سه‌زای ته‌مه‌للی هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گه‌لان - هه‌ده‌په له میتینگی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارته‌كه‌ی له شاری خارپێتی باكووری كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد.
ته‌مه‌للی ڕایگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك هه‌ده‌په هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه ڕزگاریان بێت له‌و زیهنیه‌ته‌ی كه ماوه‌یه‌كی درێژه ئه‌م جوگرافیایه‌ی كردووه‌ته ناوه‌ندی كۆمه‌ڵكوژی. گوتیشی: ئیدی كاتی ڕزگاربوون له ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په هاتووه w ٢٤ی حوزه‌یران كۆتاییان پێدێنین.
«له منداڵی ١٣ ساڵان ده‌ترسن»
سه‌زای ته‌مه‌للی گوتی: «ترسی ئه‌وان گه‌وره‌یه، چونكه تاوانه‌كانیان گه‌وره‌ن. له‌به‌رئه‌وه هه‌موو ڕۆژێك هێرشی زیاتر ده‌كه‌ن و زیاتر زوڵم ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ترسیان نه‌بێت، بۆچی منداڵێكی ته‌مه‌ن ١٣ ساڵان ده‌گرن؟ بترسن، ٢٤ی حوزه‌یران ده‌تانخه‌ینه زبڵدان.»
ته‌مه‌للی ده‌ستنیشانی كرد كه كاری ٧ی حوزه‌یرانی ٢٠١٧ به ناته‌واوكراوی ماوه‌ته‌وه و ٢٤ی حوزه‌یران ته‌واوی ده‌كه‌ن.
«ئه‌مه ده‌زانن بۆیه زه‌خت و زوڵم ده‌كه‌ن، به‌دوای سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه‌وه‌ن. سیناریۆكانی شه‌ڕ دیسان له ڕۆژه‌ڤدان. تاكه شتێك كه وه‌زیر و هه‌موو كاربه‌ده‌ستان ده‌یزانن، شه‌ڕه. ده‌ڵێن: [ده‌چینه قه‌ندیل، ٣٠ كم نزیك بووینه‌ته‌وه، ئێمه ئه‌و شوێنه‌مان گرت] هه‌ر وه‌ك به‌ر له ٧ی حوزه‌یران و دواتریش. له‌سه‌ر مردنی مرۆڤه‌كان حیساباتی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.»
«له‌گه‌ڵ دایكانی كورد و تورك كۆتایی به ئێوه دێنین»
هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په سه‌زای ته‌مه‌للی گوتی: دایكان ده‌یانه‌وێت منداڵانی خۆیان له ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری ببینن نه‌ك ته‌رمه‌كانیان. دایكان منداڵان بۆ ئه‌وه نایه‌ننه دونیا تاكو له‌سه‌ریان حساباتی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. تاكه ویستی ئێوه شه‌ڕه. ئێوه له‌سه‌ر مردنی گه‌نجان سه‌روه‌ت كۆده‌كه‌نه‌وه. ٢٤ی حوزه‌یران له‌گه‌ڵ دایكانی تورك و كورد كۆتایی به ئێوه دێنین.
ته‌مه‌للی ڕاشیگه‌یاند: كۆتایی شه‌ڕ له ده‌ستی گه‌لدایه. ئێمه له ٢٤ی حوزه‌یراندا یان بۆ شه‌ڕ یان بۆ ئاشتی ده‌ڵێین ئه‌رێ. یان بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان یان بۆ دیموكراتی ده‌ڵێین ئه‌رێ. ئێمه بڕیار له‌سه‌ر داهاتووی خۆمان ده‌ده‌ین.
«ئێمه چاره‌سه‌ری پێكدێنین»
سه‌زای ته‌مه‌للی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، هه‌تا شه‌ڕ هه‌بێت چاره‌سه‌ری نایه‌ته ئاراوه و كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر نابێت. گوتیشی: نایانه‌وێت پرسی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌یانه‌وێت سوود له پرسی كورد وه‌رگرن. ئێمه هه‌م پرسی كورد هه‌م پرسی ئه‌ردۆغان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
«به به‌رخۆدان سه‌رده‌كه‌وین»
«تاكه شتێك كه ئێمه ده‌ستی لێبه‌رناده‌ین ڕاده‌ربڕین و ئازادیی كاری ڕاگه‌یاندنه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا داوا له هه‌موو پارته‌سیاسییه‌كان، هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ین كه كۆببنه‌وه، ده‌ستوورێكی بنه‌ڕه‌تیی دیموكراتیانه بنووسنه‌وه. ته‌نها ئه‌و كاته توركیا ده‌توانێت له‌سه‌ر ڕێی ئاشتی بڕوات، ئه‌و كاته ئێمه ده‌توانین ئه‌م به‌ندی هه‌ڵبژاردنه هه‌ڵوه‌شێنین. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو هێرش، زوڵم، توندوتیژی و زیهنیه‌تی شه‌ڕخوازییه، به به‌رخۆدان گه‌یشتووینه‌ته ئه‌م ڕۆژه، به به‌رخۆدانیش له ٢٤ی حوزه‌یراندا سه‌رده‌كه‌وین.»
«سیناریۆكانیان له‌سه‌ر قه‌ندیل ڕزگاریان ناكات»
سه‌زای ته‌مه‌للی هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌رباره‌ی لێدوانه‌كانی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی توركیا و ئاكه‌په بۆ هێرشكردنه سه‌ر قه‌ندیل گوتی: «ئیدی سیناریۆكانتان له‌سه‌ر قه‌ندیلیش ئێوه ڕزگار ناكه‌ن، ٢٤ی حوزه‌یران تۆ ده‌ڕۆی. ئێمه كۆتایی به‌م بابه‌ته دێنین. ڕێگه به سه‌ربازی ناچاری ناده‌ین و بودجه ده‌بێ به‌پێی پێویستی پاراستن دابین بكرێت نه‌ك بودجه‌ی شه‌ڕ.»
ته‌مه‌للی گوتیشی: ده‌بێ بودجه بۆ ئاشتی دابنرێت نه‌ك بۆ شه‌ڕ. ئه‌گه‌ر وه‌ها بیربكه‌ینه‌وه ئه‌و هه‌موو بودجه‌یه له بری ئه‌وه‌ی بۆ شه‌ڕ بچێت، بۆ په‌روه‌رده ده‌بێت.
«هه‌موو حیساباته‌كانیان بۆ ئه‌وه‌یه ئێمه ٨٠ په‌رله‌مانتار نه‌نێرینه په‌رله‌مان. ئه‌م سیناریۆیه‌ی ده‌رباره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ندیلیش له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هێرشی سه‌ر قه‌ندیل نموونه‌ی ئه‌مه‌یه. چه‌ته‌كانی سوپای ئازادی سووریا هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ژنان. زه‌خت له ژنان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قژیان داپۆشن. شه‌ڕی عه‌فرین نه‌گه‌یشته هه‌ڵبژاردن، ئێستاش نۆبه‌تی قه‌ندیله.»
سه‌زای ته‌مه‌للی گوتی: ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په له په‌رله‌مان نه‌بێت، ئاكه‌په ده‌بێته زۆرینه. ئه‌ردۆغان حیسابی ئه‌مه ده‌كات؛ «له خوولی یه‌كه‌مدا سه‌رناكه‌وم، ئه‌گه‌ر له خوولی یه‌كه‌مدا هه‌ده‌په له‌ژێر به‌ندی هه‌ڵبژاردن بهێڵمه‌وه، گه‌ل ناچار ده‌بێت و له خوولی دووه‌مدا سه‌رده‌كه‌وم.» كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌م یارییه تێكبدرێت. گه‌ل كۆتایی به‌م خه‌یاڵانه‌ت دێنێت.
s.m