تورمەن: تورکیا ئەوەى قبوڵکردووە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات

رەزا تورمەن دادوەری پێشووی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) و پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئیزمیر رایگەیاند، ئەرک و بەرپرسیارێتیى تورکیایە، کە بڕیارەکەى (DMME) لەبارەى دەمیرتاشەوە جێبەجێ بکات.

رەزا تورمەن لەبارەى جێبەجێکردنى بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند، دەبێت دەمیرتاش بە خێرایى ئازاد بکرێت.

دواى ئەوەى دوێنێ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) بڕیاریدا، کە دەبێت سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پێشووی پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) بە خێرایى ئازاد بکرێت، ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک رایگەیاند، ئەوان ناچار نین بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکەن.

رەزا تورمەن پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئیزمیر، کە خۆی دادوەری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بووە وەڵامى ئەردۆغانى دایەوە و لەوبارەیەوە بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ى راگەیاند، ئەو بڕیارە هەم بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و هەم بۆ تورکیا و هەم بۆ دەمیرتاش گرنگە.

تورمەن رایگەیاند، سەرباری ئەوەى لە پرۆتۆکڵی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا لەبارەى مافی هەڵبژاردنەوە شیکارییەکى سنووردار هەیە، بەڵام ئەوە جاری یەکەمە لەسەر زیندانیکردنى سیاسەتمەدارێک ئاماژە بە پێشێلکردنی مافەکانى و پێشێلکردنى مافی کەسێکى هەڵبژێردراو دەکرێت.

تورمەن راشیگەیاند، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاندووە، ئەو دادوەر و دادگایانەى بڕیاری دەستگیرکردنى دەمیرتاشیان دەرکردووە بەڵگەى پێویست و روونیان نییە و ئەوەش پێشێلکردنى پەیماننامەى مافی مرۆڤی ئەوروپا (PMME)یە.

شیکاری بۆ ناوەرۆکی سیاسی کراوە

تورمەن باسی ئەوەشیکرد، سەرنجڕاکێشترین لایەنى بڕیارەکە ئاماژەکردنە بە خاڵی ١٨ی پەیماننامەى مافەکانى مرۆڤی ئەوروپا و بەوەش لێکۆڵینەوە و شیکاری بۆ ناوەرۆکی سیاسیى دۆسیەکەى دەمیرتاش کراوە.

تورمەن لەبارەى گرنگیى خاڵی ١٨ەوە وتى "دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بە بڕیارەکەى لەسەر خاڵی ١٨ی پەیماننامەى مافی مرۆڤی ئەوروپا، بەشێوەیەکى روون و کراوە ئەوەى دەستنیشانکردووە، کە یاساکان لە تورکیا بۆ بێدەنگکردنى ئۆپۆزسیۆن بەکار دەهێنرێن، دادگەکان سەربەخۆی نین و دەمیرتاش نەک بەپێى یاساکان، بەڵکو لەبەر هۆکاری سیاسی دەستگیرکراوە، بۆیە بڕیاریداوە بە خێرایى ئازاد بکرێت".

بڕیاری جێبەجێکاری یەکێتیى ئەوروپایە و دەکرێت ببێتە بڕیار و کارێکى نمونەیى

تورمەن لە وەڵامى ئەو قسەیەىی ئەردۆغان سەرۆکی گشتیى ئاکەپە و سەرۆک کۆماری تورکیا، کە وتبووی 'ئێمە ناچار نین بڕیارەکە جێبەجێ بکەین'، وتی "وڵاتانى ئەندام لە ئەنجوومەنى ئەوروپا ئەوەیان قبوڵکردووە کە بڕیارەکانى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکەن".

تورمەن وتیشی "ئەرک و بەرپرسیارێتیى تورکیایە ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکات. ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ نەکات گوشارەکانى سەر خۆی زیاتر دەکات. ئەگەر تورکیا بەپێى ئەو بڕیارە نەجوڵێتەوە و دەمیرتاش لە زینداندا بهێڵێتەوە ئەوە بەو مانایە دێت، ئەوەى قبوڵکردوووە، کە دەمیرتاش بەپێى یاساکان دەستگیرنەکراوە، بەڵکو بە بڕیارى سیاسی دەستگیرکراوە".

تورمەن ئەوەشی وت، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە بڕیارەکەیدا لەبارەى دەمیرتاشەوە سەرنجی خستووەتە سەر پەرلەمانتارە زیندانیکراوەکانى تر و بۆ ئەوەش بڕیارەکە دەبێتە بڕیارێکى نمونەیى.

لەبارەی بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئەوەى بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە وتی، دەبێت سەڵاحەدین دەمیرتاش بە خێرایى ئازاد بکرێت.

ر.م