تۆگوچ: چارەسەری لە ئیمڕالیە

تۆگوچ ئاماژەی بە دۆخی تایبەتی زیندانی ئیمڕالی کرد و وتی، "پێویستە چاوپێکەوتنەکان دەستپێبکرێنەوە و دەرگای ئیمڕالی جارێکیتر بکرێتەوە. چارەسەری لە ئیمڕالیە. ئەوانەی نایانەوێت چارەسەری دروست ببێت، گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان دادەنێن."

نیزامەدین تۆگۆچ پەرلەمانتاری پێشووی دەپ و پەرلەمانتاری ئێستای هەدەپە لە ئێلح لەبارەی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ، هێرشەکانی سەر گەلی کورد و یەکێتی نەتەوەی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

تۆگۆچ ڕایگەیاند، چۆن دەستی هیزە نیودەوڵەتیەکان لە دیلگرتنی بەڕێز ئۆجالاندا هەبوو، ئەمڕۆ بە هەمان شێوە دەستی ئەو هێزانە لە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالاندا هەیە.

'ئیمڕالی خاوەن دۆخێکی تایبەتە'

تۆگۆچ وتی، "حکومەتی ئاکەپە تەئکید لەسەر سیاسەتی گۆشەگیری دەکاتەوە. بە تێکۆشانی گەلی کورد و سیاسەتمەدارانی کورد حکومەت هەندێک جار هەنگاو بەرەو دواوە دەنێت و ڕێگا بە چوونی خانەوادە و پارێزەران بۆ ئیمڕالی دەدات. دوای مانگرتن لە خواردن و ڕۆژۆی مردن دەرگای ئیمرالی بە ڕووی پارێزەران کرایەوە. بەلام گۆشەگیری بەردەوامە. ڕێگە نەدان بە سەردانی پارێزەران و خانەوادەکان نیشانەی بەردەوامی گۆشەگیریە. کردەوەکان کە لە زیندانی ئیمڕالی ئەنجامدەدرێن لە هیچ یاسایەکی نیودەوڵەتی و یاسای تورکیادا جێی نابێتەوە. لە ئیمڕالی دۆخێکی تایبەت هەیە و یاسا جێبەجێناکرێت. پێویستە بە زودترین کات چاوپێکەوتن ئەنجامبدرێت و دەرگای ئیمرالی بکرێتەوە. ڕێگای چارەسەری لە ئیمڕالیەوە تێدەپەرێت. ئەوانەی چارەسەریان ناوێت، گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان دادەنێن.

'ئۆجالان کلیلی ئاشتیە'

تۆگۆچ ڕاشیگەیاند، گۆشەگیری سەر ئۆجالان کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر هەموو کەسێک دروست دەکات و وتی، "ئەو هێزانەی نایانەوێت گۆشەگیر سەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایی بێت، نایانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەری دروست ببێت. لە تورکیا گۆشەگیری دەبێتە هۆی قەیڕان. ئەمڕۆ گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلێک هەیە. بە فشاری سەر رێبەر، فشار لەسەر گەل دادەنێن. چەندین ساڵە دەیانەوێت کورد لەناوببەن. سەد ساڵە ئەم سایسەتە بەردەوامە. تا گۆشەگیری لە ئیمڕالی بەردەوام بێت، قەیڕان و کێشەکان لە تورکیا بەردەوام دەبن. بۆ ئەوەی چارەسەری پێشبکەوێت، پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت. لە تورکیا، بۆ چارەسەری کێشەی کورد، ئۆجالان کلیلی ئاشتیە. پێویستی گەلان بە ئاشتی هەیە. تا کیشەی کورد چارەسەر نەبێت هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت. پێویتە دەوڵەت و حکومەت دەست لە سیاسەتی یەکپارێزی و شکاندنی ئیرادەی مرۆڤەکان هەڵگرن. بە دامەزراندنی قەیوم، بە کوشتنی ژنان و دەستبەسەرداگرتنی ڕەنجی ڕەنجبەران، کیشە چارەسەر نابێت."

'دەوڵەت بە ئاشکرایی دوژمنایەتی کورد دەکات'

تۆگۆچ ئاماژەی بە سیاسەتی شەڕی ئاکەپە کرد و وتی، "دەوڵەت بە شێوەیەکی پلانبۆدارێژراو هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد. تورکیا لە ٩ی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا. دەوڵەت بە تایبەتی ڕۆژی تایبەتی کورد هەڵدەبژیرێت و هێرش دەکاتە سەر بەهاکانی کورد. بە هێرشەکانی پەیام دەداتە گەلی کورد. دەوڵەت بە شێوەیەکی ئاشکرا دوژمنایەتی کورد دەکات. زۆر جار دانیان پێداناوە و وتیانە. لە هەر شوێنێکی جیهان پێگەی کورد هەبێت، قبوڵی ناکەین. ئەم سیاسەتە بە تەنیا سیاسەتی ئەردۆگان نییە، ئەمە سیاسەتی دەرەکی دەولەتە. ئەردۆغان تەسلیمی دەوڵەتی قوڵ بووە. بە هاوپەیمانی لەگەڵ فاشیزمی مەهەپە هێرشی دەکاتە سەر گەلی کورد.

'لە گۆڕەپانەکان یەکێتی نەتەوەیی دروست بووە و ئیدی نۆرەی سیاسەتە'

تۆگۆچ ڕایگەیاند پێویستە تورکیا دەست لە سیاسەتی لەناوبردن و ڕەتکردن هەڵگرێت و وتیشی، "کێشەی کورد کیشەیەکی قووڵە. ئامانجی سەرەکی تورکیا ئەوەیە کورد نەبێتە خاوەن پێگەی خۆی. لەبەرئەوە هێرش دەکات، لەبەرامبەر هێزە نێوەدەوڵەتیەکان چۆک دادەدات و باجی زۆر دەدات. دوایین جار ئەوەمان لە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان بینی. چەندین ساڵە دژی کورد شەڕ دەکات. بەڵام ئێستا بە دوای ئێس ٤٠٠ و پاتریوتدا دەگەرێت. لە تورکیا نە دۆست و نە دوژمنی دەوڵەتی تورک هەیە. بە تەنها دۆستێکی دەوڵەتی تورک هەیە، ئەویش بەرژەوەندیە. بەو هۆیەوە ئەمریکا و ڕووسیا، تورکیا بەرەو هەڵدێر دەبەن. لەبەرئەوە ئەمریکا و ڕووسیا کوردیان هێشتەوە. بەڵام گەلی کوردستان خەیاڵی داگیرکەری لەناوبرد و بۆ یەکێتی هەنگاو دەنێت. ئەمڕۆ سەردەمی یەکێتی یە. گەلی کورد بۆ ئەوە ئامادەیە و لە گۆڕەپانەکان ڕوحی یەکێتی نەتەوەی دروست بووە. پێویستە لە گۆرەپانی سیاسەتیشدا یەکێتی دروست ببێت و سیاسەتی کوردیش ڕۆڵ بگێڕێت."

ف.ق