تەمەلی لە ستراسبۆرگ لەگەڵ خەڵک کۆبووەوە

سەزای تەمەلی هاوسەرۆکی هەدەپە بۆ زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لە شاری ستراسبۆرگ-ی فەرەنسایە و لەگەڵ کوردستانییان کۆبووەوە.

هاوسەرۆکی هەدەپە سزای تەمەلی بۆ دیدار لەگەڵ دامەزراوە ئەوروپاییەکان لە ستراسبۆرگە. لە ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بۆ رێکخرا.

تەمەلی سەرنجی ڕاکێشایە سەر چاوپێکەوتنەکانی هەدەپە لە باشووری کوردستان و باسی ئەوەی کرد، ئەو حزبانەی ئەوان دیداریان لەگەڵ کردن، باسیان لەوە کردووە بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ دەبێت قۆناغی چارەسەری دیموکراتیک دەستپێبکات.

تەمەلی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ کۆتاییهێنانی شەڕ دەبێت لایەنە کوردییەکان دەستبەجێ کۆ ببنەوە و کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن و وتی، ئەوان ئەوەیان لەگەڵ حزبەکانی باشووری کوردستان تاوتوێ کردووە، بەڵام بۆ پێکهاتنی یەکێتیی نەتەوەیی هەلومەرجی نەبینیوە.

هاوسەرۆکی هەدەپە ڕاشیگەیاند، هۆکاری بنەڕەتی ئەو شەڕەی کە هەیە، پرسی کورد و کێشەی کورد لە تورکیا و کێشەی دیموکراسییە.

تەمەلی و ئەو شاندەی لەگەڵیەتی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ فراکسیۆنە سیاسییەکان و دەستەی دۆستایەتی لەگەڵ کورد دیدار دەکەن.

ژ.ت