجالان لە شوێنە گشتی و کراوەکاندا قەدەغە کردووە.

دادگاش ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیارەکەى بەپێى فەرمانى رۆژی ٢ی ئاداری ٢٠١٧ی وەزارەتى ناوخۆ دەرکردووە، کە لەو فەرمانەدا پۆستەرەکانى ئۆجالان و ئاڵاى گەنجانی ئازاد قەدەغە کراون.

وەک دەزانرێت لەو فەرمانەى وەزارەتى ناوخۆی ئەڵمانیادا کە بۆ هەر ١٦ ئەیالەتەکەى ئەڵمانیا نێردراوە، ئاڵاکانى یەپەگە / یەپەژە، پەیەدە، پۆستەرەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و چەندین سیمبول و هێمای تری کوردان قەدەغە کراون و نابێت لە شوێنە گشتی و کراوەکاندا بەرزبکرێنەوە یان هەڵبواسرێن.

شێوازی قەدەغەکارییەکە و چۆنیەتیى جێبەجێکردنی ئەو قەدەغەکارییە بۆ بەڕێوەبەرانی ئەیالەتەکان بەجێهێڵراوە. لە ساڵی رابردووە لە ئەیالەتى باڤاریا بەو پاساوە هەڵکوتانە سەر ماڵی چالاکوانانى کورد لە ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت. تەنانەت ئەو کەسانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سیمبول و هێماکان بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخودانى یەپەگە و یەپەژە بڵاودەکەونەوە دۆسیەیان لە دژ دەکرێتەوە و دەستدەکرێت بە لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیاندا.

ر.م