تەڤ چاند و کەوانی زێڕین یادی هێلین بۆلەکیان بەرز راگرت

بزووتنەوەى رۆشنبیریی تەڤ چاند و کەوانی زێڕین لە ئەوروپا یادی هێلین بۆلەک ئەندامی گروپی یۆرومیان بەرز راگرت، کە دوای ٢٨٨ رۆژ لە مانگرتن گیانی لە دەستدا.

تەڤ چاند و کەوانی زێڕین لە ئەوروپا راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "ئێمە بەهۆی شەهادەتی هێلین بۆلەک ئەندامی گروپی یۆروم، سەرەخۆشی لە هەڤاڵەکانى گروپەکەى، هونەرمەندانى شۆڕشگێڕ – دیموکراتیک، بنەماڵەکەى و گەلانی تورکیا دەکەین. ئەو هێڵە تێکۆشانە، کە هێلین بۆلەک بڕوانی پێی هەبوو، بێگومان هێز دەدات تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی گەلان و لە گۆڕەپانی راستیدا هەر بەردەوامیی دەبێت".

لە راگەیاندراوەکەى تەڤ چاند و کەوانی زێڕین دا ئەوەش هاتووە:

"دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە کارە دژ بە مرۆڤایەتییەکانیاندا دژ بە کوردان و هەموو لایەنەکاندا هیچ سنوورێک ناناسن. هونەرمەندان، رۆشنبیران، هەموو کەسە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئامانجی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەدان. دەسەڵاتی فاشیست بەهۆی ترسی لە ناوچوون لە هونەر و هونەرمەندان و لە راستیی رۆژنامەوانی دەترسێت و بۆ مانەوەى خۆی هێرش و ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافەکانى مرۆڤ ئەنجام دەدات.

ئەوانەى هونەر دەئافرێنن هەموو کات لەوانە بەهێزتربوون، کە یاسایان دروستکردووە. لە دژی ئەو هێزە فاشیستە، کە لە هێزی هونەر دەترسێت و دەیەوێت هونەرمەندان بێدەنگ بکات و هونەرمەندان بەپێی داوا و خواستی ئەو بجوڵێنەوە، ئێمە بە تەمبور، وتە، چەپڵە، وێنە و نواندنەکانمان بەرەنگاری دەبینەوە. کاتێک هێزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕان و هونەرمەندان لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و بدەن بەسەر دەسەڵاتی فاشیستدا، ئەو کاتە هەنگاوێکی پێویست بۆ بەرەنگاریی فاشیزم هەڵگیراوە.

هێلین بۆلەک بۆ ئەوەى ئازادانە گۆرانیی بچڕیایە دەستی بە چالاکیی رۆژووی مردن (مانگرتن) کرد و لە رۆژی ٢٨٨هەمی بەرخودانی رۆژی مردندا گیانی لە دەستدا.

جارێکیتر بە ناوی هونەرمەندانی تەڤ چاند و کەوانی زێڕین لە ئەوروپا یادی هێلین بۆلەک بەرز رادەگرین، کە سەری لە بەرامبەر فاشیزمدا دانەنەواند. بۆ ئەوەى داواى ئیبراهیم گۆکچەک ئەندامی گروپی یۆروم، کە ئەویش لە رۆژووی مردندایە جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بە رۆژووی مردنەکەى بهێنێت، داوا لە هەمووان دەکەین دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە".

ژ.ت