تەمەللی: تا کۆتایی بە گۆشەگیری نەهێنرێت، نادادپەروەری بەردەوام دەبێت

سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە وتی، "سەرچاوەی وڵات بۆ شەڕ خەرجدەکرێت. بناغەی نادادپەروەریش گۆشەگیری ئیمڕالیە."

ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری بورسا سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بە بەشداری هاوسەرۆکی هەدەپە لە هۆڵی زەماوەندی ئەرجین لە ناوچەی نیلۆفەر ئەنجامدا.

کۆنگرە بە دروشمی "بە هیوا و بوێری خۆمان رێکدەخەین، فاشزیم هەڵدەوەشینین" ئەنجامدرا و نوێنەرانی پارت و ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەشداریان تێیایدا کرد.

'سەرچاوەی وڵات بۆ شەڕ خەرجدەکرێت'

سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند، هەموو سەرچاوەکانی وڵات بۆ شەڕ خەرجدەکرێن. دەسەڵاتداری بەدوای شەڕەوەیە. تورکیا هێرشی کردە سەر هەرێمی ئارامی سوریا. لەگەڵ چەتەکانی داعش لە عەفرین کۆمەڵکوژی ئەنجامدا. ئەوە بەس نەبوو لە ڕۆژئاوا دەستیان بە کۆمەڵکوژی کرد. ئەگەر ئێمە وێنەی منداڵانی تەل ڕەفعەت کە کۆمەڵکوژکران لەبیربکەین گەورەترین خراپی بەرامبەر ئەم وڵاتە دەکەین. ئەگەر کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی ئاشکرا بکرایا، ئەمڕۆ کۆمەڵکوژی تەل ڕەفعەت دروست نەدەبوو. پەرلەمان بووەتە پەرلەمانی بڕیاری ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور. پێویستە ئەم وڵاتە ، لەبارەی ئاشتی قسە بکات.

'بە هەموو کەسێک دەڵێن تیرۆریست'

تەمەللی ڕایگەیاند، هەر کەسێک لەناو کۆمەڵگادا بەرگری لە ماف بکات پێێ دەڵێن "تیرۆریست". لەم دواییانەدا ڕۆژنامەنووس عەزیز ئۆرۆچ وەک "تیرۆریست" لەقەڵەمدرا.

سەرچاوەی نادادپەروەری گۆشەگیری ئیمڕالیە

تەمەللی لە کۆتای قسەکانیدا ناڕەزایی بەرامبەر گۆشەگیری ئیمڕالی دەربڕی و ڕایگەیاند:

"پێویستە گۆشەگیری کۆتایی پێبهێنرێت. باسی نادادپەروەری دەکەن. هۆکاری نادادپەروەری گۆشەگیری ئیمڕالیە. گۆشەگیری کە بەرامبەر بەڕێز ئۆجالان بەڕێوەدەبرێت، لە نادادپەروەریدا دیار دەبێت. ئەوانەی گۆشەگیری دادەنین، ڕێگا لە سیاسەتی دیموکراتیکیش دەگرن. پێویستە تێکۆشانی دادپەروەری گەشتر بکەین."

هاوسەرۆکە نوێکان

دوای قسەکان ڕاپۆرتی کار و حسابات خوێندرایەوە و مستەفا یاغجی و ئاینور ییڵماز بۆ هاوسەرۆکایەتی هەڵبژیردران.

ف.ق