خزمەکانی یلدز بە چەکەوە پێشوازییان لە سەرۆک وەزیرانی تورکیا کرد

بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە پرسوس، خزمەکانی ئیبراهیم خەلیل یلدز پاڵێوراوی ئاکەپە بۆ پەرلەمان، بە چەکەوە پێشوازییان لە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بینالی یلدرم کرد.

پاش هێرشی ئاکەپەییەکان بۆ سەر هەدەپەییەکان لە پرسوس، بینالی یلدرم سەردانی پرسوسی کرد و دەیویست بزانێت کە هێرشی پرسووس چۆن ڕوویداوە و بۆ چی ئامانجێک ئەنجام دراوە.

ژماریەک پیاوی چەکدارەکان کە نە پۆلیسن و نە پاسەوانن پێشوازییان لە بینالى یلدرم سەرۆک وەزیرانى تورکیا کرد، دەوترێت ئەو چەکدارانە خزمەکانی پاڵیوراوی ئاکەپە لە رحا ئیبراهیم خەلیل یلدز-ن.

لە کاتێکدا تەنها ١٠ ڕۆژی مابوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و کوردستان، لە ناوچەی پرسووس-ی سەر بە رحا، کۆمەڵێک چەکداری سەر بە ئاکەپە، بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم خەلیل یلدز پاڵیوراوی ئاکەپە بۆ پەرلەمان هێرشیان کردبووە سەر دوکانداران و  حاجی ئەسوەد شەن یاشار و ٢ کوڕی و بە گشتى ٥ کەس کوژران.

پاش هێرشەکە، ئەمڕۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بینالی یلدرم سەردانی پرسوس-ی کرد. لەو ڤیدیۆیانەی کە لە سەردانەکەی بینالی یلدرم بۆ پرسوس بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە ئاکەپە چۆن لە پرسوس تیرۆر ئەنجام دەدات.

بە چەکەوە بەناو کۆڵانەکاندا دەسوڕێنەوە

 محەمەد ئۆرهان یلدز برازای ئیبراهیم خەلیل یلدز پاڵێوراوی ئاکەپە لە رحا بۆ پەرلەمان، لەسەر هەژماری خۆی لە واتسئاپ بە ناونیشانی 'ئێمە لە مەیدانین' چەند دیمەنێکی بڵاوکردەوە و لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت بینالی یلدرم لەلایەن ئەو کەسانەوە بە چەکەوە پێشوازیی لێکراوە. هەروەها لە دیمەنەکاندا ئەوەش دەردەکەوێت، کە خزمانی پاڵێوراوی ئاکەپە یلدز لەناو کۆڵانەکاندا بە چەکی کڵاشینکۆفەوە دەسوڕێنەوە.

ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێش هەموان و هەروەها بە دواى ئەردۆغاندا میدیای شەڕی تایبەت، ئەو هێرشەیان وەک هێرش بۆ سەر ئاکەپەییەکان بڵاوکردەوە. بەڵام لەو دیمەنانەدا باش دەردەکەوێت کە کێ هێرشی کردووەتە سەر کێ.

محەمەد ئۆرهان یلدز کە ئەو چەند دیمەنەی بڵاوکردووەتەوە، هاوکات لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە سەر فەیسبووک، چەندین وێنەی خۆی لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئاکەپەدا بڵاوکردووەتەوە.

ر.م