تەمەللی: گۆشەگیری بەردەوام بێت ئاشتی و دادپەروەری پێک نایێن

لە کۆنگرەی هەدەپەی ڕحادا، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەزای تەمەللی ڕایگەیاند: " ئێستا کاتی ئەوەیە کۆتایی بە گۆشەگیری سەر ڕێزدار ئۆجالان بهێنرێت. ئەگەر ئەوە نەکرێت نە ئاشتی و نە دادپەروەری لەم وڵاتە (تورکیا)پێک نایێن".

ئەمڕۆ لە شاری ڕحا (ئورفا)ی باکوری کوردستان، ڕێکخستنی هەدەپە ۲ مین کۆنگرەی خۆی بەست. لە کۆنگرەکەدا کە بە ڕێزگرتن لە گیان-بەختکروانی ئازادی دەستی پێکرد، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەزای تەمەللی، پارلەمانتارانی هەدەپەی ڕحا و شار و ناوچەکانی هەرێمەکە و ژمارەیەک وڵاتپارێز و هاوڵاتی بە جلوبەرگی گەلەری خۆیان ئامادە بوون.

یەکەم ئاخێوەری کۆنگرە ئایشە سوروجو پارلەمانتاری هەدەپەی ڕحا بوو و وتی: "تاکە چارەسەری بۆ ئاڵۆزی و قەیرانەکانی تورکیا کۆتایی-هێنانە بە گۆشەگیر سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان".

دواتر پارلەمانتارانی هەدەپەی ڕحا عومەر ئۆجالان و نیعمەتوڵا ئەردۆگموش قسەیان کرد و باسیان لە گۆشەگیری و دۆخی ئیمرالی و کاریەگەری نەرێنیان لە دۆخی تورکیا کرد و داوای کۆتایی-هێنانی گۆشەگیر سەر ئۆجانیان کرد.

پاشان هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەزای تەمەللی ئاخاوت و وێڕای پیرۆزبایی لە بەستنی کۆنگرەکە و هیوای سەرکەوتن خواستن بۆی، ڕایگەیاند: "هەموومان پێکەوە ڕحا لەو جەبەرووتی بەسەریدا سەپێنراوە ڕزگار بکەین. چونکە ڕحا ئایندەمانە، ئێمەش ئەمڕۆ بۆ خاوەنداری-کردن لەو ئایندەیەمان لێرەین. خاکی ڕحا بەپیت و بەرەکەتە و ئێمە ئاشتی و پێکەوە ژیانی بۆ دەگێڕینەوە و وەک هەدەپە لەدژی نادادی و شەڕ و ناکۆکینانەوە دەوەستینەوە".

 سەزای تەمەللی سەرنجی ڕاکێشایە سەر گۆشەگیری سەر ئۆجالان و ڕایگەیاند: " ئێستا کاتی ئەوەیە کۆتایی بە گۆشەگیری سەر ڕێزدار ئۆجالان بهێنرێت. ئەگەر ئەوە نەکرێت نە ئاشتی و نە دادپەروەری لەم  وڵاتە (تورکیا)پێک نایێن. ئێمە وەک هەدەپە تا  کۆتایی-هێنان بە گۆشەگیر ئیمرالی و ئازادی بەڕێز ئۆجالان لە تێکۆشان بەردەوام دەبین. چونکە ئەو گۆشەگیریە لە دژی ئیرادەی گەلان و ئاشتی و چارەسەری بەسەر بەڕێزیاندا سەپێنراوە".

تەمەللی ئاماژەی بە هەڵبژادنی هەرێمی و شارەوانیەکانی ساڵی ۲۰۱۹ کرد و وتی: "لە بەردەماندا هەڵبژادنی هەرێمی و شارەوانیەکان هەیە، پێویستە لە ئێستەوە هەمووان لە دەوری یەک کۆببینەوە و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین و خاوەنداری لە دواڕۆژمان بکەین و دژی فاشیزم بووەستینەوە و ئەم ئەردنگاری (جوگرافیا)یەی لێ-پاک بکەینەوە".

پاش ئاخاوتنەکان، ڕاپۆرتەکانی کار و خەبات خوێندرانەوە و گفتۆگۆیان لەسەر کرا و ڕەخنە و پێشنیارەکان خرانە ڕوو. دواتر کۆنگرە بەبەشداری ٥٥٥ نوێنەری هەدەپەی پارێزگای ڕها بە هەڵبژاردن هاوسەرۆکان و بەڕێوەبەران و دەستەکانی ڕێکخستن دیاری کرد و هەر یەکە لە عالیە کزڵدەمار و ئیبراهیم خەلیل ئاکباش بە هاوسەرۆکانی هەدەپەی ڕحا هەڵبژێردران.
 

هـ.هـ