تورکیا لە ریزبەندى ئاشتیى جیهانیدا ٣ پلەى تر دابەزی

بەپێى راپۆرتى پەیمانگەى ئاشتی و ئابووری، کە رێکخراوێکى ئەڵمانییە، تورکیا لە بوارى ئاشتیدا ٣ پلەى تر دابەزیوە و لە ناو ١٦٣ وڵاتدا پلەکەى بۆ ١٤٩ دابەزیوە.

پەیمانگەى ئاشتى و ئابووری (IEP)ی ئەڵمانی راپۆرتى خۆى لەبارەى ئاشتیى جیهانییەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکردەوە و راپۆرتەکە ریزبەندیى ١٢ ساڵی رابردووى وڵاتانى جیهانى لە بوارى ئاشتیدا خستووەتەڕوو.

بەگوێرەى راپۆرتەکە، تورکیا لە ناو ١٦٣ وڵاتدا ریزبەندەکەى لە ١٤٦هەمەوە بۆ ١٤٩ دابەزیوە. بەوەش تورکیا لە رووى ئاشتییەوە ٣ پلە دابەزیوە.

تورکیا لە بەشى "شەڕی ناوخۆی و نێودەوڵەتیدا" لە ٥ پلە، ٣.٢ پلەى بەدەستهێناوە. لە بەشی "ئاسایشى کۆمەڵایەتیدا" پلەکەى نەگۆڕاوە. لە بەشى سەربازیدا ٢ پلەى بۆ دانراوە.

تورکیا خراپترین پلەى لە "پەیوەندى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێدا" بە دەستهێناوە و لە ٥ پلە، هەر ٥ پلەکەى بەدەستهێناوە. لە دواى ئەوەش لە بەشی "تیرۆری سیاسیدا" دووەم خراپترین پلەی بە دەستهێناوە لە کۆى ٥ پلە ٤.٥ پلەى بەدەستهێناوە.  

لە راپۆرتەکەدا ئەمساڵیش ئایسلاندا باشترین پلەى بوارى ئاشتیى جیهانیى بە دەستهێناوە و لە پلەى یەکەمدایە. ئایسلاند لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تاوەکو ئێستا لە پلەى یەکەمى ئاشتیى جیهاندایە. دواى ئایسلاندیش وڵاتانى نیوزلاند، نەمسا، پرتوگال و دانیمارک باشترین پلەکانیان لە بوارى ئاشتیى جیهانیدا بە دەستهێناوە.

ر.م