جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوە نەچوو

بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بۆ جارێکی دیکە کۆبوونەوە شکستی هێنا.

بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیان بەرامبەر کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک کۆببێتەوە، بەڵام نەتوانرا کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت.

بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەکە بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن بوو ، ۱۷ ئەندام بەشداربوون، بە پێی یاسایی ئەنجومەنیش دەبێت ۲۱ ئەندام بەشدار بێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجوومەن لە لیستی برایەتی کەرکوک وتی:"بڕیار بوو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەربارەی وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیان کۆببێتەوە، لە بەرامبەر کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، کە لە ساڵی ۲۰۱٤ ئەو بڕیارە درابوو هەر ماڵێک پێویستە بڕی هەزار دینار بدا بۆ هەر مانگێک بەرامبەر بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک کە لەگەڵ پارەی مۆلیدەی ئەهلی لە هاوڵاتیان وەردەگیرا."

هەروەها ووتیشی: " بەهۆی نەبوونی چاودێری ئەنجوومەن لەسەر دامودەزگاکانی پاریزگاکە کە یەکێک لەو دامودەزگایانە شارەوانیە کە ئیستا نیگەرانی هاووڵاتیانی لێکەوتووتەوە."

هەروەها ئەحمەد عەسکەری وتیشی:"پێشتر ۲٥ ئەندامی ئەنجوومەن واژوویان کۆکردبووە بۆ ئەو بابەتە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ۱۷ ئەندام بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکەدا.

لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە و چۆڵکردنی شاری کەرکووک لەلایەن پێشمەرگەوە ، دۆخی شارەکە هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و ڕۆژانە دەبینین کە تاقم و گەروپەکانی سەربە دەوڵەتی تورک لە ناوشاری کەرکووکدا خەریکی گێرەشێوێنی و دووبەرەکی نانەوەن و هێزە کوردییەکانی کەرکووکیش تا ئیستا نەیانتوانیوە کۆدەنگییەک بەدەست بهێنن.

ک-ش