تەمەلی: هەتا دیموکراسی جێبەجێ نەبێت هەژاری بنەبڕنابێت

هاوسەرۆکی هەدەپە سەزای تەمەلی لەگەڵ ڕێکخراوە پیشەگەرییەکانی ئامەد کۆبوەوە. تەمەلی ڕایگەیاند، کێشەکانی دیموکراسی وایان کردووە گەل هەژار ببێت.

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە - HDP) سەزای تەمەلی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوە پیشەگەرییەکانی ئامەد کۆبووەوە. پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد ئیمام تاشچەر، هاوسەرۆکی شارەوانی گەورە شارەوانی ئامەد سەلچوک مزراکل، هاوسەرۆکانی هەدەپەی ئامەد، هۆلیا ئالۆکمەن ویناک و زەییات جەیلان، سەرۆکی (ژووری پیشەسازی و بازرگانی ئامەد - DTSO) محەمەد قایا، سەرۆکی ئەنجومەنی DTSO جەلالەدین بیرتانە، نوێنەرانی (بۆرسەی بازرگانی ئامەد - DTB) و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

سەرۆکی ژووری پیشەسازی، محەمەد قایا ڕایگەیاند، زۆر گرنگە کە لەنێوان کۆمەڵگەی سڤیلی ناوچەکە و سیاسەتدا عەقلیەتێکی هاوبەش دروست بکرێت. قایا ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆلی هەدەپە بۆ دیموکراتیکردنی تورکیا زۆر گرنگە.

تەمەلییش بە بیرخستنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٣١ی ئادار/١٠ی نەورۆز سەرنجی ڕاکێشایە سەر گرنگیی عەقڵییەتی هاوبەش و ئاماژەی بەوە کرد، لە تورکیا بەبێ دیموکراسی کێشەیەک چارەسەر نابێت.

تەمەلی وتی: "ئێمەش بانگەوازی ئەو ڕێککەوتنە دیموکراسییەمان کرد. وەڵامی ئەرێنی بانگەوازییەکەمان درایەوە. سووربوون لەسەر کێشەی کورد، هیچ پێشکەوتنێک دروست ناکات.. کێشەی کورد ئیتر ئەوە نییە کە دەسەڵات بتوانێت چارەسەری بکات. کێشەی کورد بە بەشەکانی کۆمەڵگە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت".

تەمەلی ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەوان دەستیان بە خەباتێکی نوێی دەستووری کردووە و وتی: "دەستوور هاوپەیمانی کۆمەڵایتییە. ئێمە دەستووری نوێ بە هەموو کەسێک دەڵێینەوە. دەبێت هەمووان بیروڕای خۆیان بڵێن".

تەمەلی ڕاشیگەیاند کە چاکسازی دادگا یەکێکە لە ناونیشانەکانی دەستوور و زۆر گرنگە و وتی: "لە تورکیا ئیتر زۆر کێشە کۆن بوون و چارەسەریان سەختە، لە گرتووخانەکان نزیکەی ٥ هەزار هەدەپە هەن. هەروەها ڕۆژنامەوان و ئاکادمیسیەن هەن. خەڵک لە شوێن و ماڵەکانیان هەڵکەندراون. ئێستا نزیکەی ٥٠٠ کەس، بە مەرجی چاودێرییکردن لە دەرەوە دەژین. لەو بابەتەوە ئەرکی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئێمە لە پەرلەمان باسی ئەوەمان کردووە. بەڵام پەرلەمان لەژێر کۆنترۆڵ دایە. سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکان، تورکیا هەژار دەکات. پرسی دیموکراسی، هاوکات پرسی ئابوورییە".

ک-ش