حیزبەکەى تەیب ئەردۆغان حیزبی میت و پۆلیسە!

ئێستا گەورەترین تاوان لەلای کوردان ئەوەیە کە سیخوڕی بۆ میت، پۆلیس و جەندرمە بکەن. کورد دەتوانێت لە هەموو تاوانێک خۆش بێت، بەڵام ناتوانێت لە سیخوڕی خۆش بێت.

دەوڵەتى تورک ئێستاش دەیەوێت لە کوردستان بە عەسکەرەکانى، پۆلیسەکانى، جەردەوانەکانى و دەزگاى هەواڵگری و سیخوڕییەکەى دەسەڵاتە پاکتاوکارە و قڕکەرەکەى درێژە پێبدات. دەوڵەت بەو ئامڕازانەى گوشارکردن لە کوردستاندا لەسەر پێ ماوەتەوە. ئەگەر دەوڵەتێک لە ناوچەیەکدا تەنها لە رێگەى ئەو ئامڕازانەوە درێژە بە بوونى خۆى بدات، ئەوە بەو مانایەیە کە ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکى لاوازە.

دەکرا دەوڵەتى تورکیا لە سەدەی ٢٠ دا بەو ئامڕازانە و بەو دامودەزگا و ئۆرگانانە لەسەر پێ خۆى رابگرتیایە، چونکە هەلومەرجی جیهانى و ناوچەى لەباربوو بۆ ئەوەى بەوشێوەیە لەسەر پێ بمێنێتەوە، بەڵام لە سەدەی ٢١دا تۆ بتەوێت وەک پێشتر دەسەڵاتی خۆت بەسەر گەلی کورد دا، کە ماوەى ٤٥ ساڵە لە تێکۆشانێکى بێ هاوتایدا بسەپێنێت، ئەوە ئەستەمە و ناکرێت.

یان ئەوەتا کورد بە ناسنامە، زمان، رۆشنبیری و خۆبەڕێوەبەریى خۆی لە تورکیایەکى دیموکراتیکدا بە ئازادى دەژی، یان دەوڵەتى تورک کە تواناى چارەسەرکردنى ئەو کێشەیەى نییە لە ژێر بارى قەیرانى قورسی سیاسی و ئابووریدا رووبەڕووی لێکهەڵوەشان دەبێتەوە. بەپێى ئەوەى کە کورد دەست لە تێکۆشانى ئازادیى خۆى هەڵناگرێت ئەوا چارەنووسى تورکیا هەر ئەوە دەبێت.

تورکیا لە ئێستادا بۆ جاری سێیەم لە دواى ١٢ى ئەیلولی ١٩٨٠ و ساڵانى ١٩٩٠ کان، بە هەموو دامودەزگا و ئۆرگانەکانییەوە کار بۆ سەرکوتکردنی تێکۆشانى ئازادیى کورد دەکات و شەڕێکى هەمە لایەنە بەڕێوەدەبات. لەم هەلومەرجەى ئێستادا بە هەمان عەقڵییەتى ساڵانى ١٩٨٠  و ١٩٩٠ بۆ هەمان ئامانجی خۆی هێرشى قورس لە دژى گەلی کورد ئەنجام دەدات.

هەر چۆن شەڕی ساڵانى ١٩٨٠ و ١٩٩٠ تورکیاى خستە ناو رەفتار و بێزارییەکى سیاسی و ئابوورییەوە، بە هەمان شێوە دەوڵەتى تورک لە ئێستادا کەوتووەتە ناو هەمان بێزاری و قەڵسی و فشەڵبوونى سیاسی و ئابوورییەوە. ئێستا دەیەوێت بە چڕترکردنەوەى شەڕ و چڕترکردنەوەى کاری سیخوڕی خۆی لەو قەیران و فشەڵی و لاوازییە رزگار بکات، بەڵام ئەو سیاسەتەى بەڕێوەى دەبات دەوڵەتى تورکیاى خستووەتە ناو دۆخ و گوزەرێکەوە کە ناتوانێت لێی دەرچێت. بەهۆی ئەو سیاسەتە شەڕخوازانەیەوە ئەو کێشانەیان دروستکردووە و هۆکارەکەشی بۆ سیاسەتى شەڕ لە دژی کورد دەگەڕێتەوە کە خۆیان خوڵقاندوویانە. بەڵام کەوتوەتە قەڵسییەکى زۆر و هەوڵ دەدات لە رێگەى شەڕی تایبەتەوە ئەو وتەیەى خۆیان کە دەڵێن 'سەردەکەوین' بهێنێتەدی.

هەموو رۆژێک لە تەلەفزیۆن و رۆژنامەکانیاندا ئەو هەواڵانە کە لە ناوەندێکەوە بۆیان دەنێردرێت بڵاودەکەنەوە و دەڵێن: 'ئێمە زیانمان بەوەندە گەیاند، ئێمە ئەوەندەمان تێکشکاندن، ژمارەیان کەمیکردووە' کار بۆ فریودانى کۆمەڵگەى تورکیا دەکرێت. لەو رێگەیەوە ئەو سیاسەتە شەڕخوازانەیە، کە قەیرانى لێدەکەوێتەوە لە بەرچاوى کۆمەڵگە دوور دەخەنەوە. سەربارى ئەوەى قەیرانى سیاسی و ئابووری دەرەنجامى ئەو شەڕەن، بەڵام بە دروستکردنى دوژمنى دەرەکی هەوڵ دەدات ئەو قەیرانەى کە خۆیان دروستیان کردووە بخەنە ئەستۆى هێزى تر.

لە سەردەمى دەسەڵاتى ئاکەپەدا و لە ناو ئەو دام و دەزگایانەدا، کە زۆرترین بودجەی بۆ زیاد کراوە، دەزگاى هەواڵگریى تورکیا (میت)ە. دەسەڵاتى ئاکەپە کە لە رووی ئایدۆلۆژیاى سیاسییەوە تێکشکاوە، ئێستا پشتى خۆی بە کارى سیخوڕی قایم دەکات. لە ناوەوە و دەرەوەى تورکیا پارەیەکى زۆر بۆ کارى سیخوڕی و هەواڵگری خەرج دەکات و هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە زیان بە تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد بگەیەنێت.

تەنها لە باشووری کوردستان مووچە بە سەدان سیخوڕ دەدات. تەنانەت بۆ هەندێک لەو سیخوڕانە بە پاساوی ئەوەى زانیاریى گرنگییان بۆ دەبەن، دەمى تورەکەکەیان بۆ کردوونەتەوە. لە سوریا مووچە بە سەدان سیخوڕ و هەزاران چەتە دەدات.

لە ناخۆی تورکیاشدا بۆ بەڕێوەبردنى سیاسەتی سیخوڕیى خۆی، میت ساڵ لە دواى ساڵ داواى بودجەى زیاتر لەو بودجەیە دەکات بۆی تەرخانکراوە و پارەى زیاتر لەوەى کە بۆى دانراوە خەرج دەکات. کاتێکیش زیاتر تووشی تۆقین و ترس دەبنەوە، هەوڵ دەدەن زیاتر سیخوڕەکانیان بپارێزن و بەوەش تووشی خەرجییەکى زیاتر دەبن و پارە بەشیان ناکات.

هەر چۆن سوڵتان عەبدولحەمید بەهۆى ترسی زۆری لە ئۆپۆزسیۆن هەوڵیدا لە رێگەى تۆڕێکى بەرفراوانى سیخوڕی و هەواڵگرییەوە خۆی لەو ترسە رزگار بکات، ئێستاش تەیب ئەردۆغان لە هەمان بارودۆخ و ترسدایە و دەیەوێت بە تۆڕە سیخوڕییەکانى خۆى بپارێزێت.

ئەردۆغان وتویەتى، هاکان فیدان (سەرۆکى دەزگاى سیخوڕیى تورکیا - میت) 'پارێزەری سڕ و رازەکانى منە'. وا دیارە ئەوان زۆر سات و سەودایان کردووە کە بەدەرە لە یاساکان و لە چوارچێوەى کارە یاساییەکاندا جێگاى نابیتەوە. پێشتریش محەمەد ئاغار (کەسێکى راستڕەوى توندڕەوە، ئەشکەنجەگەر بە ناوبانگى تورکیایە، بەرپرسی هێزى تایبەت، وەزیر ناوخۆی پێشووى دەوڵەتى تورکیا لە سەردەمى  مەسعود یڵماز و نەجمەدین ئەربەکان دا بووە) وتبوی 'ئێمە هەزار ئۆپراسیۆنمان ئەنجامداوە' و ئێستاش تەنها خودا دەزانێت لەم سەردەمەدا چەند هەزار ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە!

لە ئێستادا تورکیا لەسەر دەستى تەیب ئەردۆغانی شێفی دەسەڵاتەکەى ئاکەپە، بووە بە دەوڵەتیکى پۆلیسی و سیخوڕی. سەربارى ئەوەى بە دەستگیرکردنى ٢ بەرپرسی باڵاى میت زیانێکى زۆر بە تۆڕە سیخوڕییەکانى میت گەیشتووە، بەڵام هەر دەستبەرداری ئەو شێوازەى کارکردنیان نابن.

هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بە دروستکردنى دەوڵەتى پۆلیسی و سیخوڕی لەسەر پێ بمێنێتەوە. ئەوەى دەوڵەتەکان، دەسەڵاتەکان و هێزە سیاسییەکان لەسەر پێ دەهێڵێتەوە رەوابوونیانە لە ناو کۆمەڵگەدا. دەسەڵاتێک لە ناو کۆمەڵگەدا رەوایى هەبێت خۆی ناکات بە دەوڵەتى پۆلیسی و سیخوڕی، بەڵام لەبەر ئەوەى لە کوردستاندا رەوایى نەماوە ئەو رێبازەى کە بەکاری دەهێنێت، فراوانکردنى تۆڕی سیخوڕی و ئامڕازەکانى گوشار دورستکردن و ملهوڕیکردنە. دەسەڵاتى ئاکەپە لەو دۆخەدایە. لەبەر ئەوەش هەموو دوژمنانى دیموکراسی و دوژمنانی گەلی کوردی لە دەوری خۆى کۆکردووەتەوە و هەوڵ دەدات لەو ریگەیەوە تەمەنى خۆى درێژ بکاتەوە.

ئێستا لەلای کوردان گەورەترین تاوان ئەوەیە، کە کاری سیخوڕی بۆ میت و پۆلیس و جەندرمە بکرێت. کورد دەتوانێت بەرامبەر بە هەموو تاوانێک لێبوردە بێت، بەڵام لە سیخوڕی خۆش نابێت. سیخوڕی کارێکە کە جۆری کارکردن و هاوکاریکردنەکەى ئاشکرایە، خۆی بە دۆست نیشان دەدات، زانیارى لەسەر نزیکترین هاوڕێکانى و دەورووبەری خۆى دەدات و لەو رێگەیەوە دژایەتیان دەکات و کەسە سیخوڕەکە لەسەر ئەو کارە چەپەڵەى دەژی. ئەوە شێوەیەکە لە شێوەکانى خوێنمژین. خۆی لە خۆیدا هەر کوردێکیان کردبێت بە سیخوڕ ئەوە سەرەتا خۆى لەسەر دەستى خۆى لەناو دەبات و دوای داماڵینى خۆی لە هەموو ئەخلاق و بەهایەک، هەوڵ دەدات کەسانى تریش لەناو ببات.

هەڕەشە لە کەسە دەستگیرکراوەکان دەکەن و بە هەڕەشەکردنی بڕینەوەى سزاى قورس بەسەریاندا، گوشاریان دەخەنە سەر بۆ ئەوەى بەکاریان بهێنن. میت و پۆلیس کاتێک کەسێک کارێکى نایاسایى دەکات دەستگیری دەکەن و دواتر پێشنیازی کاری سیخوڕیی پێدەکەن. ئەو کەسانەى کە قەیرانى ئابوورییان هەیە، یان لە کۆمەڵگە تەریک کراون بۆ کارى سیخوڕی بەکار دەهێنرێن.

لە باشووری کوردستاندا دەست بۆ ئەو کەسانە دەبەن کە لە بەرامبەر پارەدا لاوازن، یان لە دامو دەزگا هەواڵگرییەکاندا کار دەکەن. لە ناو پەنابەرانى سوریادا کە بەرەو تورکیا رۆیشتوون، زۆر کەسیان کردووە بە سیخوڕ. بەپێى ئەوەى دەوڵەتێک، کە نەتوانێت کێشە سیاسی و ئابوورییەکانى چارەسەر بکات، بە گرتنەبەری رێگاى پۆلیسی و سیخوڕی کێشەکانی نەک چارەسەر نابن، بەڵکو کێشەکان قورستر دەبن. ئێستا ئەوەى کە رووبەڕووی دەسەڵاتى ئاکەپە دەبێتەوە دەرەنجامى عەقڵییەتى چارەسەرنەکردنى کێشەکان و پەنابردنە بۆ کاری سیخوڕی.

ئاکەپە کە لە رووی سیاسییەوە بە ئیدعای چارەسەرکردنى کێشەکانى تورکیا دەسەڵاتى گرتە دەست، ئێستا نەک دەستى لەو سیاسەتە هەڵگرتووە، بەڵکو بووە بە نمونەى دەسەڵاتێکى دەسپۆتیک و ملهوڕ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.

سەرچاوە: یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا

ر.م