تەمەلی: هەدەپە دەیەوێت ١٨٠ پەرلەمانتار رەوانەى پەرلەمان بکات

سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە لەگەڵ گەلی رحا کۆبوویەوە و رایگەیاند "هەدەپە کار بۆ ئەوە دەکات ١٨٠ پەرلەمانتار رەوانەى پەرلەمان بکات، چونکە ئامانجمان ئەوەیە، کە شکست بە دیکتاتۆری بهێین".

سەزاى تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە چوارچێوەى کارەکانیدا بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران لە رحا لەلایەن گەلەوە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیى لێکرا.

تەمەلی سەرەتا سەردانى ناوەندى ئۆزان کرڤاری کرد و دواتر چوو بۆ ناوچەى سێوەرەگ و لە بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردندا پێشوازیى لێکرا و دواى ئەوە دەستیان کرد بە سەردانى هاووڵاتیان و لەلایەن هەزاران هاووڵاتیی ئەو شارەوە پێشوازیی لێکرا و تەمەلی لە قسەکانیدا بۆ ئەو هەزاران هاووڵاتییە  وتی "دواى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران ئاکەپە تەریک دەکەوێت".

لە دواى ئەوەش سەردانى ناوچەى وێرانشارى کرد و لە شەقامەکانى وێرانشاردا لەلایەن هەزاران کەسەوە پێشوازیى لێکراو و لە کۆبوونەوەیەکى جەماوەریدا قسەى بۆ هاووڵاتیان کرد و لە دواى ئەوەش چوو بۆ شاری سەرێکانی. پۆلیس هەوڵێدا لە سەرێکانی رێگری دروست بکات و رێگە لە سەردانکردن و کۆبوونەوەى گەل بگرێت، بەڵام هەزاران هاووڵاتى لە بەردەم بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە کۆبوونەوە و تەمەلی قسەى بۆ ئەو هاووڵاتییانەکرد. دواى قسەکانى تەمەلی پۆلیس هێرشى کردە سەر کۆبوونەوەى جەماوەر و چەندین کەسیان دەستگیرکرد.

 سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە دواى ئەوە چووە شارى رحاى ناوەندى پارێزگاى رحا و لە ناوەندى دەستەى گشتیى هەڵبژاردنى هەدەپە لە کارائۆپروی بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیى لێکرا. عومەر ئۆجالان پاڵێوراى هەدەپە بۆ رحا سەرەتا چەند وتەیەکى پێشکەش کرد و رایگەیاند، دەسەڵات لە رحا لەق دەکرێت.

دوابەدواى ئەوە، سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى هەدەپە رایگەیاند، هەموو رۆژانى هەفتە و هەموو کاتژمێرەکانى شەو و رۆژ کار دەکەن و وتى "لە ٢٤ى حوزەیراندا ئێمە لە سندوقەکاندا وەڵامیان دەدەینەوە".

تەمەلی ئاماژەى بەوەشکرد، دەسەڵات دەستیکردووە بە لابردنى سندوقى هەندێک ناوچە و سندوقەکانیان بۆ ناوچەى تر گواستووەتەوە، بەڵام ئەوان سندوقەکان بۆ هەر شوێنێک ببەن، ئەوا هەدەپەییەکان دەچنە ئەوێ و دەنگى خۆیان بەکار دەهێنن.

تەمەلی راشیگەیاند، ئەو بەربەستەى بۆیان دانراوە، بەربەستى فاشیەتە و بە دڵنیاییەوە ئەو بەربەستە هەڵدەوەشێننەوە. وتیشى "هەدەپە کار بۆ ئەوە دەکات ١٨٠ پەرلەمانتار رەوانەى پەرلەمان بکات. چونکە ئامانجمان ئەوەیە کە شکست بە دیکتاتۆرى بهێنین و رێگرى لە سەرکەوتنى دیکتاتۆریەت بکەین".

سەزاى تەمەلی سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە شاری رحاوە بەرەو پارێزگاى سەمسور کەوتەڕێ و لەوێ بەردەوام دەبێت لە کارەکانى بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران.

ر.م