حەیدەر عەبادی: هەڵبژاردن دووبارە ناکرێتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رایگەیاند، داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراقیان ڕەتکردووەتەوە.

لەبارەى ئەنجامدانى ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا چەندین لێدوان و بابەت بڵاوکراوەتەوە و ئێستاش بابەتى ئاگرتێبەردانى گوماناویى عەمبارى هەڵگرتنى سندوقەکانى دەنگدان و پسووڵەى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق  بەگەرمی لە رۆژەڤدایە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر ئەو پرسە لێدوانی بۆ ڕاگەیاندنەکان دا و وتی "هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام درا. چیتر ناگەڕێینەوە جارێکی تر هەڵبژاردن ئەنجام بدەینەوە".

وتیشی "ئەرکی حکومەت، یان پەرلەمان نییە، کە هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵکو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەى هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگاوە دەدرێت".

عەبادی لە بەشێکی تری قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی دەبێت ئێستادا بۆ عێراق بکرێت، ئەوەیە کە حکومەتێکی نوێ پێك بێت و داواشی کرد کە لەم پرسەدا هەنگاو بنرێت.

پاش ئەوەی ئاگر لە کۆگای دەنگەکانی عێراق لە بەغدا کەوتەوە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەلیم جبوری و جێگری سەرۆک کۆمار ئەیاد عەلاوی داوایان کرد کە هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە و دووبارە پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە.

پاش سووتانی کۆگای دەنگەکان لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە دواى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ڕایگەیاندبوو، ئەو کارە بە ئەنقەست ئەنجام دراوە و وتبووی "کۆگای دەنگەکان بە مەبەست سووتێندراوە".

ر.م