تورکیا بەردەوامە لە پروسەی بەتورک کردنی بازاڕی قەیسەری کەرکوک

چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: تورکیا چاوی لەسەر چەند شوینێکی مێژوویی شاری کەرکوکە و دەیەوێت سیمای ئەو شوێنە مێژووییانە بگۆرێت بۆ تورکی.

بازاڕی قەیسەری کەرکوک ساڵیك و سێ مانگ پێش ئێستا لە رووداوێکی تەموژاویدا سووتا، پاش ئەوەی سووتا لە رووداوێکی گومان لێکراودا کۆمپانیایەکی تورکیی سەر بە حکومەتی تورکیا ئامادەیی دەربڕی بۆ نۆژەنکردنەوەی و دەستی بەنۆژەنکردنەوەی کرد. لە کاتی پرۆسەی بەناو نوێژەنکردنەوە ئەو کۆمپانیایەی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی گۆڕینی مێژووەکەی دا بۆ ئەوەی ئەو شوێنە مێژووییەی کەرکوک بکەن بە تورک.

کۆتا هەوڵی بەتورک کردنی بازاڕەکە لادانی زمانی کوردی و زیادکردنی زمانی تورکی لەسەر تابلۆی بازاڕی قەیسەری مێژوویی کەرکوک بوو، ئەم هەوڵەش دووکاندارانی قەیسەرییەکە و هاووڵاتییانی کوردی کەرکوکی نیگەران کرد و دوای فشارێکی زۆر زمانی کوردییان لەسەر تابلۆی بازاڕی قەیسەری کەرکوک دانایەوە، بەڵام کردیانە سێیەم زمان لە کاتێکدا کورد زۆینەوەی شاری کەرکوک پێکدەهێنن.

 

تورکیا چاوی لەسەر چەند شوینێکی مێژووی شاری کەرکوکە و دەیەوێت سیمای ئەو شوێنە مێژووییانە بگۆرێت بۆ تورکی

هەژار کاکەیی پاریزەر و چاودیری سیاسی سەبارەت بە هۆکاری سووتاندنی بازاڕی قەسەری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "سووتاندنی بازاڕی قەیسەری کەرکوک دەستێکی سیاسی لە پشتەوەبوو بۆ ئەوەی دوای سووتاندنی بازاڕەکە تەسلیمی تورکیا بکرێت، تورکیا چاوی لەسەر چەند شوینێکی مێژوویی شاری کەرکوکە، کە دەیەوێت سیمای ئەو شوێنە مێژووییانە بگۆڕێت و بە تورکی بکات، پاش ئەوەی قەیسەریەکەیان سووتاند کۆمپانیایەکی تورکی دەرکەوت و ڕایگەیاند، ئەو قەیسەرییە نۆژەندەکاتەوە، لە کاتی پرۆسەی نۆێژەنکردنەوەی قەیسەرێکە سیما و لۆگۆ و دروشم و ئاڵای تورکی زیاد کرا بۆ قەیسەرییەکە بۆ ئەوەی بەشێوەیەک نیشانی بدەن کە ئەم قەیسەرییە موڵکی عوسمانیەکانە."

کەرکوک کەوتۆتە ژێر پرۆسەیەکی بە عەرەب کردن و بە تورک کردن

هەروەها هەژار کاکەیی دەربارەی یاسایی بوونی ئەو گۆڕانکارییانەی تورکیا دەیکات لە بازاڕی قەیسەری کەرکوک ڕایگەیاند: "ئەو گۆرانکارییانەی تورکیا بەسەر کەرکوک و شوێنە مێژووییەکانی ئەنجامی دەدات نایاساییە بەڵام بەداخەوە عێراق ی لە دەستداوە بەتایبەتی شاری کەرکوک کە کەوتۆتە ژێر هەژموونی هەمەلایەنەوە وە ئێستا کەرکوک کەوتۆتە ژێر پرۆسەیەکی داگیرکاری بە عەرەب کردن و بە تورک کردنی شارەکە."

پێویستە پەرلەمانتارەکانی کەرکوک هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر پرۆسەی بەتورک کردنی کەرکوک

هەروەها هەژار کاکەیی ووتی: "پێویستە لەم پرۆسەی بە تورک کردنە لایەنەکان هەڵوێستیان هەبێت بەتایبەتی ئەندام پەرلەمانەکانی کەرکوک کە پێویستە سەردانی ئەو شوێنە مێژووییە بکەن و ئەو هیمایانە هەڵگرن کە میژووی ئەو شوێنە میژوویە دەگۆڕێت."

دەیان بارەگای دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا لە کەرکوک هەیە و بە ناوی جیاواز جیاوازەوە کار دەکەن

دەربارەی بوونی هەژموونی تورکیا لە کەرکوک هەژار کاکەیی وتی: "تورکیا ساڵانێکی زۆرە هەوڵدەدات لەناوچەکە بوونی خۆی زیاد بکات بەتایبەتی لە شاری کەرکوک، کە دەبینین بە دەیان بارەگای دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا هەیە کە لەژێر ناوی جیاواز کاردەکەن."

رێککەوتنی ژێر بە ژیرەی پارێزگاری ئێستای کەرکوک و دەوڵەتی تورک وای کردووە تورکیا زیاتر دەست کراوە بێت

هەژار کاکەیی ئەوەشی ڕاگەیاند: "ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لە کەرکوک هەیە وە هەروەها ئەو ریکەوتنە ژێر بە ژێرەی پارێزگاری ئێستای کەرکوک و دەوڵەتی تورک وای کردووە تورکیا زیاتر دەست کراوە بێت، هەردوو لایەنی عەرەبی و تورکی خۆیان بەخاوەنی ئەم شارە نازانن بۆیە هەوڵ دەدەن بەرێگای بە عەرەب کردن و بە تورک کردن بەرگێکی دیکە بەسەر شاری کەرکوک بپۆشن."

پێویست بوو سەرکردایەتی کورد دەستپێشخەری بکرایە بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری کەرکوک

ئۆژین جۆلا چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس، دەربارەی هاتنی کۆمپانیایەکی تورکی بۆ گۆرینی سیمای بازاڕی قەیسەری کەرکوک بەناو نۆژەنکردنەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "بەداخەوە کە پێویست بوو سەرکردایەتی و بەرپرسانی کورد لەم شارە ئەو قەیسەریەیان نۆژەنکردایەتەوە بە حوکمی ئەوەی بازاڕی قەیسەری کەرکوک بەشێکە لە میژووی ئەم شارە وە کوردیش خۆی بە خاوەنی ئەم شارە دەزانێت بۆیە پێویست بوو سەرکردایەتی کورد دەستپێشخەری بکرایە بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری کەرکوک."

کورد خاوەنی کەرکوک و مێژووەکەیەتی

هەروها ئۆژین جۆلا ووتی: "لە ئێستادا کە کۆمپانیایەکی تورکی هاتووە بەو شێوازەی دەیەوێت گۆڕانکاری لە شێواز و نوسینی سەرتابلۆ چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەی دەکات، هەموو کات کورد دەڵێت، من خاوەنی ئەم شارە و مێژوویەم، بازاڕی قەیسەری کەرکوکیش بەشێکە لە مێژووی ئەم شارە، بۆیە پێویست بوو لەسەر سەرکردایەتی کورد بەخاوەن دەرکەوتایە لەو بازاڕە مێژووییە."

بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی و سیاسیی کورد، تورکیا بە ئارەزووی خۆی پرۆسەی بەتورک کردنی کەرکوک بەڕێوە دەبات

دەربارەی هۆکاری گۆڕینی ئەو شوێنە مێژووییە و بە تورک کردنی بەبێ ڕێگریکردن، ئۆژین جۆلا ووتیشی: "ئەوەی ئێستا دەکرێ لە گۆڕینی ئەو شوێنە مێژووییانەی کەرکوک لەلایەن تورکەوە بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی و سیاسی کورد کۆمپانیایەکی تورکی و بەرپرسانی تورکی هاتوون بۆ نۆژەنکردنەوەی و پێویستە چاوەڕوانی زۆر لەمە زیاتر بین."

عەبدولستار جەباری نووسەر و شارەزایی مێژوو دەربارەی مێژووی قەیسەری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "جوولەکەکانی شاری کەرکوک، کە زۆربەیان کورد بوون، ٣٥٠ ساڵ پێش ئێستا کاتێک جوولەکەکان رووبەرووی زوڵم و ستەم و دەستدرێژی دەبنەوەی لەلایەن عوسمانیەکانەوە لەسەر قەڵای کەرکوک دێنە خوارەوە و گەڕەکی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن کە گەڕەکی (براخ و پیرادی) بوو، کاتێک جوولەکەکان گەڕەکی خۆیان دروست کرد هەر گەڕەکێک یەک کۆڵانی هەبوو کە دوو دەرگای هەبوو و هەردوو دەرگاکە پاسەوانیان لێدانابوو تا عوسمانیەکان دەستدرێژیان لێنەکەن، پاش دروستکرنی گەڕەکەکانیان جوولەکەکان هەڵستان بە دروستکردنی بازاڕی قەیسەری کەرکوک کە نزیک لە گەڕەکەکەی خۆیان دروستیان کرد. ئەو بازاڕە بازاڕێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بوو، کە زۆربەی دووکانی زێڕنگەری بوو، کورد و جوولەکەکان کاریان لەم بازاڕە دەکرد، چونکە کورد و جوولەکەکان دەوڵەمەندبوون و کاری بازرگانیان دەکرد وە جوولەکەکان زیاتر کاری زێڕنگەربیان دەکرد."

لە ساڵی ١٩٥٢ جوولەکەکان عێراق بەجێدێلن بازاڕی قەیسەری کەرکوک دەبیتە بازاڕێکی کەلوپەلی سادە و کورد و تورکمان و چەند عەرەبێک نیشتەجێ دەبن

 هەروەها عەبدولستار جەباری ووتی: "لە ساڵی ١٩٥٢ جوولەکەکان بازاڕی لەسەردەم دەکەنەوە کە بازاڕێکی تایبەت بە زێڕنگەرییە، بەڵام بەداخەوە کاتێک جوولەکەکان لە ساڵی ١٩٥٢ عێراق بەجێدێلن سەرمایەکەشیان دەبەن ئەو کاتە بازاڕی قەیسەری کەرکوک دەبێتە بازاڕێکی کەلوپەلی سادە و کورد و تورکمان و چەند عەرەبێک نیشتەجێ دەبن لە بازاڕی قەیسەری کەرکوک."

تورکیا بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بازاڕی قەیسەری کەرکوکی سووتاند

هەروەها عەبدولستار جەباری ڕایگەیاند: "بەم دوایە دەستێکی ڕەش بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بازاڕی قەیسەریی کەرکوکی سوتاند بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێت بەناوی نۆژەنکردنەوەوە بە خەرجکردنی پارەیەکی کەم سیمای مێژوویی بازاڕی قەیسەری کەرکوک بگۆڕێت بۆ تورکی، کە دواین هەوڵ لابردنی نووسینی کوردی لەسەر تابلۆی قەیسەرییەکە و زیادکردنی زمانی تورکی بوو، بەڵام دوای فشارێکی زۆر زمانی کوردیان دانایەوە لەسەر تابلۆکە، بەڵام زمانی کوردی لەسەر تابلۆکە زمانی سێیەمە، کە پێویست بوو زمانی یەکەم بووایە."

درەبارەی هەوڵە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی مێژووی کەرکوک و بەتورک کردنی شارەکە، عەبدولستار جەباری ڕایگەیاند: "تورک هەر چەندە هەوڵبدات سیمای شوێنە مێژووییەکانی ئەم شارە بگۆڕێت ناتوانێت، چونکە مێژوو شایەدە، کە کەرکوک شارێکی کوردستانییە."

ئەم بازاڕە موڵکی کوردە جوولەکەکانە

دەربارەی مێژووی دەستبەسەر داگرتنی بازاڕی قەیسەری کەرکوک، عەبدولستار جەباری ئەوەشی ڕاگەیاند: "کاتێک جوولەکەکان عێراقیان بەجێهێشت و چوونە ئیسرائیل بەداخەوە وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بەسەر ماڵ و موڵکی جوولەکەکاندا گرت و بازاڕی قەیسەری کەرکوک یەکیک بوو لەو موڵکانە، کە حکومەتی عێراق دەستی بەسەردا گرت، بەڵام ئەم بازاڕە بەهیچ شێوەیەک موڵکی حکومەتی عێراق نییە، بەڵکو موڵکی کوردە جوولەکەکانە، نازانم تورکیا بەچ حەقێک بە موڵکی خۆی دەزانێ."

ژ.ت