تیرۆری پۆلیس لە ئیزمیر و شرنەخ و رحا؛ چەندین کەس دەستگیرکران

 لە ناوچەی سەرێکانی لە رحا و لە ناوچەی ئەلکێی شرنەخ و لە سێ ناوچەی ئیزمیر، هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان و چەندین کەسیان دەستگیر کردووە.

لە سەرێکانی ٣ کەس دەستگیرکران

لە هەڵکوتانە سەر ماڵی هاووڵاتییاندا لە گەڕەکی یوکاری دۆروکلوو لە ناوچەی سەرێکانی لە پارێزگاى رحا، ٣ کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. لەو پەلامارەدا هەریەک لە زەینەب داگ تەکین و عەلی داگ تەکینی تەمەن ١٧ ساڵ، لەگەڵ کەسێکی تر کە ناوەکەی هێشتا نەزانراوە دەستگیر کراون. هێشتا نەزانراوە ئەو ٣ کەسە بە چ بیانوویەک دەستگیرکراون. ئەو کەسانە لە دواى پشکنینى تەندروستى رەوانەى لقی هێزە تایبەتەکانی پۆلیس لە رحا کران.

لە شرنەخ ٥ کەس دەستگیرکراون

لە ناوچەی ئەلکێ لە پارێزگای شرنەخ، هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتیاندا و لە ئاکامدا ٥ کەسیان دەستگیرکردووە، کە هێشتا ناوەکانیان ئاشکرا نەبووە و ناشزانرێت کە داخۆ بە چی بیانوویەکەوە دەستگیر کراون.

لە ئیزمیریش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان

هەروەها ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیس لە هەر ٣ ناوچەکانی بۆرنۆڤا، مەندەرەس و کۆناک لە ئیزمیر، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان.

لە ئاکامدا چەندین کەس دەستگیر کراون. لەو چەندین کەسە تا ئێستا ناوى ئەم چەند کەسە لە دەستگیرکراوەکان ئاشکرابووە، کە بریتین لە: ساڵح ئایدن، فەردی کادان، واحید سایان، محەمەد شەریف سەلمان.

ر.م