تەڤگەری ئازادى: تەنها بە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی هاووڵاتییان ئایندەی عێراق لە مەترسییەکان دەپارێزرێت

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگه‌ی کوردستان لەبارەى خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەنها بە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی هاوڵاتیان ئایندەی عێراق لە مەترسییەکان دەپارێزرێت.

دەستەى بەڕێوەبەریى تەڤگەری ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان لە ٥ خاڵدا رێگاى چارەسەریى کێشەکانى عێراقى خستووەتەوە روو و داوایکردووە لە بریى توندوتیژی و مافى هاووڵاتیان دابین بکرێت.

دەقى راگەیاندراوەکەى تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگه‌ی کوردستان

نزیکەی دوو هەفتەیە نارەزایەتی هاوڵاتیان لە ناوەڕاست و باشوری عێراق بەشێوەی بەرفراوان سەریهەڵداوە، ئەوەش لە ئەنجامی کەڵەکە بوونی کێشە و قەیرانەکان و خراپی دۆخی ئەمنی و ئابوری و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرتایيەکان، کە ئەم سەرهەڵدانانە بەتایبەت لە ئێستادا عێراق بەرەو گێژاو و مەترسی گەورە دەبات.

هەرچەندە هاوڵاتیانی عێراق لە رابردوودا بەو هیوایە بوون کە بە رووخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ ژیان و گوزەرانیان باش بێت و مافەکانیان دەستەبەر ببێت و ئەو داهاتە زۆرەی لە عێراق دا هەیە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان خەرج بکرێت و ژیانیان لەرووی ئەمنیەوە بپارێزرێت، کەچی لە ماوەی ئەم ١٥ ساڵەدا گەلانی عێراق هەموو جۆرە قوربانیەکیان دا لە پێناو تێپەراندنی قۆناغە سەختەکانی رابردوو بۆ ئەوەی بتوانرێ بە هەموو لایەک ئەمڕۆ و داهاتویەکی پرشنگدار بۆ عێراق دەستەبەر بکەن ، لەو پێناوەدا بەردەوام پشتیوانیان لە حکومەت و حزبەکان دەکرد و گوێیان لە بەهانەکانیان دەگرد کە بەردەوام هەوڵیان دەدا بە بیانوی قۆناغی راگوزاری و مەترسی سەر عێراق هاوڵاتیان بێدەنگ بن و چاو لەو دۆخە نالەبارەی تێیدان بپۆشن، کەچى گەلانی عێراق  بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەوەی لە هێزە دەسەڵاتدارەکان بینیان لەو ماوەیەدا ئەوەبوو کە بەردەوام سەرقاڵی ململانێ و بەرژەوەندیە تەسکیە حزبیەکانیان بوون، گەندەڵی و شەڕی پۆست و پلە بوو بە ئەولەويةت لایان، ئەوەندی گوێیان لە دەوڵەتانی ئیقلیمی دەگرت گوێیان لە هاوڵاتیان نەگرت ، ئەوەی کە لە بیرکرا دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی گەل بوو بە هەموو سێکتەرەکانی ئەمنی و ئابوری و تەندروستی و پەروەدە و ژینگە  و کۆمەڵایەتی.

لە ئێستادا سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیەکانی هاوڵاتیان کە هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی گردۆتەوە لە کاتیكدایە کە ماوەی دوومانگ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق دا تێدەپەرێت کە نزیکەی ٦٠%  هاوڵاتیان بەشداریان تێدا نەکرد، ئەمەش زیاتر ئەو راستیە نیشاندەدات کە هاوڵاتیان ئومێدیان بە چاکسازی لە رێگای ئەم حکومەت و پەرلەمان و حزبانەوە نەماوە کە ژیانیان بگۆرێت، هەربۆیە دەیانەوەێ بە ئیرادە و هەوڵەکانی خۆیان لەرێگای ناڕەزایەتی دەربڕین بارودۆخی ژیانیان بەرەو باشکردن بگۆڕن.

ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی پشتیوانی خۆمان بۆ داخوازی هاوڵاتیانی ناڕازی لە پێناو بەدەستهێنانی داخوازیەکان بۆدابینکردنی ژیانێکی شایستە بەڕێگای تێکۆشانی دیموکراتیانە دەردەبڕین و خۆپیشاندان و داخوازیەکانيان وەک مافێکی سەرەتایی دەبینین، لە پێناو سەرخستنی داخوازی خۆپیشاندەران و رێ گرتن لە بەلارێدابردنی خۆپیشاندانەکان، داوا لە خۆپیشاندەرانیش دەکەین کە بەردەوام بن لە خۆپیشاندانی مەدەنیانە و خۆیان بە رێکخستن بکەن و رێ لە هەردەستێوەردانێکی دەرەکی بگرن.

داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لە جێگای ئەوەی بە توندوتێژی وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە و ناڕەزایەتیەکان قوربانی زیاتری لێ بکەوێتەوە، هەوڵ بدات ئەم ناڕەزایەتیانە بکاتە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچونەوە لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکانی گەلانی عێراق بۆ رێگری کردن لە دەستێوەردانی زیاتری دەوڵەتانی نەیاری عێراق و خراپتر بوونی دۆخەکە و عێراق بە ئاقاری مەترسیدار تر نەچێت.

 لەسۆنگەی هەستکردنمان بە قۆناغەکەو و بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر داوخوازیەکانی هاوڵاتیان و پاراستنی سەروەری خاکی عێراق، پێمانوایە دەبێ هەرچی زوە ئەم هەنگاوانە  بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بنرێت:

١_  کۆنگرەیەکی نیشتیمانی بەرفراوان ببەسترێت بە بەشداری تەواوی لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکان و چین و توێژەکان بۆ تاوتوێکردنی قۆناغەکە و دەستخستنە سەر هەڵە و کەم  کورتیەکان و دانانی نەخشەرێگای چارەسەری لە بوارەکانی ئەمنی و ئابوری و سیاسی بۆ ئەم قۆناغەی عێراق.

٢- دادگا  بە ڕۆڵی خۆی هەستێت و دور لە دەستێوەردانی حزبی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی دەستیان هەیە لە دزینی سەروەت و سامانی خەڵک سزا بدرێن و دەستبەسەر سەروەت و سامانیاندا بگیرێت.

٣- هێزە ئەمنیەکان دورکەونەوە لە عەقڵەتی تایفەگەری و حزبی، هەوڵبدەن لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە گشتیەکانی گەل و نیشتمان ئەرکی پاراستنیان جێبەجێ بکەن.

٤- نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق (یۆنامی) رۆڵی زیاتر بگێڕێ و خاوەن هەڵوێستی جدی بێت بۆ رێگری کردن لەوەی دۆخی عێراق لەمە زیاتر بکەوێتە مەترسیەوە.

٥- ئەرکی سەرشانی گەلانی عێراقە بۆ تێپەراندنی ئەقڵیەتی نەتەوە پەرستی و مەزهەب پەرستی، لە پێناو پێشخسنتی پێکەوە ژیانی دیموکراتیانە و ئیرادەی کۆمەڵگا خۆیان بەرێکخستن بکەن. لە چوارچێوەی پرۆژەی سترستیژای دیموکراتی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ دیاریکرندی ئایندەیەکی گەش لە عێراقدا.

ر.م