حیزبی (PCF) بۆ فەرەنسا و یەکێتیى ئەوروپا: پێش گیان لەدەستدانى مانگرتووەکان دەستبەکار ببن

حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا (PCF) لەبارەى چالاکییەکانى مانگرتنەوە داوای لە حکومەتى فەرەنسا و یەکێتیى ئەوروپا کرد، کە بە خێرایی دەستبەکار ببن بۆ ئەوەى هیچ یەک لە مانگرتووەکان گیان لەدەست نەدەن و کۆتایى بە گۆشەگیری بهێنرێت.

حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا (PCF) رایگەیاند، لە ستراسبۆرگ ١٤ مانگرتوو نزیکەى ٥٠ رۆژە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە مانگرتندان.

راشیگەیاند، گۆشەگیری پێشێلکردنى یاسا نێونەتەوەییەکانە و بۆ ئەوەش چەندین سیناتۆر، پەرلەمانتار، هەڵبژێردراوانى خۆجێى و پەرلەمانتارانى پارتى چەپ پشتیوانى لە مانگرتنەکە دەکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێک لە مانگرتووەکانى ستراسبۆرگ یوکسەل کۆچ-ە و باری تەندروستیى بەرەوخراپبوون رۆیشتووە و بەو هۆیەوە دوێنێ دواى نیوەڕ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، مانگرتنەکە بەشێکە لە بزووتنەوەیەکی بەرخودانی بەرفراوان، کە لەیلا گیوڤەن و ٣٠٠ زیندانى تیایدا بەشدارن.

لە راگەیاندراەکەدا پشتیوانى لە چالاکوانە مانگرتووەکانى تورکیا، کوردستان و ستراسبۆرگ کراوە و باسی ئەوەشکراوە "حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا (PCF) داوا لە حکومەتى فەرەنسا و دەسەڵاتى یەکێتیى ئەوروپا دەکات، بۆ رێزگرتن لە یاسا نێونەتەوەییەکان و بۆ روونەدانى کارەساتێکى مرۆیى، لەگەڵ ئەنقەرە پەیوەندى بگرن بۆ ئەوەى هیچ یەک لە مانگرتووەکان گیان لەدەست نەدەن و کۆتایى بە گۆشەگیرییەکە بهێنرێت".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا هێزەێکى گرنگی ئاشتین و حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا (PCF) بە هەموو شێوەیەک پشتیوانى لە گەلی کورد دەکات.

ر.م